کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی لە بەندیخانە شاراوەکانی سپا و ئیتلاعاتی ڕێژیم

14:42 - 11 خەزەڵوەر 2721

سپای تێرۆریستیی پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم، لە بەندیخانەی شارەکانی کرماشان، ورمێ و سنە لە ئەشکەنجەگەلێک وەک ئازاری جەستەیی و دەروونی و هەڕەشەی دەستدرێژی بۆسەر هاوژین لە بەرامبەر بەندکراوانی سیاسیی کورد کەڵک وەردەگرن. ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، "تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان" ڕایگەیاند کە، لە گرتنگەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران بە پشتیوانیی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی کرماشان، سنە و ورمێ، بەندکراوان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، ئەشکەنجەی جۆراوجۆری دەروونی و جەستەیی دەدرێن و بەدژی ئەو بەندکراوانە هەموو کارێکی نامرۆڤانە ئەنجام دەدرێ. لەو ڕاپۆرتەدا ژمارەیەک بەندکراوی پێشووی ئەو جۆرە گرتنگە شاراوانەی ڕێژیم لەو شارانەی کوردستاندا، ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەشکەنجەگەلێک وەکوو سەراوبن هەڵواسین بە دارەوە، هەڕەشەی دەستدرێژی بۆسەر هاوژین و کەسانی دیکەی نزیک لە بەندکراو، توندوتیژی سێکسی و لێدان بە شیلانگ لە ناو ئاودا و ئێعدامی شانۆیی ئەنجام دەدرێت، بەڵام کۆماری ئیسلامی بە نهێنی و شاراوە ئەو جینایەتانە دەکا و ناهێڵێ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دنیای دەرەوە بەو کارە قێزەونانە بزانن.