کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەتاڵانبردنی سەرچاوە ژێرزەوییەکانی کوردستان بەردەوامە

13:49 - 13 خەزەڵوەر 2721

ڕێژیمی ئێران لە بەتاڵانبردنی سامانە سروشتییەکان و سەرچاوە ژێرزەوییەکانی ناوچەکانی کوردستان بەردەوامە. ڕێژیمی ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە دستی بەسەر هەموو سەرچاوە ژێرزەوییەکان و سامانە سروشتییەکانی هەرێمە جیاوازەکانی ئەو وڵاتەدا گرتووە، بەتایبەت لە خووزستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە دوو ناوچەی زۆر دەوڵەمەند لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا ئەژمار دەکرێن؛ کە جیا لە تاڵانکردنی سەرجەم سەرچاوە سروشتییەکانی ئەو دوو هەرێمە، بەردەوام لەلایەن مۆرەکانی خۆیەوە هەوڵی کاوکاری و تێکدانی ئەو دوو هەرێمەی داوە و ئیستاش لە بەڕێوەبردنی ئەو سیاسەتە بە شیوەی سیستامتیک بەردوامە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ چڕتری دەکاتەوە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە بواری سەرچاوە ژێرزەوینییەکان، وەکوو زێڕ، گووگرد، بەردە جۆراوجۆرەکان و بەتایبەت بەردی مەڕمەڕ، نەوت، گاز و هەموو سووتەمەنییەکان و ئاو و سەرجەم سەرچاوە سروشتییەکانی تر، بە یەکێک لەو ناوچە هەرە دەوڵەمەندەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت جیهان ئەژمار دەکرێت، ڕێژیمە داگیرکەرە یەک لەدوای یەکەکانی ئێران بەردەوام ئەو سەرچاوە ژێرزەوینییانەیان بەتاڵان بردووە و جیا لەوەش یەکێک لە توکمەترین پلانەکانیشیان، بەرنامەڕێژیی کاولکاریی ژینگە و شوێنی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان بووە. لە درێژەی ئەو پلانانەدا ساڵانە ڕیژیمی ئیسلامیی ئێڕان بەپێی ئامارە نافەرمییەکان زیاتر لە ١٠ تۆن زێڕی نایاب تەنیا لە کانزای زێڕی ناوچەی تیکاب دەپاڵێوێت و بەتاڵانی دەبات، سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیم تاکوو ئێستا هیچ ئامارێکی دروستی لەو بوارەدا بڵاو نەکردووەتەوە، کارناسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بواری سەرچاوە سروشتییەکاندا پێیان وایە کە ڕێژەی پاڵاوتنی زێڕ لەو کانگایەدا زۆر لەوە زیاترە کە بە شیوەی نافەرمی بڵاو بووەتەوە و تەنانەت یەک لە سەدی داهاتی ئەو بەتاڵانبردنەش ناگەڕێتەوە سەر سفرەی خەڵکی هەژار و کەم‌داهاتی ئەو ناوچەیە. بەتاڵابنردنی زێڕی کانزای ناوچەی تیکاب تەنیا وەکوو نموونەیەکی بچووکە و لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستان بە شێوەی سیستماتیک زۆر لەوە زیاتر درێژە بەتاڵانبردن دەدەن و جیا لەوەش ئەو ڕێژیمە لە گشت ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا وێرای ئەوەی کە پلانگەلێکی مەترسیدار بۆ کاولکاری و تێکدان و وێرانکردنی سەرچاوە سروشتییەکان و ژینگەی کوردستان بەڕێوە دەبات، بەڵکوو لە ساڵانی ڕابردووشدا پیلانێکی تایبەت بۆ گۆڕینی دێموگرافیا و تێکدانی ژینگەی کوردستان بەڕێوە دەبات. هەر لە درێژەی ئەم سیاسەت و پیلانە قێزەونەی ڕێژیمدا بەپێی ئاماری کارناسیی کارناسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جیا لە داگیرکردن و بەفیڕۆدانی مووچە و مەزرای خەڵک و باخدارانی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە ٥٠ هەزار دۆنم لە دارستان و لێڕەوار و لەوەڕگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو دەچێت و کاول دەکرێت و ئەو کاولکارییانەش زیانێکی قەرەبوونەکراوەی بۆ کوردستان لێ دەکەوێتەوە.