کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سەکۆی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ەوە بۆ ئێستا

15:27 - 16 خەزەڵوەر 2721

بیرهێنانەوە سێ ساڵ پێش ئێستا و لە نێوەی دووهەمی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٨ هەتاویدا، زنجیرەیەک خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران بەبۆنەی یەکجێ سێ هیندە گرانکردنی نرخی بێنزین هاتنە ئاراوە، کە جێی خۆیەتی بۆ هەمیشە لەبیرماندا بمێنی و نەهێڵین گەردی فەرامۆشیی لێ بنیشێ. شەوی ٢٣ لە سەر ٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی نرخی بێنزین لە ئێران سێسەد لە سەد بەرز بوویەوە و لە لیتری ١٠٠٠ تمەنەوە بوو بە ٣٠٠٠ هەزار تمەن و بەم هۆیەوە لە نزیک بە ٣٠ پارێزگا و زیاتر لە ١٣٠ شاری ئێران و کوردستان، خەڵک بە ڕژانە سەر شەقامەکان و به بەرزکردنەوەی دروشمی جۆراوجۆر، ناڕەزایەتیی توندی خۆیان بەو دۆخە دەربڕی. ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەر و دوای بچڕانی هێڵی ئینترنێت لە سەرانسەری ئێران بە بڕیاری ڕاستەوخۆی شوڕای ئەمنیەتی میللی، پەلاماری دڕندانەی هێزە ئەمنیەتی و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر خۆپێشاندەران دەستی پێ کرد و شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان خەڵتانی خوێن کرا. بهپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی لێبوردەیی جیهانی و هەواڵدەرییەکانی وەک ڕویتێرز لە ئاکامی ئەم سەرکوتکارییانەدا زیاتر لە ١٥٠٠ کەس لە خۆپێشاندەران گیانیان لێ ئەستێندرا، زۆر لەوەندە زیاتر بریندار بوون و پتر لە ٧٠٠٠ کەسیش دەستبەسەر کران. بێگومان هەڵسوکەوت و ڕەفتاری هێزە سەرکوتکەرەکان بەرانبەر بە خۆپێشاندەران لە شارەکانی کوردستان توندوتیژتر و بێ‌ڕەحمانەتر لە شوێنەکانی دیکە بوو. لە شارەکانی مەریوان، جوانڕۆ، بۆکان و کرماشان خۆپێشاندەران کەوتنە بەر ئاگری ڕاستەوخۆی چەکە جۆراوجۆرەکانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و لە ئاکامدا ٢٠ کەس گیانیان لێ ئەستێندرا. دیسان وەک هەمیشە دەسەڵاتی سەرکوتکەری تاران هۆکاری ئەم ناڕەزایەتیانەی خستە ئەستۆی "پیلانگێڕییەکانی دەوڵەتانی بێگانە و دەست‌وپێوەندیی دوژمنانی نیزامی ئیسلامی" و سەرکۆماری ئەوکاتیش (حەسەن ڕوحانی) به ڕاگەیاندنی بێ‌ئاگاداربوونی خۆی لە بەرزبوونەوەی نرخی بێنزین، هەموو بەرپرسایەتییەکی لەسەر شانی خۆی داماڵی. ***   ئێستا کە دوو ساڵ بەسەر ئەم ناڕەزایەتییانەدا تێپەڕ دەبێ و بە هاتنەسەرکاری دەوڵەتێکی تەواو ئەمنیەتی و سپایی و بوونی ڕەئیسی وەک بڕیاردەرێکی جنایەتەکانی دەیەی شەستی هەتاوی بە سەرکۆماری ئێران، سەیری ڕەوتی ڕووداوەکان دەکەین، کۆمەڵە پرسیارێک لەسەر نێوەڕۆکی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، ڕەوت و مەسیری ئەم ناڕەزایەتییانە و داهاتووی بزووتنەوەی مافخوازانە لە ئێران و چارەنووسی کۆماری ئیسلامی ئێران دێتە ئاراوە کە حەق وایە بە وردبینییەوە وڵام بدرێنەوە. هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە زۆرینەی خەڵکی ئێران دژ و نەیاری کۆی ماهییەت و سیستەمی کۆماری ئیسلامین و تازەترین بەڵگەش بۆ سەلماندنی ئەم ئیدیعایە، ڕوووەرگێڕان