کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان

15:38 - 3 خەزەڵوەر 2721

پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە ئاوایی ڕەحیم‌خان سەر بە شاری بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە ناوی جەعفەر کامڕەوا ناسراو بە (عومەر وزە) لە ئاوایی ڕەحیم‌خان سەر بە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی‌دوایی کرد. جەعفەر کامڕەوا لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران تێکەڵ بە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو و بۆ ماوەی چەند ساڵ پێشمەرگەی حیزب بووە و بەو پەڕی دلسۆزییەوە ئەرکەکانی خۆی وەک مامۆستای شۆڕش و ئەندامی کۆمیتە شارستانی بۆکان بەجێ دەگەیاند و پاشان لە سەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە بۆ نێوخۆی وڵات و سەرەڕای هەموو هوشارەکانی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم، تا دوا هەناسە وەک لایەنگرێک بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات وەفادار مایەوە. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و خزم و کەسوکاری جەعفەر کامڕەوا و خەڵکی ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.