کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم هەوڵی قوڵکردنەوەی کێشەی نێوان دوو ئاوایی لە ناوچەی شنۆ دەدەن

14:00 - 12 خەزەڵوەر 2721

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای دەستێوەردانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی‌یەوە هەوڵی قوڵکردنەوەی ناکۆکیی نێوان خەڵکی دوو ئاوایی هێیە و میراویی سەر بە شاری شنۆ دەدات. کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە هەواڵێکی دیکەی پێوەندیدار بە کێشەی نێوان دوو ئاوایی هێیە و میراویی سەر بە شاری شنۆ لەسەر دابەشکردنی ئاو کە بۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ناردوە، ڕایگەیاندووە کە ناوەندە ئەمنیەتی و دژی‌گەلییەکانی ڕێژیم بە دەستێوەردان و هەوڵی دووبەرەکی‌نانەوە، خەریکی بەرینکردنەوەی کێشەکەن و لەم پێوەندییەدا داوا لە کەیخودا و ڕدێن سپییەکانی ئەو ناوچە و خەڵکی نیشتیمانپەروەری ئەو دوو ئاواییە دەکات بە ڕووحی برایەتی، کۆتایی بەو ناکۆکییە بێنن و خەونی دوژمنانیان پوچەڵ بکەنەوە. لەم پێوەندییەدا کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێی وایە؛ ڕێژیمی کوردکوژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ لاوازکردنی بیری نەتەوایەتی و کەمڕەنگ نیشاندانی جووڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کورد لە هیچ پیلانگێڕییەک سڵ ناکا و خەریکە بە زەق‌کردنەوەی خێڵ، هۆز، عەشیرەگەری، ناوچەگەرایی و هەڵایساندنی شەڕ و ناکۆکی لەنێوان تاک و کۆی گەلی کورد دا، یەکڕیزی، برایەتی و تەبایی ئەو گەلە بشێوێنێ و زیاتر لە هەمیشە شوێن‌پێی خۆی خۆشتر بکات. هەر لەم پێوەندییەدا و لە چوارچێوەی هاتنەدی ئامانجە دژەکوردییەکانی و بەپێی پلانە نگریسە یەک لەدوای یەکەکانی لە ناوچەی شنۆ لەنێوان ئاواییەکانی هێیە و میراوێ مهەندیسی ناکۆکییەکی کۆن دەکا و بە دەستێوەردانی دوژمنکارانە لەسەر دابەشکردنی ئاوی ئەم دوو ئاواییە، ڕێگە نادا کێشەی ئەم دوو ئاواییە چارەسەر بێ و هەر ڕۆژە بە لاینگری لە ئاواییەک تۆوی دووبەرەکی دەچێنێت. بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ چەندین جار حاڵەتی بەرتیل وەرگرتن لەلایەن بەرپرسانی پێوەندیدار لە خەڵکی هەر دوو ئاوایی بیندراوە، بەم پێیەش جیا لەوەی کێشەکە چارەسەر نەکراوە بگرە بەپێی پلان، پیلانگێرییەکان دەچنە پێش و زۆر جار حاڵەتی شەڕ و دمە چەقە لەنێوان خەڵکی هەردوو ئاوایی هاتۆتە ئاراوە. لە کۆتایی هەواڵەکەی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا هاتووە کە؛ خەڵکی هەردوو ئاوایی خاوەن هەستی بەرزی نەتەویین، بۆیە بە مەبەستی کورت‌کردنەوەی دەستی خۆفرۆشان و پوچەڵ‌کردنەوەی پیلانگێڕی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم، داوا لە کەیخودا و ڕدێن سپییەکانی ئەو ناوچە و خەڵکی شۆڕشگێڕ و نیشتیمانپەروەری ئەو دوو ئاوایی دەکەین بە ڕووحی برایەتی، کۆتایی بەو ناکۆکییە بێنن و خەونی دوژمنانی گەلی کورد پوچەڵ بکەنەوە.