کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانکۆ مەکۆی بەرخۆدان و بەستێنی تێکۆشان

12:30 - 1 سەرماوەز 2721

(بەبۆنەی ١٧ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانیی خوێندکارانەوە) ئاماژە: خوێندکاران یەک لە چالاکترین چینەکانی کۆمەڵگەن کە لەڕووی چالاکیی زانستی و سیاسییەوە سەرچاوەی زۆر گۆڕانکاری بوون لە کۆمەڵگەکاندا. خوێندکار بەهۆی ژینگەی سیاسی و پەروەردەیی تایبەت بە خۆیەوە خاوەنی جۆش و خرۆش و توانا و ڕۆحێکی بوێر و هاندەرانەیە و هەر بەهۆی خاوەنێتیی بیری نوێ و ڕۆحێکی سەرکەشەوە ئامادە نین بەبێ هۆکاری عەقڵانی و لۆژیکی بچنە ژێر باری هیچ داسەپانێک. ١٧ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانیی خوێندکارانە. لەم نووسینەدا ئاوڕێکی مێژوویی لەو پرسە دەدەینەوە و ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ئەو بابەتە تاوتوێ دەکەین. ***   پێشەکی لە ٢٨ی ئۆکتۆبری ١٩٣٩ خوێندکارانی زانکۆی چارلز لە پراگ بەبۆنەی ٢١ـەمین ساڵیادی سەربەخۆیی کۆماری چێکەوە خۆپێشاندانێکیان وەڕێ خست کە ئەو خۆپیشاندانە بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزەکانی داگیرکاری نازییەوە سەرکوت کرا و بەر فیشەک درا. لەو ڕووداوەدا ١٥ خوێندکار بە سەختی بریندار بوون کە یەکیان دوای دوو حەوتوو لە ڕۆژی ١٥ی نۆڤەمبەری ١٩٣٩دا گیانی لەدەست دا. ڕۆژی پرسەی خوێندکارەکە لە ١٧ی نۆڤەمبەردا بەڕێوە چوو. ڕێژێمی نازیی ئاڵمان لەم ڕۆژەشدا ٩ کەس لە ناڕازییان کە ٨ کەسیان خوێندکار و یەک کەسیان مامۆستای زانکۆ بوون، بەبێ لێپرسینەوە لە سێدارەی دان و ١٢٠٠ خوێندکاری دیکەی دەسبەسەر کرد. لە ساڵی ١٩٤١ پاش دوو ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوانەدا، لە ئەنجومەنی نێودەوڵەتی یەکیەتیی قوتابیان بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە خوێندکارانی ئاوارە کە لە لەندەن بەڕێوە چوو، ١٧ی ئۆکتۆبر بە ڕۆژی جیهانی خوێندکاران ناو نرا و لەو ڕۆژەوە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان یادی ڕۆژی خوێندکار بەڕێوە دەچێ.   ئەکتی خوێندکاران و شوێندانەرییان لە پرسەکانی کۆمەڵگەدا ئاوڕدانەوە لە مێژووی بزووتنەوەی ئاکادێمی و خوێندکاری لە جیهاندا، ئەو ئاکامگیرییەکان دەداتێ کە زانکۆ شوێنی خۆڕاگری و سەنگەری تێکۆشانە و خەباتی خوێندکاران لە دژی سیستەمە کۆنەپەرست و چەق‌بەستووەکان دەستەبەری زۆر دەسکەوتی گرینگ بووە. بزووتنەوە خوێندکارییەکان سەرەڕای خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆیان لەهەر وڵاتێکدا، هاوبەشیی زۆریشیان لەگەڵ یەکتر لە ئاستی جیهاندا هەیە و، چەمکەکانی دێموکراسی، بەرزکردنەوەی مافی مرۆڤ و فراوانبوونی ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان و مافی دیاریکردنی چارەنووس لە گرنگترینی هاوبەشییەکانن. ئەگەر لە وڵاتانی پێشکەوتوودا بزووتنەوە خوێندکارییەکان لە چاخی ئێستادا پتر لەسەر مژارگەلی وەک تیکنۆلۆژی، ژینگە، چەکی ئەتومی کار دەکەن و لە فۆڕمێکی یاساییدا دەچنە پێش؛ بەڵام  لە وڵاتانی دواکەوتوودا ئەم ناڕەزایەتییانە زۆرتر بۆ ئازادی، دێموکراسی، مافی شارۆمەندی، مافی مرۆڤ و مافی دیاریکردنی چارەنووس دەکرێن و زۆر جار بە هۆی نەبوونی پلاتفۆرمێکی دێموکراسی، لاوازیی دامەزراوە مەدەنییەکان و سەرکوتی حکوومەتییەوە مل لە توندوتیژی دەنێ.   