کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی ژنە چالاکێکی سیاسیی کورد لە ورمێ

14:39 - 25 خەزەڵوەر 2721

ژنە چالاکێکی سیاسی دوای بانگکردن بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ دەسبەسەر کرا. ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، "شاناز سادقی فەڕ" بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ورمێ کە سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو و شەش مانگ پێش مافی مەرەخەسی پێدراوە تاوەکوو نەشتەرگەری بکات، دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ دەسبەسەر و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازراوەتەوە. ڕۆژی شەممە ئیدارەی ئیتلاعات پێوەندی بە شاناز سادقی فەڕەوە گرتووە و ڕاگەیاندووە کە بۆ وەرگرتنی نامەیەک بۆ دادگا، دەبێ خۆی سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات بکا و دوای ئەوەی سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کردووە، دەستبەجێ دەسبەسەر کراوە. شایانی باسە شاناز سادقی فەڕ مانگی ڕابردوو تووشی پەتای کۆرۆنا بووە و تا ئێستا سڵامەتی بە تەواوی نەگەڕاوەتەوە و دوای دەسبەسەرکران بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازراوەتەوە. شاناز سادقی فەڕ بەهۆی نەخۆشیی دڵ شەش مانگ پیش بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بۆ ماوەی ٩ مانگ مەرەخەسی پێدرابوو و بڕیاربوو کە بەم زووانە بە مەبەستی نەشتەرگەری، سەردانی شیراز بکا.