و بەشداری نەکردنیان لە تازەترین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری بوو کە بەپێی ڕاگەیاندراوی خودی وەزارەتی نێوخۆی ئێران، خولی سێزدەهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری کە ڕەئیسیی تێدا کرایە سەرکۆمار، نزمترین ئاستی بەشداریی خەڵکی لە ٤٢ ساڵی دەسەڵاتداریی ئەم ڕێژیمەدا تێدا تۆمار کراوە. کەوابوو خەڵکی ئێران تەکلیفی خۆیان لەگەڵ ئەم نیزامەدا لە باوەڕ و ڕوانیندا یەکلایی کردۆتەوە و بەکردەوەش لە شکڵ و شێوازی جۆراوجۆری وەک ناڕەزایەتی دەربڕین و پێهکێنانی حەرەکەتی ئێعترازی و بەشداری‌نەکردن لە هەڵبژاردنەکان، لەمێژە ئەم پەیامەیان گەیاندووە. لێرە پرسیارە هەمیشەیی و زەروورییەکە کە لەوانەیە وڵامدانەوەی لە تاقەت و دەفەتی ئەم وتارەدا نەبێ و تەنیا ئاماژەیەکی کورتی لەسەر دەهێنینە بەر باس، ئەوەیە کە؛ بۆچی حەرەکەت و هەڵوێستی دژبەرانەی بەرەی خەڵک تا ئێستا ئاکامی دڵخواز و ئامانجی یەکجارەکیی خەڵکی ئێران کە لاچوونی نیزامی کۆماری ئیسلامی و هاتنەسەرکاری دەسەڵاتێکی دێموکراتیکی ئەمڕۆییە، لێ ناکەوتۆتەوە؟! وڵامدانەوە بەم پرسیارە کە تا ئێستا کەمیشی لەسەر باس نەکراوە، ڕەهەند و بواری جۆراوجۆری هەیە کە لەوانەیە ڕیشەی لە ڕووداوە مێژووییەکانی زیاتر لە سەد ساڵی ڕابردووی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێراندا هەبێ کە بێگومان کاریگەریی هۆکارە پێکهاتەیی، سیاسی، فەرهەنگی، مەزهەبییەکان شوێنەواری تایبەت بە خۆیان داناوە. بەڵام بە وردبوونەوە لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی لانیکەم ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو و، بەسەرنجدان بە نێوەرۆکی داواکاریی و کەیفییەتی درووشمەکانی خۆپێشاندەرانی ئەم چەند ساڵەی سەر شەقامەکانی ئێران، هەست بە کەمایەسییەکی حاشاهەڵنەگر لە ناڕێکخراوبوونێکی سیاسی و تەشکیلاتی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییان دەکرێ. بە مانایەکی دیکە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران لەگەڵ ئەوەی کە ماهییەتێکی دژبەرانەیان بۆ بەگژداچوونەوەی دەسەڵات تێدا به بە‌هێزی بەدی دەکرێ، بەڵام لەڕووی ڕێکخستن و نێوەڕۆکی داواکاریی و دوورەدیمەنەوە، بەبێ ‌نەخشەڕێگا و پلان دەڕواتە پێشێ. نەبوونی نەخشەڕێگا و پلانی وڵامدەر کە پێوەندی بە مەسەلەی ئالترناتیڤ و جێگرەوەی دەسەڵاتی مەجوودەوە هەیە، باسێکی تازە نییە و بەردەوام نەبوونی وەک کەمایەسییەکی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی و خەباتە گشتییە سەرانسەرییەکە دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران باسی لەئارا دایە. ئەگەر لەلایەک نەبوونی ئالترناتیڤ و ڕێبەرییەک بۆ بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان مەترسی و هەڕەشە بووە، لەلایەکی دیکەوە، گەڕان بە دوای جێگرەوەی ئەم نیزامەدا لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵات و لەنێو ئەو هێز و لایەنەنەدا کە بە دەیان ساڵە بە فکر غایب لە شەقامەکانی ئێرانن، زۆر خەسارهەڵگره. لە ئێستادا بۆ کەس جێگای شک و گومان نییە کە زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئێران و بە تێکڕای گەڵانی ئەم وڵاتە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان ناوێ، بەڵام لە بەرانبەریش‌دا لەوەدا ماونەتەوە کە بۆ داهاتووی ئیدارەی ئەم وڵاتە پشت بە چ کەس و لایەنێک ببەستن و ئالترناتیڤێکی متمانە پێکراو شک نابەن، ئەگەر خەڵکی ئێران لە سەر ئاستی سەرانسەری ئەم وڵاتەدا هەست بەوە بکەن کە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن توانای ئەوەی هەیە ببێتە ئەو هێزەی کە متمانەی پێبکەن، بەدڵنیاییەوە خستن و لادانی کۆماری ئیسلامی کارێکی دژوار نابێ. خەسارەکەش خۆ هەر ئەوه نییە کە بە گەڕان بە دوای ڕزگاریدەر لە دەرەوەی سنوورەکان، کار لە بێ‌متمانەبوون به هێزی نێوخۆی وڵات و پاسیڤ کردنی دەکرێ، بەڵکوو ئەم دۆخە مەجال بۆ دەسەڵاتی حاکم دەرەخسێنێ کە بە ئارەزوو و مەبەستی خۆی هەوڵی مودیرییەتی ناڕەزایەتییەکان و بەلارێدابردنیان بدا کە لە هەردوو حەڕەکەتە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ساڵانی ٩٦ و ٩٨‌دا کردی و تا ڕادەیەکیش تیایاندا سەرکەوتوو بوو. درووشمەکان دەستکاری کران و داواکارییەکان گۆڕدران و ئاراستەی ناڕەزایەتییەکانیان بە تێخراندنی کەسانی سەربەخۆیان بۆ نێو ڕیزی خۆپێشاندەران گۆڕی و لە هێندێک شوێن خەڵکیان بەگژ یەکدا کرد و لە هێندێک شوێنی دیکە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک کران بە بەشێک لە کێشە و ناکۆکیی نێو باڵەکانی ڕێژیم. بەرەوڕووبوونەوەی توندوتیژی ڕێژیم بەرانبەر بە خەڵک لەم ناڕەزایەتیانە‌دا جیا لە لاوازی و بێ‌توانایی لە چارەسەرکردنی کێشەکان، هەستکردن بە دابەزینی ئاستی مەقبولییەتی لە نێو خەڵک و لە دەستدانی مەشروعیەتی سیاسی، ناتوانێ مانایەکی دیکەی هەبێ. لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨‌دا هێزە سەرکوتکەرەکانی تەنیا بە باتۆم و شۆکەر و گازی فرمێسک‌ڕێژ و تەنانەت چەکە سووکەکانی وەک دەمانچه و کڵاشینکۆف، پەلاماری خەڵکیان نەدا، بەڵکوو لە هێندێک شوێنی وەک مەشهەد و مەریوان به چەکی نیوەقورسی وەک دۆشکا و تیربار خەڵکیان دایە بەر دەستڕێژ و گیانی سەدان کەسیان ئەستاند. ئێستا کە هەر سێ دەزگای ئەسڵیی ئەم نیزامە یەکدەستتر بوونەتەوە و ڕاستەوخۆ و زیاتر لە جاران لەژێر ئەمر وفەرمانی بەیتی ڕێبەری ‌دان، هیچ گومانی تێدا نییە هاودەنگ و توکمەتر لە هەمیشە خۆیان بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی خەڵکی ئامادە کردووە و هەر ئەم هەوڵی یەکدەست‌کردنە نیشان لە ترسی نیزام لە ڕق و بێزاریی جەماوەری خەڵکه. سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی خەڵک لە هەلومەرجی ئێستای نێوخۆی وڵاتدا کە هاوکات لەگەڵ زۆر کێشە و قەیرانی جۆراوجۆر کە بەرۆکی ڕێژیمی گرتووە و توانای چارەسەرکردنیانی نییە، بە ی کێشەی ژیان و گوزەران (قەیرانی ئابووری) کە لەوپەڕی خراپی خۆی دایە و دۆخی تەندروستیی گشتیی کۆمەڵگە بەهۆی کرۆناوە، هەروا ئاسان نابێ. ڕێژیم لەو دوو ساڵەدا هەوڵی داوە بە مودیریەت‌کردنی قەیرانی کۆرۆنا و فشاری ئابووری، خەڵکی ناچار به گۆشەگیری و دەرگیر لە گەڵ کێشەکانی ژیانەی ڕۆژانەدا کردووە. بەڵام ئەوەی لە ئێستادا ڕوونە ئەوەیە کە لە درێژخایەندا، کۆماری ئیسلامی ئیران ناتوانێ خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک بپارێزێ.