کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لافاو خەسارێکی قەرەبوونەکراوی بە باخدارانی شاری سەقز گەیاندووە

16:29 - 16 خەزەڵوەر 2721

لافا لە شاری سەقز خەسارێکی زۆر و قەرەبوونەکراوی بە زەوی و زاری جووتیار و باخدارانی ناوچەکانی ئەو شارە گەیاندووە. بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییە خۆجێیەکان، لافاوی دەستپێکی بارانبارینەکانی پاییزی ئەمساڵ، خەسارێکی زۆر و قەرەبوونەکراوی بە ٢٥٠ دۆنم لە زەوی و زاری جووتیار و باخدارانی ناوچە جیاوازەکانی شاری سەقز گەیاندووە. محەممەدنافع عەلایی‌نیا، بەرپرسی بەڕیوەبەریی جەهادی کشتوکاڵی ڕێژیم لە شاری سەقز، لەم بارەیەوە بە میدیاکانی ڕێژیمی ئێرانی ڕاگەیاندووە: "بەپێی دوایین هەڵسەنگاندنەکان، لافاوی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، خەسارێکی زۆری بە ٢٥٠ دۆنم لە زەوی و زاری باخداران و مەزرای خەڵکی چەندین گوندی ناوچەکانی شاری سەقز گەیاندووە و تەنانەت خەساریشی بە ‌هێندێک لە ئەنباری باخدارەکان گەیاندووە". سەرەڕای ئەوەی کە لە ئەمساڵدا هێشتا بارانێکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا نەباریەوە، هۆکاری خەسارەکان لە باخداران و مەزرادارانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە سەرەتای بارانبارینی ئەمساڵەوە، بۆ گۆڕینی ناکارناسانە و نابەرپرسیارانەی ڕێڕەوە ئاوییەکان لەلایەن ڕێکخراو و بەرپرسانی پێوەندیداری ڕێژیم بە مەبەستی تایبەتی خۆیان دەگەڕێتەوە. جیا لەوەی کە تاکوو ئێستا بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیم لەسەر گۆڕینی ڕێڕە ئاوییەکانی ناوچەکانی کوردستان، هیچ بەرپرسیارەتییەکیان نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵکوو تاکوو ئێستاش هیچ هەوڵێکیان بۆ قەرەبووکردنەوەی خەسارەکانی ئەو باخدار و مەزرادارانەش نەداوە.