کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی بەرەی یەکگرتووی کورد لەهەمبەر دەسبەسەرکردنی کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنیی کوردستان

14:00 - 23 خەزەڵوەر 2721

بەرەی یەکگرتووی کورد لەهەمبەر دەسبەسەرکردنی کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنیی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە. دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەی خوارەوەیە: لە کاتێکدا بارودۆخی ئابووری ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژیانی بۆ ڕێژەیەکی بەرچاو لە خەڵک تاڵ کردووە تاکوو ئەو شوێنەی کە هێڵی هەژاری گەیشتووەتە دەهەکی شەش و حەوت و لە حاڵێکدا ئاماری ئەو کەسانەی کە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان لەنێو زبڵدانەکاندا بۆ خواردن دەگەڕێن، کارتۆن‌خەوەکان، تووشبووان بە ماددە هۆشبەرەکان، ئەو منداڵانەی لە خوێندن بەجێ ماون یان وازیان لە خوێندن هێناوە، منداڵانی کار، تاوانباران، وشکەساڵی، نەخۆشیی کۆرۆنا و دەیان کێشە گرفتی تری ئابووری و کۆمەڵایەتی بەرۆکی کۆمەڵگەیان گرتووە و هەروەها هەڵاتنی مێشکەکان و بەها ماددی و مەعنەوییەکانی وڵات، هەواڵەکانی ڕۆژانە لەسەر گەندەڵی و دزییە میلیاردییەکان لە ئاستی ناوخۆیی و کێشەی گەمارۆکان و پرسی ناوکیی، ململانێیە ناوچەیی و نێونەتەوەیییەکانی لە دەرەوەی سنوورەکان، هەموویان کێشەگەلێکن کە پێویستە بە شێوەیەکی ژیرانە و زانستییانە بە کردەوە چارەسەر بکرێن و هەنگاوهەڵگرتن بۆ چارەسەریی ئەو کێشە و گرفتانەش پێویستی بە هاوئاهەنگی و پێوەندییەکی گەرم و باش لەنێوان خەڵک و دەوڵەتە؛ لە وەها بارودۆخێکدا دەسبەسەرکردنی بەکۆمەڵی خەڵک و لاوانی شار و ناوچەکانی کوردستان کە زۆربەیان لە بواری فەرهەنگی و مەدەنی یان ژینگەپارێزیدا چالاکی دەکەن، بارودۆخەکە لەوەی کە هەیە زیاتر ئاڵۆز و ئەمنییەتیتر کردووە و وەها بارودۆخێکیش کاریگەرییەکی پۆزەتیڤی لەسەر پێوەندیی خەڵک و دەوڵەت دانانێت و بە دڵنیایییەوە یارمەتی بە چارەسەرکردنی هیچکام لە کێشە و گرفتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ناکات. بەرەی یەکگرتووی کورد، وێڕای مەحکوومکردنی ئەم شێوە هەڵسوکەوتە و دەسبەسەرکردنەکان، داوا لە بەرپرسانی پێوەندیدار و ناوەندە ئەمنییەتییەکان دەکات کە هەرچی زووتر دەسبەسەرکراوان ئازاد بکرێن و کۆتایی بەو بارودۆخە ئاڵۆ و نائارامە بهێنن. بەرەی یەکگرتووی کورد هاوکات وێڕای ڕێزگرتن لە مافی مسۆگەری ئەو کەسانە و بەتایبەت ئازادیی هزری، ئازادیی ڕادەربڕین و سەرەنجدان بە ڕەخنە و پیشنیارە سازەندەکانی چالاکانی مەدەنی، داواکارە کە لە هێز و پۆتانسییەلی ئەوان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی وڵات کەڵک وەربگرێت.