کورتەمێژوویەکی بزووتنەوەکانی خوێندکاری لە جیهان مێژووی بزووتنەوە خوێندکارییەکان لە جیهان هێندەی مێژووی دامەزراندنی زانکۆ گرینگە. بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئەمریکا، بزووتنەوەی خوێندکاران لە فەرەنسا، بزووتنەوەی خوێندکاران لە ئەفریقای باشوور و بزووتنەوەی خوێندکاران لە چێکۆسڵوواکی لە هەرە گرنگترین بزووتنەوەکانی خوێندکاران لە جیهاندان. بزووتنەوەی خوێندکاریی هاوچەرخی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٣٠ دەستی پێ کرد، کاتێک بەرەی خوێندکارانی نەتەوەیی چووە ڕیزی بەرەی خوێندکاران بۆ دێموکراسیی پیشەسازی و یەکیەتیی خوێندکارانی ئەمریکایان (ASU) پێک‌هێنا. لە ماوەی ئەو ساڵانەی کە بە ساڵانی زێڕین ناسراوە، لە بەهاری ١٩٣٠ەوە تا بەهاری ١٩٣٩، بزووتنەوەکە توانی نزیکەی ٥٠٠ هەزار خوێندکار کە نیوەی حەشیمەتی خوێندکارانی زانکۆکانی ئەمریکا بوو لەخۆ بگرێ و رێپێوانێکی ساڵانەی دژە شەڕ بەڕێوە ببا. ئەو بزووتنەوەیە پێشەنگی بزووتنەوەکانی ساڵانی ١٩٦٠ و دواتر دژ بە شەڕی ویێتنام بوو. کۆمەڵەی نەتەوەیی خوێندکارانی فەڕانسە (U.N.E.F) کە ساڵی ١٩٠٧ لە چەندین ڕێکخراوی خوێندکاریی بچووک پێک هات، دەکرێ بە کاریگەرترین ڕێکخراوی خوێندکاری لە گۆڕەپانی سیاسی فەڕانسەدا دابندرێ. لوتکەی بزووتنەوەی خوێندکاران لە فەڕانسە دەگەڕێتەوە بۆ بزووتنەوەی ناڕەزایەتی مانگی مەی ١٩٦٨، کە بە شۆڕشی خوێندکاران ناسراوە. ئەم ناڕەزایەتییانە دژ بە سیاسەتی شەڕخوازانەی دەوڵەتی فەڕانسە دەستیان پێ کرد کە بە هاتنی کرێکاران ڕەنگ و بۆیەکی نەتەوەیی بەخۆوە بینی و لە ١٣ی مەی ١٩٦٨  گەورەترین مانگرتنی سەدەی بیستەمیان تۆمار کرد و کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر کۆمەڵگەی فەڕانسە بە گشتی و ئورووپا دانا. بزووتنەوەی خوێندکاران لە ئەفریقای باشوور یەکێکی دی لە بزووتنەوە خوێندکارییە شوێندانەرەکان لە جیهان بوو. ١٦ی ژوئەنی ١٩٦٧دا ڕاگەیەندراوێکی ڕەگەزپەرەستانە لەلایەن دەوڵەتی ئەفریقای باشوور بڵاو کرایەوە کە ئاماژەی بەوە دەکرد پەروەردە بە زمانی ئینگلیزی تەنیا بۆ سپی‌پێستەکانە و پەروەردە بە زمانی ئەفریقیش بۆ ڕەش‌پێستەکان. ئەم بۆشایی ئاکادێمییە ڕەنگدانەوەی میدیایی لە ئاستی جیهاندا بەدوودا هات و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی خوێندکارانی ئەو وڵاتە، هاوپشتیی خوێندکاران لە سەرتاسەری دنیا دژ بە حکومەتی ئەفریقای باشوور لێ کەوتەوە. پاش چەندەها ساڵ خەباتی ڕەش بەتایبەتی خەباتی خوێندکاران بە سەرۆکایەتیی نێلسۆن ماندێلا لە ساڵی ١٩٩١دا بە لەنێوچوونی نیزامی ئاپارتاید سەرکەوت. خوێندکاران لە چێکوسڵۆواکی لە ١٧ی نۆڤەمبەری ١٩٨٩دا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی خوێندکارەوە خۆپێشاندانێکی بەرفراوانیان لە پراگ بەڕێوە برد کە لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتە سەرکوت کرا. بەڵام ڕۆژی ٢٤ی نۆڤەمبەر بەهۆی درێژەی گوشارەکان لەلایەن خوێندکاران و خەڵکی ئەو وڵاتە "میلوس یاکش"، سکرتێری گشتی حیزبی کۆمۆنیستی چێکسڵۆواکی ناچار بە دەست‌لەکارکێشانەوە کرا و خەڵک و خوێندکاران لە مانگرتنێکی گشتیدا، ڕۆژی ٢٩ی نۆڤەمبر کۆتاییان بە سەردەمی کۆمونیست لەو وڵاتە هێنا. دەستەواژەی شۆڕشی مەخمەڵی بۆ یەکەمجار لەلایەن "ڕیتا کلیمۆوا" و بۆ ناونانی ئەم بزووتنەوە خوێندکارییە بەکارهێنرا.   بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران بزووتنەوەی خوێندکاریی لە ئێران بە دامەزراندنی زانکۆی تاران لە ساڵی ١٣١٣ەوە لەدایک بوو و بە پێکهێنانی یەکیەتیی خوێندکارانی حیزبی توودە لە ساڵەکانی ١٣٢٠ـی هەتاوی بەفەرمی چووە نێو ململانێی کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی کۆمەڵگەوە. یەکەم بزووتنەوەی سیاسیی خوێندکاران دژی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ساڵی ١٣٢٥ رێک خرا کە بەتوندی لەلایەن ڕێژێمەوە سەرکوت کرا. بزووتنەوەی خوێندکاری ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو لە نمیللی‌کردنی سەنعەتی نەوتدا، بەڵام خاڵی وەرچەرخانی مێژووی بزووتنەوەی خوێندکاران ١٥ـی سەرماوزی  ١٣٣٢ بوو؛ کە خوێندکاران بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەدژی هاتنی نیکسۆن، سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا و دادگایی‌کردنی دوکتۆر موسەدق  ڕاژانە سەر شەقام. لە ١٦ـی سەرماوەزدا هێزی سەرکوتکەری شا قەڵتوبڕی خستە نێو خوێندکارانی تارانەوە و بەمجۆرە دواتر ئەم ڕۆژە لە ئێران بە ڕۆژی خوێندکار ناونرا. گرووپە ئاینییە خوێندکارییەکان بەشێکی دیکە لەو بزاوتە بوون کە دواتر لە ڕووخاندنی ڕێژیمی پەهلەویدا ڕۆڵیان بینی، بەڵام دوای شۆڕشی ١٣٥٧ کەش‌وهەوای ئێران کڕوماتی و خەفەقانێکی لە ڕادەبەدەری بەخۆوە بینی و سەرکوتی خەڵک بوو بەهۆی ناڕەزایەتیی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ سەبارەت بە دۆخی ئەو سەردەمە. هەر بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییانەوە بە فەرمانی خومەینی بۆ ماوەی سێ ساڵ (١٣٥٩-١٣٦٢) لەژێر ناوی "شۆڕشی فەرهەنگی"دا زانکۆکانی ئێران داخران و بزووتنەوە خوێندکارییە بەرهەڵستکارەکانی کۆماری ئیسلامی پاکتاو کران. ساڵی ١٣٧٨ لەگەڵ ناڕەزایەتیی خوێندکاران بە داخستنی ڕۆژنامەی "سلام"، زانکۆی تاران شایەتی هێرشێکی چڕی پۆلیس و هێزە سەرکوتکەرەکان و وەزارەتی ئیتلاعات و بەرگ شەخسیەکان بوو، بەوهۆیەوە کۆمەڵێک خوێندکار کوژران و دەیان کەس گیران و ئەشکەنجە دران و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ ئێران شایەتی گەورەترین ناڕەزایەتی و کۆبوونەوەکانی پاش شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ لە ئێراندا بوو کە لە ماوەی ئەو خۆپیشاندانانەدا سەدان کەس دەستگیر کران. چەخماخەی خۆپێشاندانەکانی دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ساڵی ١٣٨٨یش هەر لەلایەن خوێندکارانەوە لە تاران لێ‌درا کە لەلایەن ڕێژیمەوە بە توندوتیژی سەرکوت‌ کران. هەروەها دەکرێ ئاماژە بە ڕۆڵی خوێندکاران بکرێ لە خۆپیشاندانەکانی ساڵەکانی ٩٦ و ٩٨ـی هەتاوی کە ئەم خۆپێشاندانە خوێندکارییە جەماوەرییەش هەروەک خۆپێشاندانەکانی پێشوو لە ئێران لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی سەرکوتکەرەوە سەرکوت کران و جارێکی تر ژمارەیەک ئەشکەنجەدران و ڕەوانەی بەندیخانەکانی ڕێژیم کران.   