کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەری کورد لە شاری سەقز

14:45 - 11 خەزەڵوەر 2721

مامۆستا مەلا محەممەد غەفووری کەسایەتیی نیشتمانپەروەری کورد لە شاری سەقز ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، مامۆستا مەلا محەممەد غەفووری کەسایەتی دڵسۆز و خۆشەویستی گەلی کورد لە گوندی ساحێب سەر بە شاری سەقز بەهۆی نەخۆشییەوە، کۆچی‌دوایی کرد. مامۆستا مەلا محەممەد غەفوری، هەوڵێكی زۆری دا شەڕ لە كوردستان هەڵنەگیرسێت و لە كوردستانیش ئاشتی و تەبایی لەنێوان لایەنە كوردییەكان بەرقەرار بێ؛ لەگەڵ ئەوەش پالپشتێكی گرینگی كۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو و بۆ نەوەی نوێ نموونەی كەسایەتییەكی رۆشنبیرو نەتەوەیی بوو كە گوێیان لە وتارەكانی ڕادەگرت و بە تامەزرۆییەوە بەشدارییان لە دانیشتن و كۆبوونەوەكانی‌دا دەکرد. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، كۆچی‌دوایی ماموستا مەلا محەممەد غەفوری بە خەسارێكی گەورە بۆ كۆمەڵگای مەدەنی و سیاسیی کوردستان دەزانێ و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری مامۆستا مەلا محەممەد غەفووری و خەڵکی شاری سەقز و هەموو کوردستان دەکا.