کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ کاسبکاری سەقزی بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کران

14:49 - 18 رەزبەر 2721

ڕۆژی شەممە ١٧ی ڕەزبەر، سێ کاسبکاری سەقزی بە ناوەکانی "فاتێح و فەرهاد سۆهرابی" و "ئەحمەد شێخ ڕەحیمی"، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە بانگ کران و لێپرسینەوەیان لێ‌کراوە. سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمەڕ بانگ‌کردنی ئەو سێ کاسبکارە سەقزییە بە سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی ڕاگەیاندووە کە: بەهۆی گوشاری شارەداری و فەرمانداری ئەو شارە بۆسەر کاسبکارانی تەڕەبار و میوەفرۆشییەکانی سەقز، بە مەبەستی چۆڵکردنی شوێنی کارەکەیان و ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەو سێ کاسبکارە، ئیدارەی ئیتلاعات ئەو هاووڵاتییانەی بانگ کردووە. لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا شارەداری و فەرمانداری بە کردنەوەی ڕیزە دووکانێک، داوایان لە هاووڵاتییان کردووە کە ئەو دووکانانە بکڕن، کاسبکارانی تەڕەباری سەقزیش شوێنی ئەو ڕیزە دووکانەیان بەدوور لە خەڵک زانیوە و ڕایانگەیاندووە کە خەڵک چیتر لە تەڕەبار و میوەفرۆشییەکان شتومەکی پێویستیان ناکڕن. بانگ‌کردنی ئەو سێ کاسبکارە لەسەر سکاڵای فەرمانداریی سەقز بووە کە لەلایەن فەرهاد سۆهرابییەوە لە کاناڵی تێلێگرامیی "پرسمان" باسی گەندەڵکارییەکانی فەرمانداریی کردبوو، ئیتلاعاتی شاری سەقز پاش بانگ‌کردنی ئەو سێ کاسبکارە، پێیانی ڕاگەیاندووە کە لە ئەگەری دووبارە ناڕەزایەتی دەربڕین، بەپێی یاسا لەگەڵیان هەڵسوکەوت دەکرێت.