کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵدەریی فارس، ڕێبەرانی هەرێمی کوردستانی لە کوژرانی بەڕێوەبەرانی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیم بە تاوانبار زانی

13:54 - 19 رەزبەر 2721

هەواڵدەریی فارس سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم لە ڕاپۆرتێکدا بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی بەوە تاوانبار کرد کە لە بشێوی شارە سنوورییەکان دەستیان بووە و هاوکات لە کوژرانی بەرپرسانی بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی تاوانبارن. ئەم هەواڵدەرییە لە درێژەی چەواشەکارییەکەیدا، هەرێمی کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکات کە بووە بە پاش ماڵی دامودەزگا ئەمنییەتییە ڕۆژاواییەکان و بانگەشەی ئەوە دەکا کە کوژرانی زانایانی ناوکیی ڕێژیم دەستکەوتی پەیماننامەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و هەروەها وڵاتانی ڕۆژاواییە . پاش لەناوچوونی "موحسێن فەخری‌زادە" یەکێک لە بەڕێوەبەرانی بەرنامەی ناوکیی و مووشەکیی ڕێژیم، بەشێک لە هاونیشتمانیانی پارێزگاکانی ورمێ و سنە بەبێ‌ ئەوەی کە هۆکاری گیرانیان دیاری بکرێ، دەسبەسەرکران. هەواڵدەریی فارس هەروەها داوای لە ڕێژیم کردووە کە لە بۆردوومانی بنکە و بارەگاکانی حیزب و لایەنە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم بەردەوام بێت و هەروەها داوای لە وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم کردووە کە گوشار بخاتە سەر هەرێمی کوردستان بەرانبەر بە پرسی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. شایانی باسە کە لەم مانگانەی دواییدا سپای تێرۆریستی پاسداران هێرشەکانی دژ بە حیزب و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی هەرێمی کوردستان زۆرتر کردووە و چەند جار بە مووشەک و درۆنی خۆتەقێن بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردستانییەکانیان بۆردوومان کردووە.