کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپەرچدانەوەی ڕوانگەیەکی شۆڤێنیستی لەبارەی "سیاسەتی زمان"ەوە

15:10 - 16 خەزەڵوەر 2721

پێشەکی: هەڵسوکەوتی سیاسیی دەوڵەتان لە گەڵ زمان، مێژووەکەی بۆ پێش سەدەی بیستیش دەگەڕێتەوە، بەڵام بەکارهێنانی چەمکی "سیاسەتی زمان" یا سیاسەتی زمانی" بۆ ئەو سیاسەت و ڕێوشوێنانەی دەوڵەتان و ناوەندەکانی بڕیار لە بارەی زمان یا زمانەکانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان هەیانە، لە سەدەی ٢٠دا، داکەوت. لە ئێران، وا دێتە بەرچاو گۆڤاری "یادگار" بە سەرنووسەریی "عباس اقبال آشتیانی" لە یەکەم چاپەمەنییەکان بێ کە چەمکی "سیاسەتی زمان "یان بەکار هێناوە، واتە ڕچەشکێن بووە لەوەدا کە لەژێر ناوی ئەو چەمکە واتە "سیاست زبان" لە چۆنیەتیی سیاسەتی دەوڵەتی ناوەندیی ئێران بەرامبەر بە زمانەکانی وڵات بدوێ. ئەم گۆڤارە لە ژمارەی شەشەم، ساڵی دووهەم، ڕێبەندانی ١٣٢٤(ژانویە، فێوریەی ١٩٤٦)، سەروتارەکەی خۆی لەژێر ناوی "سیاست زبان" بۆ باس لە سیاسەتی زمان لە ئێراندا تەرخان کردووە. "یادگار" لەو گۆڤار و چاپەمەنییانەی ئێران بووە کە داکۆکییان کردوە لە "ناسیۆنالیزمی ئێرانی" و "دەوڵەت – نەتەوەی ئێران" کە بناغەکەی لەسەر پێناسەکردنی ئێران وەک وڵاتی یەک نەتەوە کە زمانەکەی فارسییە، دامەزراوە. هەر لەو سەردەمدا حەوتوونامەیەک لە تاران لە ژیر ناوی "کوهستان" بە زمانی فارسی دەرچووە (شێعر و بابەتی ئەدەبییشی بە کوردی تا ڕادەیەک تێدا بڵاو کراوەتەوە). سەرنووسەری "کوهستان" کوردێک بە ناوی دوکتور ئیسماعیل ئەردەڵان، خەڵکی سنە بووە. ئەم حەوتوونامەیە هاوکات لەگەڵ تێکۆشانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان و دواتر پێکهاتنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستان، بڵاو بووەتەوە. سەروتار و بابەتەکان و لاپەڕەکانی ئەو حەوتوونامەیە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە "کوهستان" تریبۆن و سەنگەری بەرگری لە خەڵکی کوردستان و لەقاودەری ستەم و پیلانی کاربەدەستان و دامودەزگا دەوڵەتییەکان لەدژی خەڵکی کوردستان بووە. بەرگریی لە مێژوو و ئەدەبیاتی کوردی کردووە  و، لە هەر ژمارەیەکدا بەشێکی بەرچاوی لاپەرەکانی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردووە. لە پێوەندی لەگەڵ کۆماری کوردستانیشدا، بە گوتەی دوکتور عەبدوڵڵا مەردوخ، "بە تاقی تەنیا ئەرکی بەرگری لەو کۆمارە جوانەمەرگەی لە