کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژکردنەوەی ماوەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی کورد لە ورمێ

14:07 - 13 خەزەڵوەر 2721

ماوەی دەسبەسەرکرانی "سۆعدا خەدیرزادە" ژنە بەندکراوی کورد لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ درێژ کرایەوە. ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١١ی خەزەڵوەر، ماوەی دەسبەسەرکرانی کاتیی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سۆعدا خەدیرزادە" خەڵکی پیرانشار بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژی تر درێژ کرایەوە. یەکێک لە نزیکانی ئەم هاووڵاتییە دووگیانە ڕایگەیاندووە کە سۆعدا لەماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە چاوەدێریی پزیشکی بێبەری کراوە و پێویستی بە چاوەدێریی تەندروستییە، هەروەها ناوبراو لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە. ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد: "ماوەی دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ درێژ کراوەتەوە و ئەمە دووەمین جارە کە ماوەی دەسبەسەرکرانەکەی درێژ دەکرێتەوە". "سۆعدا خەدیرزادە" لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێ. شایانی باسە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ نیشاندانی حوکمی قەزایی دەسبەسەر کردبوو. "سۆعدا" خێزاندار و خاوەن دوو منداڵە و تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو، زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە.