کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران یا برینداربوونی ١٥٠ کۆڵبەر لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا

13:16 - 16 خەزەڵوەر 2721

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئیستا ١٥٠ کۆڵبەر بە دەستڕێژی هێزە چەکدارەکان کوژراون یان بریندار بوون. به‌پێی بانکی زانیاریی ناوه‌ندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرەتای پاییزی ئەمساڵەوە تا ئێستا لانیکەم ١٦ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆ، یان بەربوونەوە لە شاخ بەهۆی ڕاوه‌دوونانی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون. لەو ١٦ کاسبکارە ٨ کەسیان بریندار بوون و ٨ کۆڵبەریش کوژراون. کوژران و برینداربوونی ١٦ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە مانگی پووشپەڕ لەحالێک‌دایە کە لە ماوەی سێ مانگی هاوینیشدا ٨١ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان ببوونەتە قوربانیی سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد. کە ٢٢ کەسیان کوژرابوون و ٥٩ کۆڵبەریش بریندار ببوون. هەروەها لە وەرزی بەهاری ئەمساڵیشدا ٥٣ کۆڵبەری کورد کەوتبوونە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ١٥ کەسیان کوژرابوون و ٣٨ کۆڵبەریش بریندار ببوون. بەو پێیە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئیستا ١٥٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کەوتوونەتە بەر دەستڕێژی هێزەکانی ڕێژیم کە ٤٥ کەس لەوان کوژراون و ١٠٥ کەسیان بریندار بوون. شایانی باسە کە لە ساڵی ڕابردوو (١٣٩٩)یشدا ٢٢٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست دا یا بریندار ببوون. لەو ٢٢٦ قوربانییەی ساڵی ڕابردووی هەتاوی ٨٠ کەسیان کوژرابوون و ١٤٦ کەسیش بریندار ببوون.