بەرامبەر ڕۆژنامە کۆنەپەرستەکانی ئەو سەردەمەی گرتبووە ئەستۆ." سەروتاری گۆڤاری "یادگار" لە بارەی سیاسەتی زمان لە ئێراندا، کە لە ڕوانگەیەکی شۆڤێنیستیانە  نووسراوە، دەکەوێتە بەر ڕەخنە و بەرپەرچدانەوەی بەجێی سەرنووسەری "کوهستان". لۆژیکی "عباس اقبال آشتیانی" ئەفشار، سەرنووسەری گۆڤاری "یادگار"، ئەوەیە کە زمانەکانی دیکەی ئێران، زمان نین و لەهجەن و، پێویستە هەموویان پشتگوێ و پەراوێز بخرێن بۆ ئەوەی لە هێز و توانای زمانی فارسی کەم نەبێتەوە و ئەو زمانە توانای پاریزگاری لە شکۆ و مەزنایەتیی ئێرانی لە ئاستی ناوچە و جیهاندا هەبێ. ناوبراو داوای بەڕەسمی‌ ناسین و خوێندن بەو زمانانە گرێ دەداتەوە بە دنەدانی بێگانەکان. لۆژیکی سەرنووسەری "کوهستان"، ڕێک بەپێچەوانەیە و، پێی وایە سیاسەتێک دەتوانێ مەزنایەتی و یەکپارچەیی ئێران بپارێزێ و ئەو وڵاتە بکا بە ڕووگەی نەتەوەکانی دیکە لە وڵاتانی دراوسێ، کە زمانە نافارسییەکانی ئێران بەڕەسمی بناسێ و ڕێگە بدا ئەو زمانانە لە قوتابخانە پێیان بخوێندرێ و هتد. ئەوەی لە درێژەی ئەم بابەتەدا دەیخوێننەوە ،هەڵبژاردەیەک لە هەر دووی ئەم نووسینانەیە کە کردوومن بە کوردی و، دەیخەمە بەر سەرنجی خوێنەران :   سیاسەتی زمان بە گوێرەی ڕوانگە و ویستی سەرنووسەری گۆڤاری "یادگار": سەرنووسەری "یادگار" دوای پێشەکییەک لە بارەی گرنگیی زمان بۆ وڵاتێکی وەک ئێران دەنووسێ: "...بە پێی ئەم پێشەکییە ئەگەر مەملەکەتی ئێمەش بیهەوێ زیندوو بمێنێتەوە و، لە مەیدانی خەباتی سیاسەتی زماندا، لانیکەم بتوانێ بەرگری لە خۆی بکا، دەبێ سیاسەتێکی زمانی هەبێ و بۆ ئەم کارەش نەخشەیەکی ژیرانە دابڕێژێ و بە ئیرادەیەکی پتەو، تێکەڵ بە تەدبیر و دووربینییەوە، بەڕێوەی ببا، بۆ ئەوەی لەم مەیدانەدا نەشکێ، چونکە ئەگەر خوانەخواستە لەم قۆناغەدا بشکێ و زمانێکی دیکە لە ئێران بە سەر زمانی فارسیدا زاڵ بێت، فاتیحا بۆ ئێران و ئێرانی دەنێردرێ. مەترسییەکی گەورە کە ئەمڕۆ هەڕەشە لە زمانی فارسی دەکا، بێجگە لە مەبەستە ئیستیعمارییەکانی دەوڵەتە قازانج‌پەرستە زێدەخوازەکانی ئورووپایی کە هەرکات بیانەوێ بەهۆی هێزی لە ڕادەبەدەری ئەوان و لاوازیی ماددیی ئێمە، لەوانەیە وڵاتی ئێمە دابگرێ و بە زۆروزۆرداری، زمانی خۆیان بە سەر ئێمەدا بسەپێنن، دنەدانی ئەو دەوڵەتانە بە مەبەستی زیندووکردنەوەی لەهجە خۆجێیەکان وەک زمانی ڕەسمی و گرنگیدان بە زمانی کەمایەتییەکان لە بەرامبەر زمانی ڕەسمیی دەوڵەتی کە هەم زمانی