کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزراندنی بونیاد و خەڵاتی پێنووسی جەلال مەلەکشا

16:31 - 17 خەزەڵوەر 2721

لە یەکەمین ساڵیادی کۆچی‌دوایی جەلال مەلەکشا، بونیادێک بە ناوی ئەو شاعێرە کوردە دادەمەزرێت و ساڵانە خەڵاتی پێنووسی مەلەکشا دەخەشرێتە باشترین بەرهەمی شێعریی شاعێرانی کورد. بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە یەکەمین ساڵیادی کۆچی‌دوایی نووسەر و شاعێری نەتەوەیی کورد، مامۆستا جەلال مەلەکشا، بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی ناو و یادی ئەو کەسایەتییە و کۆکردنەوە و پاراستنی سەرجەم بەرهەمەکانی مامۆستا جەلال مەلەکشا، بونیادێک لەژێر ناوی "بونیادی جەلال مەلەکشا" لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوە و ئەم بونیادە ساڵانە خەڵاتی "پێنووسی مەلەکشا" دەبەخشێتە باشترین بەرهەمی شێعریی شاعێرانی کورد. جێگای ئاماژەیە کە ئێستادا ئامادەکاری بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی ئەو بونیادە دەکرێت و بەڕێوەبەرانی وێڕای داوای هاوکاری لە هەموو دڵسۆزان و خەمخۆرانی ئەدەبی کوردی و شاعێر و نووسەر و کەسایەتییەکانی کورد، ڕایانگەیاندووە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەم بارەیەوە ڕاگەیەندراوێک و هەروەها بانگەوازی "پێنووسی مەلەکشا" بڵاو دەکەنەوە و لە دووهەمین ساڵیادی کۆچی‌دوایی مامۆستا جەلال مەلەکشا بەرهەم و شاعیری هەڵبژێردراو دیاری دەکرێت. شایانی باسە کە پێشتر ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات بڵاوی کردبووە کە بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی کۆچی‌دوایی مامۆستا جەلال مەلەکشا، ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، ئەویندارانی شێعر و ئەدەب و لایەنگرانی مامۆستا جەلال مەلەکشا، بە بەشداریی ئەدیبان، نوسەران، شاعێران، کەسایەتییەکانی شاری سنە و کوردستان، لەگەڵ خەڵکی گوندی مەڵووشان، زێدی لەدایکبوونی مامۆستا جەلەل و خەڵکی شاری سنە و دەروبەری سنە، ڕێوڕەسمێکی تایبەتیان بەڕێوە بردووە.