"وین جورداش"، سەرۆکی هەیئەتی دادوەرانی دادگای نێودەوڵەتی خەڵکیی خەزەڵوەر، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ـی خەزەڵوەری ١٤٠٠ـی هەتاوی، لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی دادگاکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە دۆسیەی دادگای خەزەڵوەر تا کاتی دەرکردنی بڕیاری کۆتایی لە ساڵی ٢٠٢٢ ئاوەڵا دەمێنێتەوە.
دادگای پێڕاگەیشتن بە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەکاتی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ کە بە "دادگای نێونەتەوەیی خەڵکیی خەزەڵوەر" ناسراوە پاش ٥ ڕۆژ لە شاری لەندەن کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا و سەرۆکی دادگا بەو کەسانەی کە خۆیان بۆ شایەتیدان ئامادەکردبوو، ڕاگەیاند کە دۆسیەی دادگاکە ئاوەڵا دەمێنێتەوە و دەتوانن شایەتی بدەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەپێی ئەو پێشوازییە زۆرەی کە لە دادگا کرا و هەروەها ئازایەتی و بوێری ئەو کەسانەی کە لەو ساڵەدا تووشی ئازار و ڕەشبگیری و ئەشکەنجەی ڕێژیم هاتوون لە شایەتیداندا و سەدان کەسی دیکە کە ئامادەیی خۆیان بۆ شایەتیدان دەربڕیوە، ئەم پەروەندە ئاوەڵا دەمێنێتەوە.
کۆبوونەوەکانی دادگای خەڵکیی خەزەڵوەر لە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ـی خەزەڵوەر لە شاری لەندەن بە ماوەی ٥ ڕۆژ لە دوو نۆبەی بەیانی و دوانیوەڕۆ بەڕێوەچوو کە تێیدا زیاتر لە ٣٠ کەس بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەبەردەم هەیئەتی دادوەری و مافناسان شایەتییان دا.
ئەم هەیئەتە کە لە ٦ پارێزەر پێکهاتبوو چاویان بە زیاتر لە ١٠٠ بەڵگەنامەی دیکە وەکوو نووسراوەی کەسانی بەندکراو، فیلم و وێنەی کوژراوان و ئەشکەنجەدراوانی ئەو ڕووداوە کەوتووە و هەموو وەکوو بەڵگە تۆمار کراون و دەیان بەڵگەنامەی دیکە ماوە کە لەحاڵی پێداچوونەوە دان کە زیاتر ئاماژە بەوەیە کە بێڕێزی و لێدان و گرتن بەدەست هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم وەکوو سپای تێرۆریستیی پاسداران و هێزی دژیگەلیی ئینتیزامی بەرانبەر بە خەڵکی ناڕازی بووە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوی دادگای خەڵکیی خەزەڵوەر هیوای بەردەوامی خەڵک و دەوڵەتان لە گوشار و گەمارۆی زیاتر بۆسەر ڕێژیم و مەحکوومکردنی ١٣٣ کەسی پێوەندیدار بەم دۆسیە لە درێژەی دادگادا کراوە.
شایانی باسە کە ئەم دادگایە بە داواکاری گشتی خەڵکی و بەدواداچوونی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دژبەری ڕێژیم دەستی پێکرد و هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانیش لەماوەی بەڕێوەچوونی دادگاکەدا بەشداری دادگای کرد؛ لەماوەی بەڕێوەچوونی ئەم دادگایەدا پەردە لە زۆر جینایەتی هێزە ئیتلاعاتی و ئەشکەنجەدەرەکانی ڕێژیم لادرا کە ناڕەزایەتی و تووڕەیی بیروڕای گشتی کۆمەڵگای لێکەوتەوە و زامی دڵی بنەماڵە و کەسانی قوربانی ئەم ڕووداوە تاڵانەی نوێ کردەوە.