زۆرایەتیی خەڵکە و هەم زمانێکە کە بەشێک لە بەرزترین هزر و زەوقەکانی جۆری مرۆڤی پێ داڕێژراوە. هەر ئەو کارەی کە لە ئەفغانستان بە دنەدانی تورکانی عوسمانی بۆ قوت‌کردنەوەی لەهجەی "پەشتوو" لە بەرامبەر زمانی فارسی کردیان و ئێستاش لە سەری بەردەوامن، هەر ئەو کارەش کە لە کوردستان و ئازەربایجان بە مەبەستی ڕەسمییەت‌دان بە کوردی و تورکی کردوویانە، هەموویان یەک شتن و زۆرتر بە مەبەستی پچڕاندنی هۆگریی حاشالێنەکراوی ئەو قەومە ئێرانییانە لەگەڵ برا فارسیزمانەکانیانە کە پێکەوە لەژێر ئاڵای دەوڵەتی ناوەندیی ئێراندا دەژین. لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی زمان و کردەوەی پێوەندیداردا، دەوڵەت دەبێ دوو ڕەهەندی لە بەرچاو بێ: یەکەم دەرەکی و دووهەم نێوخۆیی. لە بڵاوکردنەوەی زمانی فارسی لە دەرەوەی ئێران، دەوڵەت دەبێ ڕاست ئەو نەخشەیەی بێگانەکان بۆ بڵاوکردنەوەی زمانی خۆیان لە وڵاتی ئێمە جێبەجێی دەکەن، بگرێتە بەر. لەو پێوەندییەشدا دەبێ زیاتر ئەو وڵاتانەمان مەبەست بێ کە پێشتر بەشێک بوون لە ئێران و هەتا ئەمڕۆش بەشێکی گرنگ لە خەڵکەکەیان بە زمانی فارسی قسە دەکەن و هۆگریی دەروونی و ڕەگەزیی خۆیان بە ئێرانیان پاراستووە، لە پاش ئەوان وڵاتانی ئیسلامی کە خەڵکەکەیان ڕۆژگاریکی دوورودرێژ لەگەڵ ئێرانییەکان پێوەندییان هەبووە و لەژێر سێبەری جۆرێک حکوومەت و جۆرێک شارستانەتی و ڕێوشویندا ژیاون و، لە ڕاستیدا ئەندامی یەک بنەماڵەی گەورە بوون...." نووسەر پاش ئاماژە بەو وڵاتانەی (تورکیە و قەفقازیە و تورکستان) کە ئەلفوبێی لاتینیان هەڵبژاردوە و بەم جۆرە لە نووسینی فارسی بە ئەلفوبێی عەڕەبی دایانبڕیون، هەر بۆیەش کارکردن بۆ پەرەپێدانی زمانی فارسی لەنێویاندا، زەحمەتە، دەپڕژێتە سەر عیراق و ئەفغانستان و بەلووچستان و هیندوستان و تەنانەت تەبەت و پاشان مەملەکەتەکانی شام و لوبنان و میسر و حیجاز کە سەرەڕای ئەوەی زمانیان عەڕەبییە، هۆگریی دینی و مێژووییان لەگەڵ ئێرانییەکاندا هەیە و کۆمەڵێک لە زانایانی ئەوان فارسی دەزانن یا مەزهەبیان شیعەیە، هەر بۆیە کارکردن لەنێویاندا زۆر هاسانە. "دەوڵەت دەبێ بە هۆی مەئموورانی سیاسی و مەئموورانی دیکە کە تایبەتی دەبێ بۆ ئەو مەبەستە ڕەوانە بکرێن، هەوڵ بدا زمانی فارسییان لەنێودا بڵاو بکاتەوە، خەڵک بۆ فێربوونی ئەو زمانە بە شێوەی تایبەت هان بدا، گۆڤاری جوان و هەرزان بە زمانی فارسی بخاتە بەردەستیان، کتێبی فارسی بە چاپێکی شاز، بۆ فرۆش