کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی دایکی شەهیدێکی حیزب لە شاری بۆکان

13:25 - 21 خەزەڵوەر 2721

مریەم ڕەسووڵزادە دایکی سوڵتان حاجی ڕەسووڵی شەهیدی ڕێبازی حیزبی دێموکرات لە شاری بۆکان بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، شەوی چوارشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە مریەم ڕەسووڵزادە، دایکی شەهید سووڵتان حاجی ڕەسووڵی ناوسراو بە "دوکتور سووڵتان" کادری حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەهۆی هەڵکشانی تەمەن و نەخۆشییەوە لە ئاوایی "ئالیکەند"ـی بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد و هەر لەو ئاواییە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپەردە کرا. شەهید دوکتور سووڵتان ئەندامی کۆمیتەی شارستانی بۆکان، لە بەهاری ١٣٦٥ی هەتاوی، لە ئاوایی "قەدیم" سەر بە ناوچەی فەرهادتاش لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بەدیل گیرا و پاش ئازار و ئەشکەنجەی زۆر لە ڕۆژی ۱ی خاکەلێوەی ۱۳٦۸ی هەتاویدا لە بەندیخانەی تاریکپەرەستانی کۆماری ئیسلامییدا گولەباران کرا؛ دایە مریم ئەو شێرەژنە بوو کە تا دوا هەناسەی بێ‌وچان لە خەزمەت حیزب و گەلەکەیدا بوو و لەسەر ڕێبازی کورەکەی وەفادار مایەوە. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان لە بنەماڵەی حاجی ڕەسووڵی و هەموو کەسوکاری دایە مریەم و خەڵکی ناوچەی بۆکان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.