کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیلانێکی نوێی ڕێژیم بۆ سڕینەوەی زمانی کوردی لە پارێزگای کرماشان

14:53 - 4 خەزەڵوەر 2721

پیلانێکی نوێی ڕێژیم بۆ سڕینەوەی زمانی کوردی لە پارێزگای کرماشان لەلایەن مۆرەیەکی ڕێژیم ئاشکرا دەکرێ. میرجەلال کەزازی: "دامەزراندنی ڕشتەی ئەدەبیاتی بەراوردی لەنێوان زمانی کوردی و فارسی لە زانکۆی کرماشان بە پێویست دەزانم." "میرجەلال کەزازی" مامۆستای زمانی فارسی سەر بە ناوەندە کولتوورییەکانی ڕێژیم و ئەندامی کۆڕی "فێردەوسی ناسی" لە لێدوانێک کە لەگەڵ ڕۆژنامەی "سێدای ئازادی" کردوویەتی، پێشنیاری دامەزراندنی ڕشتەی ئەدەبیاتی بەراوردی لەنێوان زمانی کوردی و فارسی لە زانکۆی کرماشانی داوە کە پیلانێکی نوێیە بۆ شێواندنی ئەدەبی کوردی. شایانی باسە کە پاش ئەوەی کە پیلانی ڕێژیم لە پارێزگای کرماشان بۆ داڕشتنی زاراوەیەکی نوێ بەناو فارسی کرماشانی وڵامی نەداوە و خەڵکی ناوچەکە بە وشیاری خۆیان بەرپەرچی ئەم پیلانەیان داوە، ئێستا پیلانێکی نوێ لە زاری کەسێک ئاشکرا دەکرێ کە لەمێژە بۆ خەڵکی کرماشان ناسراوە و بە تێکدانی زمانی کوردی و دزینی وشە کۆنەکانی زمانی کوردی بۆسەر فارسی بەناوبانگە. بە بڕوای مامۆستایانی زمان و ئەدەبی کوردی، خوێندکاران و مامۆستایان و کەسانی دڵسۆز و ئەدەب‌دۆستی کورد پێویستە بە وشیاری لەگەڵ ئەم پرسە مامەڵە بکەن و بەرپەرچی هەر جۆرە پیلانێکی هاوشێوەی ئەوە بوەستنەوە کە زمانی ڕەسەن و ئەدەبیاتی دەوڵەمەندی کوردی لە ناوچەکە و بە گشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بخاتە مەترسییەوە.