کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە درێژەی ڕەشبگیرییەکان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێنج هاوڵاتیی خەڵکی" نێ"ی مەریوان دەسبەسەر کران

14:57 - 22 خەزەڵوەر 2721

لەدرێژەی ڕەشبگیرییەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەوی ڕابردوو هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردۆتە سەر گوندی نێی مەریوان و پێنج هاووڵاتیان دەسبەسەر کردووە. بەپێی هەوڵی هەواڵدەرییەکان شەوی هەینی لەسەر شەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە درێژەی ڕەشبگیرییەکان لە شارەکانی کوردستان، هێرشیان کردۆتەسەر گوندی نێ و ٥ کەس لە هاوولاتییانی ئەو گوندەیان دەسبەسەر کردووە. ناسنامەی ئەو ٥ کەسە کە شەوی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون بریتین لە محەممەد ئەحمەدی، فەرید درەخشانی، کەیوان مینوویی، ئیدریس بەهرامیان و عەبدولڕەحمان ئەفشار، کە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ئەو کەسگەلە و هەروەها شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە. شایانی باسە کە هاوکات ٢٥ کەس لە شاری بانە و چەندین کەس لە شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.