کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکدانی گڵکۆی شەهید سەرگورد عەباسی لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە مەهاباد

15:35 - 28 رەزبەر 2721

گڵکۆی شەهید سەرگورد عەباسی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە شاری مەهاباد تێکدرا. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەند بەکرێگیراوێکی سەر بە ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران لە شاری مەهاباد گڵکۆی شەهید "سەرگورد عەباسی"یان لە گۆڕستانی شاری مەهاباد تێکداوە. شەهید سەرگورد عەباسی ئەندامی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان و یەکێک لەو ئەفسەرە شۆڕشگێر و نیشتمانپەروەرەکانی کورد لە نێو ئەرتەش لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیدا بوو، کە هەم لە گرتنی پادگانی شاری مەهاباد لە مانگی ڕەشەمەی ١٣٥٧ی هەتاوی و دواتریش لە حەماسەی بەرخۆدانی گەلی کورد و حیزبی دێموکرات لە شەڕی ٣ مانگەدا ڕۆڵی بەرچاوی گێرا. شایانی باسە کە شەهید سەرگورد عەباسی لە ڕێکەوتی ٢ی خەرمانانی ١٣٥٩ی هەتاوی لە یەکەمین کردەوەی تێرۆریستی ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات‌ گەیشتووی ئاخوندی دژ بە سیما دیارەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ناو شاری مەهاباد لەلایەن بەکرێگراوێکی ڕێژیم تێرۆر کرا و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی حیزب و گەل بوو.