کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی باوکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئاوایی گاوەرە

14:14 - 13 خەزەڵوەر 2721

کاک سدیق باباکەرەمی باوکی عسمەت باباکەرەمی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئاوایی "گاوەرە"، سەر بە شاری سنە ماڵاوایی لە ژیان کرد. بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک سدیق باباکەرەمی، باوکی عسمەت باباکەرەمی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کەسایەتیی خۆشناو، دڵسۆز و نیشتمانپەروەری ئاوایی گاوەرە و دەوروبەری بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە گەل و نیشتمان کرد. مامە سدیق نیشتمانپەروەریکی ڕاستەقینە و دڵسۆزێکی بە ئەمەگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد و کوردستان و بە تایبەت حیزبی دیموکرات بوو کە لە ماوەی تەمەنیدا بە ‌هەموو شێوەیەک ئەو ڕاستییەی سەلماند و لە هیچ خزمەتێک بە گەل و نیشتمان و پیشمەرگەی کوردستان دریغی نەدەکرد. مامە سدیق بەردەوام لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا باسی ئازایەتیی پێشمەرگە و ڕەوابوونی خەباتی حیزبی دێموکراتی دەکرد و لاوانی ئەو دەڤەرەی بە هەستی نەتەوایەتیی دەبزواند. یەکێک لە ڕۆڵەکانی مامە سدیق بە ناوی عسمەت باباکەرەمی هەر ئێستا لە ڕیزی خەباتکارانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا درێژە بە خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوە و نیشتمانەکەی دەدات. لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەریزی کاک سدیق، بە تایبەت هاوری پێشمەرگەمان، خاتوو عسمەت باباکەرەمی و هەموو خزم و کەسوکاریان و خەڵکی بەشەرەف و کۆڵنەدەر و دێموکراتپەروەری گاوەرە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.