کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خراپی جادەکانی کرماشان زیاتر لە ٤٦٠٠ کەسی کردووەتە قوربانی

15:25 - 10 خەزەڵوەر 2721

بە هۆکاری خراپی جادەکانی پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکوو ئێستا زیاتر لە ٦٩٢٢ ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویان داوە و زیاتر لە ٤٦٢٣ کەس بوونەتە قوربانی. عەلی ئەکبەر جاویدان، فەرماندەی پۆلیسی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای کرماشان، لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردووەدا لە جادەکانی نێوان پارێزگای کرماشان زیاتر لە ٦٩٢٢ ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویان داوە و لەم ڕووداوانەشدا ٢٠٧ کەس کوژراون و زیاتر لە ٤٤١٦ کەسی دیکەش برینداربوون. هەروەها "جاویدان" بە میدیاکانی ڕێژیمی ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای ئەوەی کە ئەمساڵ لە سەتا ١٢ی ڕووداوەکانی هاتوچوو لەچاو ساڵی ڕابردوو لەو پارێزگایە کەمی کردووە، بەڵام ڕێژەی قوربانیی ڕووداوەکانی ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو زیاتری کردووە. شایانی باسە کە بە هۆکاری ناستانداردبوونی ڕێگاوبانەکان و خراپی جادەکان، ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبنە قوربانی و بەرپرسانی ڕێژیم بێجگە لە بەڵێندانی درۆ بە خەڵک، هیچ بایەخێک بە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە نادەن. ڕووداوەکانی هاتوچۆ ساڵانە سێیەمین هۆکاری مردنن لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا؛ ساڵی ڕابردوو لەو وڵاتەدا ١٥٣٩٦ کەس بە هۆکاری ڕوودای هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە و ڕێژەیەکی زۆریش بریندار و تەنانەت کەمەندام بوون، کە ڕێژیم نە تەنیا هیچ یارمەتییەک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی کەمەندامان ناکات، بەڵکوو هیچ یارمەتییەکی دەرمانیشیان ناکات.