یا بەخۆڕایی ڕەوانەی ئەو وڵاتانە بکا، مامۆستا و ڕۆژنامەنووس و زانا و هەڵکەوتەیان ڕابکێشێ بۆ نێو ئێران و لە بەرامبەردا هەر لەو جۆرە کەسانەش بنێرێ بۆ نێو ئەوان و، بەردەوام لە گەڵ ئەو مەملەکەتانە لە پێوەندیی کەلتووری و ئەدەبیدا بێ." عەبباس ئیقباڵ ئاشتیانی، سەرنووسەری "یادگار"، دواتر دێتە سەر ڕەهەندی نیوخۆیی سیاسەتی زمانیی پێشنیارکراوی خۆی بۆ دەوڵەت. خاڵی جێگەی سەرنج لەو باسەیدا، جگە لە بە "لەهجە" ناوبردنی زمانەکانی کوردی و تورکی و بەلووچی و تاوانبارکردنیان بەوە کە ئەدەبیاتێکی ئەوتۆیان نییە، جیاوازی دادەنێ لە نێوان ئەو زمانانەی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بەفەرمی ناسراون و پێیان دەخوێندرێ، ئەو زمانانەش کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش هەر وەک ئێران لەژێر سەرکوت‌دان و بە ڕەسمی نەناسراون و ڕێگەیان پێ نادرێ پێیان بخوێندرێ. لەو بارەیەوە دەڵێ: "ئەو زمان و لەهجانەی لە ئێران باون و هەر کامێکیان  کەم و زۆر ئاخیوەریان هەیە، هێندێک لەهجەی ئێرانییان تێدایە وەک تەبەری و گیلەکی و لوڕی و کوردی. و هتد. لقێکی دیکە زمانە نائێرانییەکانن وەک تورکی و عەڕەبی. لەهجەکانی لقی یەکەم چونکە هیچکامیان ئەدەبیاتێکی موعتەبەریان نییە و هیچ کاتیش زمانی دەوڵەتێکی بەهێز نەبوون و ئەمڕۆش لە دەرەوەی ئێران دەوڵەتێکی بەهێز نییە کە زمانە ڕەسمییەکەی یەکێک لەو لەهجانە بێ، دەوڵەت ناتوانێ سیاسەتێکی تایبەت بەوانی هەبێ. تەنیا دەبێ وریای ئەو پڕۆپاگەندە خراپە بێ کە لە دەرەوە لەنێو کوردەکاندا دەکرێ، بۆ ئەوەی نەهێڵێ ژمارەیەک بەناو توێژەری قین‌لە‌دڵ کە بە شاردنەوە و گۆڕینی ڕاستییە مێژووییەکان تێدەکۆشن و ئیددیعا دەکەن کە کورد و لوڕ نەتەوەیەکی تایبەتن و لە ڕووی ڕەگەزەوە لەگەڵ ئێرانییەکان جیاوازن و هتد، مێشکی  برایانی کوردمان تیک‌دەن و لە پێناوی گەیشتن بەو نیازە شوومانەی هەیانە، لەم سۆنگەیەوە، گرفتی سیاسییمان بۆ پێک بێنن. بەڵام لە بارەی دوو زمانی عەڕەبی و تورکی کە لە بەشێکی مەملەکەتی ئێمە ئێرانییەکاندا باون و لە منداڵییەوە پێیان دەئاخفن و هەردوویان لە دەرەوە بە میلیۆنان ئاخێوەریان هەیە و زمانی دەوڵەتی بەهێز بوون و هەن و، لە دەرەوەی ئێران هەموو ڕۆژێ کتێب و ڕۆژنامە بەو زمانانە چاپ دەبێ و دەنگوباس و گوتاریان لەم سەر بۆ ئەو سەری دنیا پێ بڵاو دەبێتەوە، سیاسەتی دەوڵەت دەبێ زۆر ژیرانە بێ و پێویستە هەموو جۆرە پارێز و مشوورخواردنێکی