کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی ١٥ کەس بەهۆی تەقینەوەی مین

14:39 - 16 خەزەڵوەر 2721

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لانیکەم ٤٠ کەس بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مین کە شوناسی ١٥ کەس لەوان ئاشکرا بووە. بەپێی ڕاپۆرتی "چاو نیوز" لە یەک مانگ و نیوی پاییزی ئەمساڵدا لانیکەم ٨ کەس لە کوردستان بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون کە "چاونیوز" ناو و شوناسی ٤ کەس لەوانی ئاشکرا کردووە. لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئه‌مساڵدا تەقینەوەی مینە لەکارنەخراوەکان لە کوردستان زیاتر لە ٢٥ قوربانیی وەرگرتبوو کە چاونیوز شوناسی ١١ کەس لەوانی ئاشکرا کردبوو. بەو پێیە ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون یان بریندار بوون لانیکەم ٤٠ کەس بووە کە شوناسی ١٥ کەس لەوان زاندراوە. ژمارەی قوربانییانی مینە لەکارنەخراوەکان لە ساڵی ڕابردووشدا لانیکەم ٥٠ کەس بوو کە ناو و ناسناوی ٣١ کەس لەوان بۆ میدیاکان و ناوەندەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ ئاشکرا بووە. بەپێی زانیارییەکانی "چاونیوز" لەو ٣١ کەسە ٢١ کەسیان بریندار و نقوستان و ١٠ کەسیشیان گیانیان لەدەست دابوو.