کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی پێنی کورد: بە گرتن و سزادانی نووسەرانی وەک ئارەش گەنجی، ڕەخنەگر و چالاکان ناوەستن

04:01 - 13 خەزەڵوەر 2721

ناوەندی پێنی کورد بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک کە سەبارەت بە بەندکرانی ئارەشی گەنجی، نووسەر و ئەندامی ئەو ناوەندە بڵاویان کردۆتەوە، ڕوو بە دەزگای قەزایی گوتویانە بە گرتن و سزادانی نووسەرانی وەک ئارەش گەنجی، ڕەخنەگر و چالاکان ناوەستن. لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی خەزەڵوەر دەزگای قەزایی بە بیانووی وەرگێڕانی کتێبی"کلیلی بچووک دەتوانێ دەرگای گەورە بکاتەوە" بۆ سەر زمانی فارسی کە باس لە شۆڕشی ڕۆژاوای کوردستان دەکا، ئارەش گەنجی، وەرگێڕی ئەم کتێبەی زیندانی کردووە. ڕاگەیەندراوەکە دەڵێ دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ناوبراوی، بە تۆمەتی بێ‌بنەمای "هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی"، "پروپاگەندە دژی رێژیم" و "ئەندامەتی و هاوکاری‌کردنی حیزبێکی دژبەری ڕێژیم" دەسبەسەر و زیندانی کردووە. لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بیستنی هەواڵی سزادانی نووسەرێک یان وەرگێڕێک بەبیانووی ئەوەی کتێبێکی لەسەر گەشەکردنەکانی وڵاتێکی تر وەرگێڕاوە، کاردانەوەیەکی بێ‌بنەما و پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی ئازادی ڕادەربڕینە. هەروەها یەکسان‌کردنی پێکەوەگرێدانی تێڕوانینەکانی ڕەخنەگر و ئازادیی بیروڕا بە "تاوانی ئەمنیەتی" خاڵی هاوبەش و ستراتیژیی سیستەمە تۆتالیتارییەکانە کە نووسەر، چالاکە سیاسی و مەدەنییەکان بەهۆی دەربڕینی بیروڕای ئاشتییانە یان بیروڕای پێ تاوانبار دەکرێن و سزا دەدرێن. ناوەندی پێنی کورد دەڵێ دەمانەوێ وەبیر بەرپرسانی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی بێننەوە کە تێکۆشانی ئازادی سنوورەکان ناناسێ و بە گرتن و سزادانی نووسەران، ڕەخنەگر و چالاکان ناوەستن، هەروەها ئەو بڕیارە دادپەروەرانە نییە کە لە دژی ئارەش گەنجی دراوە و پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە کە ئێرانیش ئیمزای کردووە. ناوەندی پێنی کورد وێڕای مەحکووم‌کردنی بەندکرانی ئارەش گەنجی داوای ئازادکردنی ناوبراو و سێ ئەندامی دیکەی ئەو ناوەندە رەزا خەندان مهابادی، بەکتاش ئابتین و کەیوان باژان" کردووە کە ئەوانیش بە بیانووی جیاواز لە زیندان‌دان.