کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی چالاکانی نێوخۆی ڕۆژهەڵات لەهەمبەر دەسبەسەرکردنی بەکۆمەڵی خەڵک لە کوردستان

14:41 - 25 خەزەڵوەر 2721

کۆمەڵێک لە چالاکانی مافی مرۆڤ و مەدەنی و سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیاننامەیەکیان لەهەمبەر دەسبەسەرکردنی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە. کۆمەڵێک لە چالاکانی مافی مرۆڤ و مەدەنی و سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیاننامەیەکیان لەهەمبەر دەسبەسەرکردنی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بڵاو کردەوە و لەو بایاننامەیەدا خوازیاری ئەوەن کە کۆماری ئیسلامی کۆتایی بە دەسبەسەرکردنی بەکۆمەڵی خەڵک لە شارەکانی کوردستان بهێێن. دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەی خوارەوەیە: "کۆتایی بە دەسبەسەکردنی بەکۆمەڵی خەڵک لە کوردستان بهێنن". هەر وەکوو هەموومان ئاگادارین کە لەم ڕۆژانەدا کە بێکاری، هەژاری و دەیان کێشە و دیاردەی تر و گرفتاری و داڵغەی بژێویی ژیان لەم نیشتمانەدا، باڵی بەسەر خەڵکی وڵاتدا کێشاوە، کوردستانیش لەم نەهامەتی و کێشە و گرفتانە بێبەری نییە و ئامارەکان دەخەری ئەوەن کە ڕێژەی دیاردەکان و بەتایبەت دیاردەی چارەڕەشی و هەژاری، بارودۆخەکەی لە کوردستانیشدا خراپتر کردووە. لە وەها بارودۆخێکدا کە بێ‌هیوایی پەرەی سەندووە و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، بەداخەوە دەسبەسەرکردنی بەکۆمەڵی ڕێژەیەکی بەرچاو لە چالاکان و لاوانی کورد، دڵگرانیی بنەماڵەکانیانی لێ کەوتووەتەوە و هەروەها نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی کوردستانیشی زۆرتر کردووە؛ گوشارە نایاساییە ئەمنییەتییەکان بارودۆخی ژیانی خەڵکیان دژوارتر کردووە و گوشارە ڕوحی و دەروونییەکانی لەسەر خەڵکیش زۆرتر کردووە. ئەو شیوازە هەڵسوکەوتانە و دەسبەسەرکردنی بەکۆمەڵی خەڵک لە کوردستاندا، لەگەڵ بەڵێنەکانی سەرۆککۆمار و قسەکانی سەرۆکی دەزگای قەزایی کە لە چەند مانگی ڕابردوودا زۆر جار لە پشت مایک و تریبۆنە فەرمییەکانەوە ڕوو بە خەڵک و ئەو بەڵێنانەی کە بە خەڵکیان دەدا، زۆر ناتەبایە. ئێمە کۆمەڵێک لە چالاکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کوردستان، بەردەوامیی ئەم جۆرە هەڵسوکەوت و مامەڵەکردنانە لەگەڵ هاووڵاتییانی کورد بە پێشێلکردنی مافی بنەڕەتی و سەرەتایی و شارۆمەندییەکان کە لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هاتووە و هەروەها لەگەڵ ئەو کۆنڤانسیۆنە سیاسی و مەدەنییانەی کە کۆماری ئیسلامی واژۆیانی کردووە، ناتەبان. لە کۆتاییدا خوازیار و داواکارین کە گیراوان و دەسبەسەرکراوەکان ئازاد بکرێن.