کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی کورد حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپا

14:26 - 8 خەزەڵوەر 2721

هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ کە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرابوو، حوکمی یەک ساڵ و سێ مانگ بەندکرانی بە سەر دا سەپا. بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاو نیوز)، ڕۆژی سێ شەممە ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، هاونیشتمانییەکی خەڵکی ئاوایی "سینگان" سەر بە شاری شنۆ بە ناوی "سەردار کەرامەت ناسراو بە سەردار ئالانی" لە لایەن دادگای ئیقلابی ئەو شارەوە بە تۆمەتی "هاوکاریی لەگەڵ حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕێژیم، حوکمی یەک ساڵ و ٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا. سەردار کەرامەت خاوەن بڕوانامەی ئەندازیاریی کشتوکاڵە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوەپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو. ئەو هاونیشتمانییە ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ بەڵگەی قەزایی دەسبەسەر و ڕۆژی دووشەممە ١ی خەرمانان، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتیی ئازاد کرا بوو.