لەگەلدا بێ... نابێ بێ ئینساف بین. منداڵی ئازەربایجانی هەر لەو کاتەدا کە ئێرانییە و، نیشتمانی خۆشەویستی خۆی، ئێران و شانازییەکان و بەرهەمەکانی خۆش دەوێن، چونکە لە ژینگەیەکی تورک‌زماندا لەدایک بووە و هەر لە کاتی لەدایکبوونەوە بێجگە لە تورکی هیچی دیکەی نەبیستووە، چ گوناهێکی کردووە ئەگەر فارسی نەزانێ و هەموو کات تورکی، بەو هۆیەوە کە باشتر لێی تێدەگا و هاسانتر قسەی پێ دەکا، بخاتە پێش زمانی فارسی؟ ئەمڕۆ نەفەرێکی ئازەربایجانی بۆ بیستنی هەواڵ و دەنگوباسی گشتیی دنیا و زانیاری وەرگرتن، سروشتییە گوێ دەداتە ڕادیۆ باکۆ یا ئانکارا. لە ئاکامدا هەر پرۆپاگەندەیەکی لەم دوو ڕادیۆیەی گوێ لێ بێ، کەم و زۆر دەکەوێتە ژێر کاریگەرییان. کەمتر گوێ لە ڕادیۆ تاران دەگرن کە بەدبەختانە هەم لاوازە و هەم  بەرنامەیەکی تایبەتی بۆ ئەم جۆرە مەبەستانە نییە. بۆ ئاخێوەرانی زمانی عەرەبییش لە خوزستان و بەحرەین و دوڕگەکانی خەلیج لە پیێەندی لەگەڵ ڕادیۆی بەغدادا، دۆخەکە هەر بەم جۆرەیە. بەو هۆیەوە کە لە ئێران زمانەکانی تورکی و عەرەبی ناتوانین بە هاسانی وەلا بنێین، هەر لە جیدا وەک گوتمان دەستبردن بۆ کارێکی وا هیچ بەرژەوەندییەکی تێدا نییە، دەوڵەت دەبێ بەو پەڕی شەهامەتەوە ڕیگە بدا بە خەڵکی ئازەربایجان و ئەو ناوچانەی زۆرینەی خەڵکەکەیان بە عەرەبی قسە دەکەن، لە قوتابخانەکانیان هەتا تەمەنێکی دیاریکراو، بە زمانی خۆجێی خۆیان بخوێنن. دواتر لە قۆناغی ناوەندی و بەرزتر بە فارسی دەرسیان پێ بڵێن.... هەوڵ بدەن مندالانی ئێرانی کە بەهۆی ڕووداوە مێژووییەکان ناچار کراون بە عەرەبی یا تورکی بدوێن، بە گیانێکی ئێرانی پەروەردەیان بکەن وهەر کە گەیشتنە تەمەنی باڵغ‌بوون، لە چەنگی پڕۆپاگەندەی هاوزمانانی خۆیان دەریان بێنن و وەها هەڵسوکەوت بکەن کە خەڵک بەرەبەرە منداڵی خۆیان ناچار بکەن واز لەو زمانانە بینن و وردە وردە ئاوی ڕۆیشتوو بگەڕێننەوە نێو جۆگەی."   بەرپەرچدانەوەی بۆچوونەکانی سەرنووسەری گۆڤاری "یادگار" لە لایەن حەوتوونامەی "کوهستان"ەوە: وێدەچێ یەکەم بەکارهاتنی چەمکی "سیاسەتی زمانی"لە چاپەمەنیی سەر بە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتیش، هەر ئەو وڵامە بێ کە سەرنووسەری حەوتوونامەی "کوهستان" دوکتور ئیسمەعیل ئەردەڵان، بەم نووسینەی گۆڤاری "یادگار"ی داوەتەوە. دوکتور ئەردەڵان لە سەروتاری ژمارە ٤٥، ساڵی یەکەم، دووشەمە ١٥ی ڕیبەندانی ١٣٢٤(فێوریەی ١٩٤٦)ی حەوتوونامەی "کوهستان"، هەر