کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەستاندنی ناڕەزایەتیی کرێکاران لە شارەکانی کوردستان

15:51 - 4 خەزەڵوەر 2721

ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکارانی ڕێگاوبان لە بەشیک لە شارەکانی کوردستان بە چڕی پەرەی ستاندووە. ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکارانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڕێگاوبان لە شارەکانی کوردستان بەگشتی و پارێزگای سنە بەتایبەتی پەرەی ستاندووە و بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییە ناوخۆییەکان، لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا کرێکارانی رێگاوبان لە شارەکانی سنە، سەقز، سەوڵاوا، کامیاران، قوروە و دیواندەرە، لەهەمبەر کەمیی مووچە و گۆڕانکاریی نابەرپرسیارانەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە بیمەکەیاندا، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و مانیان لە کارکردن گرتووە. جێگای ئاماژەیە کە ڕۆژی شەممە، ١ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، کۆمەڵێک لە کرێکاران و شۆفێرانی بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگاوبانی شاری مەریوان بە هۆکاری کەمیی مووچەکانیان و کێشەی بیمە و بایەخ‌نەدانی بەرپرسانی پێوەندیداری ڕێژیم بە داواکارییەکانیان، هەروەها کرێکارانی شارەوانیی شاری خۆڕەماوا لە پارێزگای لوڕستان، بە هۆکاری دواکەوتنی مووچەی شەش مانگیان لەلایەن بەڕیوەبەریی شارەوانیی ڕێژیم لەو شارە بە هاودەستی لەگەڵ پەیمانکارە دیاریکراوەکانی ئەو شارەوانییە، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و مانیان لە کارکردن گرت.