کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گواستنەوەی ژنە بەندکراوێکی کوردی خەڵکی پیرانشار بۆ بەندیخانەی ورمێ

14:39 - 20 خەزەڵوەر 2721

سوعدا خەدیرزادە هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار دوای ٢٥ ڕۆژ دەسبەسەرکران لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی خەدیرزادە، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا سوعدا خەدیرزاده هیچ جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە. سوعدا خەدیرزادە تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەر لەلایەن ئیتلاعاتی ئەو شاره دەسبەسەر کراوە و دوای دەسبەسەر کران، ڕۆژی شەممە ٢٤ی ڕەزبەر بۆ گرتنگەگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازراوەتەوە. سوعدا خەدیرزاده دووگیان بووە و پێویستی بە خزمەتگوزاری پزیشکی تایبەت بە قۆناغی دووگیانی هەیە و لەلایەن بەرپرسانی ناوەندە پێوەندیدارەکان هیچ گرینگییەک بە دۆخی تەندروستیی ناوبراو نەدراوە. هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەسبەسەر کران و هەروەها ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانەوە خراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە، لەبەر دەستدا نییە.