لەژێر سەردێڕی "سیاست زبان" بەرپەرچی هێندێک لە بۆچوونەکانی مەحموود ئەفشاری دەداتەوە و دەڵێ: " لەوانەیە بەڕیزی سەبارەت بە هۆگرییەکی زۆر کە بە برایانی کوردی ئێرانیی خۆی هەیەتی، نەیویستووە مەسەلەکە بەو جۆرە کە شیاو بووە، شی بکاتەوە، لەوانەشە ئەگەر زیاتر چووبایە نێو باسەکە، ناچار بوایە حەق بە وانیش بدا هەر وەک برایانی ئازەربایجانی کە "هەموو کات تورکی" (بەو هۆیەوە کە باشتر لیی تێ دەگەن و هاسانتر قسەی پێ دەکەن) لە فارسی بە گرنگتر بزانن، یا وەک "ئاخێوەرانی زمانی عەڕەبی لە خوزستان و بەحرەین و دووڕگەکانی خەلیج"، مافی پێ دەدان و ڕەزامەندیی دەفەرموو "لە قوتابخانە هەتا تەمەنێکی دیاریکراو، بە زمانی خۆجێی خۆیان، منداڵانیان فێر بکەن." لەو سەروتارەی "کوهستان"دا هەروەها هاتووە: "زۆر جێگەی داخە کاتێک یەکێک لە زاناکانی وڵات دەست دەداتە قەڵەم و دەیەوێ لەبارەی پرسێکی گرینگ ڕێنوێنی بدا، لە حاشاکردن لە ڕاستییە ڕوونەکانەوە دەست پێ دەکا و، لەبارەی پرسێکی ئاشکرای وەک ئەدەبیاتی کورد وەک بابایەکی بێ‌خەبەر بیروڕا دەردەبڕێ. بۆ ئیعتیباری ئەدەبیات و زمانی کوردی بەڵگەی زۆر هەن. مێژوونامە، دیوانی شاعیران و کتێبی جۆراوجۆر زۆرن، بەڵام بۆ ئەوەی کاکی نووسەر زەحمەتی گەڕان لەنێو کتێبخانەکانی نەکەوێتە بەر، بگەڕێتەوە سەر ژمارەی ڕابردووی ڕۆژنامەکان و، ئەم ژمارەیەی ئێستاش و بابەتی "چاوخشاندن بە شێعر و ئەدەبیاتی کوردیدا " بخوێنێتەوە کە نووسەرەکەی ژنێکی فەرانسەییە و وێشدەچێ بێلایەن بێت (چونکە ناکرێ بڵیی داوای سەربەخۆیی کوردی کردووە)، بیخوێنەوە بۆ ئەوەی بۆت دەرکەوێ ئەدەبیاتی کوردی هەرنەبێ کەمێک ئیعتیباری هەیە. بەڵام ئەوە کە "دەوڵەت ناتوانێ سیاسەتێکی تایبەتی لەو بارەوە هەبێ" بە بڕوای ئێمە ئەم بیروڕایە لە حاشاکردن لە ئەدەبیاتی کوردی، خراپترە. بەپێچەوانەوە ئێمە لەو بڕوایە داین کە دەوڵەت دەبێ لەم بارەیەوە سیاسەتێکی دیاریکراوی هەبێ. سیاسەتێکی هەبێ کە بە چاوی کراوە، بە ڕوانینی ورد لە دەوروبەر و لەملاوئەو لا و،  بە ئاگاداری لە ڕەوتی ڕووداوەکانی ڕۆژ دیاری کرابێ. ئەمڕۆ لە بەشی ڕۆژاوای ئێران ژمارەیەکی زۆر بە زمانی کوردی دەپەیڤن. ئەو زمانەیان خۆش دەوێ، لەوانەشە ئەم خۆشەویستییە بەهۆی ئەو گوشاری زۆرەی بۆ بەرتەسک‌کردنەوەی زمانەکەیان دەخرێتە سەریان، چەند قات زیادی کردبێ. ئێوە بە هیچ هێزێک ناتوانن ئەم هۆگرییەیان لێ بستێننەوە. ئەو شاعیرەی بە کوردی شێعر دەڵێ، ئەگەر بخرێتە کونجی