کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

منداڵێکی ڕۆژهەڵاتی لە یاریی شەترەنج پلەی چوارەمی ئاسیای بەدەست هێنا

14:25 - 16 خەزەڵوەر 2721

منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵی شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کێبەرکێی یارییەکانی شەترەنجی ئاسیا پلەی چوارەمی بەدەست هێنا. پایار شەمسی، کە تەمەنی کەمتر لە ٨ ساڵە و خەڵکی شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و بە یەکێک لە یاریزانە بەهێزەکانی یاریی شەترەنج لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ناسراوە، لە ژوورێکدا هەر لە شاری بۆکان بە چاوەدێریی دوو کامێراوی تایبەتەوە بەشداریی لە کێبڕکێی یارییەکانی شەترەنجی ئاسیادا کرد و لە ئاکامدا توانی پلەی چوارەم بەدەست بهێنێت. پایار، لەم بارەیەوە لە گرتە ڤیدیۆیەکدا دەڵێت: "لە پێشبڕکێیەکانی ئاسیاییدا کاتێک یارییەکە دەستی پێ کرد، دەبوایە کامێرای دووهەم و کامێرای یەکەم هەڵبوونایەن، کەس بۆی نەبوو بێتە نێو ژوورەکەی منەوە، منیش لەو یارییەدا ئیمتیازی ٧.٥ بەدەست هێنا، لەگەڵ کەسی یەکەم کە ڕەتینگی فیدەکەی ١٣٦١ بوو، بووینە بەرانبەر". ساڵی رابردوو، "پایار" وەکوو یەکێک لە ئەندامانی هەڵبژاردەی تیمی نیشتمانیی شەترەنجی منداڵانی ئێران دیاری و بانگهێشت کرا، بەڵام بە هۆکارگەلێکی ناڕوونەوە ناوی سڕدرایەوە و پاش بەدواداچوونی زۆری بنەماڵەکەی، ڕاهێنەرەکانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی پێوەندیداری شاری بۆکان، جارێکی دیکە بانگهێشتی تیمی نیشتمانیی شەترەنجی منداڵانی خوار تەمەن ٨ ساڵی ئێران کرایەوە. ساڵی ڕابردوو لە یارییەکانی تیمی نیشتمانیی ئێراندا هەشت یاری کردبوو کە لە هەموویاندا براوە و سەرکەوتوو بوو، "پایار" کە بەو تەمەنەوە بووەتە یاریزانێکی بەناوبانگ و سەرکەوتوو لە ئاستی کوردستان و ئێران و ئاسیادا و ڕاهێنەرەکانی شەترەنج چاوەڕێی داهاتوویەکی گەشتری بۆ دەکەن.