کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی بەندکراوێکی سیاسیی پێشوو لە تاران

14:05 - 23 خەزەڵوەر 2721

بەندکراوێکی سیاسیی پێشووی خەڵکی بۆکان لە تاران لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی قەڵای حەسەنخانی (شارەکی قودس) لە تاران، هەڵیانکووتاوەتە سەر ماڵی "عومەر شەریفی بۆکانی" بەندکراوی سیاسی پێشوو و نیشتەجێی شاری تاران و دەسبەسەریان کردووە. عومەر شەریفی بۆکانی تەمەنی ٧٠ ساڵە و تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگیرانی و هۆکاری دەسبەسەرکردنی هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە. شایانی باسە عومەر شەریفی بۆکانی ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەسبەسەر و لەلایەن دەزگای قەزایی ڕیژیمی ئێرانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە دوای تێپەربوونی ٧ ساڵ لەبەندیخانە ئازاد کرا. ڕەزا شەریفی بوکانی چالاکی مەدەنیی کورد و کوڕی عومەر شەریفی بوکانیش ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی دەسبەسەر و هەر بەو تۆمەتە ماوەی ٥ ساڵە لە بەندیخانەی بۆکان و ڕەجایی شەهری کەرەج بەندکراوە.