زیندان، ئەوجار ستەمەکانی ئێوە دەخاتە توێی شێعرەکانی، ئەگەر بشیبەنە بن سێدارە، بە شێعرێکی کوردی دەچێتە پێشوازی مردن. ئەتۆ نابێ لەبیرت بچێ کە لەو ناوچانەی سەرسنووری ڕۆژاوای ئێرانی ئێمە ، خەڵکێک هەن کە لەگەڵ دانیشتووانی ئەو دیوی سنوور، لە هەر بارێکەوە هاوخوێن، هاوڕەگەز و هاوزمانن. ئەوانیش کوردن و تەنانەت هێندێکیان سەر بە یەک بنەماڵە، یەک تایفە یا یەک هۆزن. ئەوانە خۆیان لە یەکتر بەجیا نازانن، بێ ئەوەی یەکتریان دیتبێ، یەکتریان خۆش دەوێ و خۆیان بە برای یەکتر دەزانن. ئەوان ڕاستە بە ڕواڵەت گوێرایەڵی دەوڵەتێکی دیکەن و بە خەڵکی مەملەکەت یا وڵاتانێکی دیکە ناو دەبرێن، بەڵام لە دەروونیاندا کوردن و خوێنی کورد لە دەمارەکانیاندا دێت و دەچێ. پێوەنووسان بەوە کە کوردی لەهجەیە، لقێکی فارسییە، ئەدەبیاتێکی موعتەبەری نییە و هتد، قسەی منداڵانەن. ئەوانەی من و تۆ و کەسانی وەک ئێمە بێچارەیان دەسخەرۆ کردووە، بەو بێ‌خەبەری و ترسەی ئێمە گاڵتەیان دێ. ئەم قسە منداڵانانە بێجگە لە پڕکردنەوەی لاپەرەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، بێجگە لە دڵی خۆ پێخۆش‌کردن یا باشتر بڵێم فریودانی خۆمان، بە کەلکی هیچی دیکە نایەن. دەبێ ترس وەلا بنێین، دەبێ ڕاستییەکە بڵێین ئەگەر چی تاڵ بێ، چونکە هەتا ددان بە ڕاستیدا نەنێین، ڕێگای دروست نادۆزینەوە. لە ڕووس دەترسین، لە ئینگلیس دەترسین، لە ئەمریکا دەترسین، لە تورکیە و عێراقیش بترسێین و، لە خۆشمان هەر بترسێین، ئەدی کە وایە بۆ زیندووین؟ بۆچی هەمیشە دەبێ بیرمان بچووک بێ؟ بۆ چی بەردەوام لەوە بترسین کە کوردستانمان لە دەست دەربچێ... بۆچی ناڵیین با ئێرانێکی گەورە بنیات بنێین؟... ئەمڕۆ ئەگەر دەبیستن کە لە هێندێک ناوچەی کوردستان، خەڵک خودموختارییان دەوێ، لۆمەیان مەکەن، چونکە ئەوان لەو حکوومەتانە وەزاڵە هاتوون، هەرچی هاوار دەکەن کەس گوێ لە هاواریان ناگرێ. تا کەنگێ تەحەممول بکەن، چاوەڕیی چی بن؟ چاوەڕوانی ئەوە کە دانیشمەندێک ڕاست بێتەوە و پێشنیار بکا چونکە دەوڵەتێکی بەهێز بە ناوی تورکیە لە جیهاندا هەیە، با ئازەربایجانییەکان لە قوتابخانەی سەرەتاییدا تورکی بخوێنن؛ چونکە کوردیش، دەوڵەتێکی بەهیزی کوردی لەپشت نییە، دەوڵەت ناتوانێ سیاسەتێکی لە ئاست ئەوان هەبێ؟ واتای ئەم پێشنیارە چییە؟ واتە کوردەکان! ئەگەر دەتانەوێ منداڵانتان لانیکەم لە قوتابخانەی سەرەتایی بە کوردی بخوێنن، دەبێ هەوڵ بدەن دەوڵەتێکی بەهێزی کورد پشتیوانتان بێ. هەر ئەو دەلیلەی کە تۆ بۆ ڕێگەپێدانی خوێندن بە زمانی تورکی  دەیهێنییەوە و دەڵێی لەبەر ئەوەی زمانی ڕەسمیی دەوڵەتێکی بەهێزە، پێشنیارەکەی خۆت ڕەت دەکاتەوە، سانسۆرەکەشت بۆ ئەوەی لەسەر سنوورەکان پێش بەو کتێب و گۆڤارانە بگرن کە پڕۆپاگەندەی دژی ئێرانیان تێدایە، ناگاتە هیچ کوێ و، زۆری پێ ناچێ بیروباوەڕی پان تورانیزم ئازەربایجان دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆی و  ئاکام و ئەنجامەکەشی چاوەڕوانکراوە... ئێستا با بزانین مەترسیی ئازادبوونی زمانی کوردی بۆ مەملەکەتی ئێمە چ دەبێ؟ بەو هۆیەوە کە کوردستانێکی سەربەخۆ نییە، خوێندن بە زمانی کوردی نابێتە مەترسیی دابڕانی بەشێک لە مەملەکەت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، تەبلیغی زمانی کوردی لە کوردستانی ئێران، بمانەوێ و نەمانەوێ دەبێتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی کوردانی دیکەی جیهان و ئەگەر ئەم بانگەشەیە، سیاسەتێکی ڕیفۆرمخوازانەی لەو ناوچانە لە گەلدابێ، دوور نییە هەوڵی پێکهێنانی ئێرانێکی گەورە بگاتە ئاکام. چونکە ئەگەر ئێرانێکی بەهێز هەبێ و کوردستانێکی سەربەخۆ نەبێ، هێچ گومانی تێدا نییە کوردانی جیهان بەر لە قبووڵکردنی شارومەندێتیی هەر دەوڵەتێکی دیکە: تورک یا عەرەب دەیانەوێ لەژێر ئاڵای ئێرانێکی گەورەدا بژین. با لە لایەکەی دیکە ئەو مەسەلەیەش ورد بینەوە. وای دادەنێین کوردستانێکی سەربەخۆ پێک دێ. ئەو کوردستانە بەو هۆیەوە کە دەوڵەتێکی  ساوایە، هەموو هۆش و بیری بۆ بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی کاروباری نێوخۆیی خۆی تەرخان دەکا و ماوەیەک دەخایەنێ تا ببێتە دەوڵەتێکی بەهێز و بۆ وێنە وەک ئێستای دەوڵەتی تورکیەی لێ بێت. لە بارودۆخێکی ئاوادا ئێران باشترین هەلی بۆ هەڵ دەکەوێ بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ئەو دەوڵەتە نوێیە و، وەک دەوڵەتێکی هاوڕەگەز دەتوانێ پێوەندییەکی زۆر دۆستانەی لەگەڵی هەبێ، چونکە هاوخوێنی و هاوپێوەندیی مێژوویی و بوونی چەند میلیۆن کورد  لە ئێران، ڕێوشوێنی دۆستایەتییەکە پتەو دەکا. هەر بەم هۆیانەوە کوردستانی سەربەخۆ نەک زیان بە ئێران ناگەیەنێ، بە قازانجیش دەبێ...."   سەرچاوەکان: گۆڤاری "یادگار"، ساڵی دووهەم، ژمارە شەشەم، ڕێبەندانی ١٣٢٤، ژانویە-فێوریەی  ١٩٤٦ "نامە هفتگی کوهستان"،  ژمارە 45 (١٧ی ڕەشەمەی ١٣٢٣- ١٢ی ڕەشەمەی ١٣٢٥)، لە لایەن بنکەی ژین چاپ کراوەتەوە، ٢٠١٠