کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فیلمی دەرهێنەری لاوی سەقزی خەڵاتێکی تری نێونەتەوەیی بەدەست هێنا

14:37 - 24 خەزەڵوەر 2721

فیلمی "سەرۆک" لە دەرهێنەریی ژیوار فەرەج‌زادە، لاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵاتی چواردەهەمین فستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەدەست هێنا. بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ناوخۆ، فیلمی "سەرۆک" لە دەرهێنەریی ژیوار فەرەج‌زادە، دەرهێنەری لاوی شاری سەقز، لە چواردەهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم کە لە وڵاتی گورجستان بەڕێوە چوو، وەکوو باشترین فیلمی بەڵگەمەندی (مستند) هەڵبژێردرا و دیپلۆمی شانازی و خەڵاتی ئەو فێستیڤاڵەی پێ بەخشرا. ئەو فێستیڤاڵە کە بە یەکێک لە فێستیڤاڵە بەناوبانگە نێودەوڵەتییەکانی هونەری لاوان ناسێندراوە، لە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی خەزەڵوەر بەرانبەر بە ١١ی نۆڤامبر تاکوو ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٤ نۆڤامبری ٢٠٢١ی زایینی، لە وڵات گورجستان بەڕێوە چوو. شایانی باسە کە فیلمی "سەرۆک" تاکوو ئێستا لە ۵٠ فێستیڤاڵی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا چووەتە سەر پەردەی سینەمای ئەو فێستیڤاڵانە و چەندین خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیشی بەدەست هێناوە.