کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشی سۆنۆگرافی و ڕادیۆلۆژیی سەردەشت داخرا

16:34 - 17 خەزەڵوەر 2721

کلینیکی سۆنۆگرافی و ڕادیۆلۆژیی کەرتی تایبەتی سەردەشت ماوەیەکە داخراوە و تەنیا خەڵکی سەردەشت لەم نێوەدا زەرەرمەند دەبن . بەهۆی نەبوونی ژێرخانی پێویست لە بەشی دەرمان و ناکارامەیی بەرپرسانی ئەم بەشە لە شاری سەردەشت، هێشتا نەخۆشخانەی ئەم شارە بەشی سۆنۆگرافی و ڕادیۆلۆژیی نییە و ئەم بەشە بە کەرتی تایبەت سپێردراوە، بەڵام لە ئێستادا ماوەی چەند ڕۆژە کە ئەم بەشە بە هۆکاری نادیار داخراوە و بە تایبەتی کێشە بۆ ژنانی دووگیان و ئەو کەسانەی کە نەخۆشی ناوەوەی جەستەیان هەیە، بەدی هێناوە کە دەبێ یان چاوەڕوانی کرانەوەی ئەم ناوەندە بن یان دەبێ بڕۆنە شارەکانی دیکە. ئەم کارەش ناڕەزایەتی و گرفتێکی زۆری بۆ خەڵکی ئەو شارە دروست کردووە کە بەهۆی خراپی ڕێگاوبان و سنووری بوونی ئەم شارە و هەروەها پەتای کۆرۆنا بە سەختی دەستیان بە شوێنەکانی دیکە بە تایبەت لە وەرزی سەرمادا ڕا دەگات و تێچوویەکی زۆریان دێتە سەر شان. کێشەی نەبوونی ژێرخانی پێویست لە بەشی دەرمان و کەرەستەی پێویستی پزیشکی و هەروەها کەمبوونی پزیشک و کادری دەرمانیی پسپۆڕ لە کوردستان نەخۆشەکانی ناچار کردووە، سەردانی شارەکانی دیکە بکەن و بەو هۆیەوە سایەتی گیان لەدەستدان و ڕوودانی زۆر کارەسات بۆ بنەماڵەکانین کە هیچکات و بە هیچ نرخێک قەرەبوو ناکرێتەوە.