بزووتنەوەی خوێندکاری لە کوردستان ئەگەرچی کوردستان خاوەنی خاک و وڵاتی سەربەخۆ نییە، بەڵام بزووتنەوەی خوێندکارانی کورد لەو چوار وڵاتەی خاکی کوردستانیان بە سەردا دابەش بووە، بەشێوەیەکی تایبەتی ڕۆڵی بەرچاوی بینیوە. مێژووی چالاکییەکانی بزووتنەوەی خوێندکارانی کورد لە سەدەی بیستەمدا دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکخراوی خوێندکاری کە لەژێر ناوی "یەکیەتیی خوێندکارانی کورد" لە خارپووت دامەزرا. یەکەمین ڕێکخراوی خوێندکاریی کورد کە بەفەرمی ڕاگەیەندرابێ، "کۆمەڵەی خوێندکارانی هیوای کورد" بوو کە ساڵی ١٩١٢ لە شاری ئێستانبوول ڕێک خرا. لە سەردەمی "کۆماری کوردستان"دا، "یەکیەتیی خوێندکارانی کورد" لە زانکۆی تاران دامەزرا، کە ئامانجەکەی نەهێشتنی ناکۆکییەکان و یەکگرتن لەنێوان خوێندکارانی کورد و هەروەها ڕوونکردنەوەی چینە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی کوردی بوو. "کۆمەڵەی زانستیی خوێندکارانی کورد لە ئورووپا" ڕێکخراوێکی دیکەی خوێندکاری بوو کە ساڵی ١٩٥٦ لەسەر دەستی هەندێک بژاردەی کورد وەک دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو دامەزرا. ئامانج و چالاکییەکانی ئەم کۆمەڵەیە بریتی بوون لە: - هەوڵەکان بۆ پاراستن و پتەوکردنی بناغەی بزووتنەوەی خوێندکارانی کورد لە ئورووپا و بیرکردنەوە لە چارەسەری کێشە جۆراوجۆرەکان. -  هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئەدەب و کولتووری نەتەوەیی کوردستان و بەهێزکردنی بیرکردنەوەی زانستی و فکری. - پتەوکردن و چەسپاندنی پەیوەندیی نێوان بزووتنەوەی خوێندکارانی کوردی لەسەرتاسەری جیهاندا. - هەوڵەکان بۆ پتەوکردن و چەسپاندنی پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوە حکومییەکان. -  پشتیوانی لە خوێندکارانی کورد و هەوڵدان بۆ ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگە لە بزووتنەوەی ئازادی و کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان - بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی "کوردستان" و هەروەها کۆمەڵێک وتار و گۆڤار بە زمانی کوردی و زمانی دیکە لەسەر نەتەوەی کورد. ساڵی ١٩٥٩ "یەکیەتی خوێندکارانی کورد" لە زانکۆی تاران" دامەزرا. مەبەست لە دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە خوێندکارییە یەکەم ڕێکخستنی خوێندکارانی کورد بوو بۆ چالاکییە سیاسییەکانیان و دووەمیان ئاشناکردنی خوێندکارانی وڵاتانی دیکە بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد. ساڵی ١٩٦٠ بە چوونی پۆلێک خوێندکاری نوێی کورد بۆ زانکۆکانی تاران، ئەسفەهان و تەبرێز، ناوی یەکیەتیەکە گۆڕدرا بە "یەکیەتیی خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی ئێران". دوایە خوێندکارانی ڕادیکاڵی ئەندامی حیزبی دێموکرات (سماعیل شەریف‌زادە، سولێمان موعینی، محەمەدئەمین سیراجی و سالار حەیدەری و... ) بڕیاریان دا دەست بە خەباتی چەکداری لەدژی ڕێژیمی پەهلەوی بکرێ کە ئەم جووڵانەوەیە پاش ١٨ مانگ لە ساڵی ١٩٦٩ تێک شکا و بە شەهیدبوونی ڕێبەرانی بزووتنەوەکە، کۆتایی بە بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی هات. لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧، بە بەڕێوەبردنی کۆڕی یادکردنەوەی کیمیابارانی هەڵەبجە لە زانکۆی تاران لە ساڵی ١٣٦٨ یەکەمین گزینگی چالاکیی خوێندکارانی کورد تروسکایەوە. دوای دەیەیەک و ساڵی ١٣٧٨ یەکەمین بڵاوکراوەکانی خوێندکارانی کورد بڵاو بوونەوە و گەشەی ئەو بڵاوکراوانە بە شێوەیەک بوو کە لە ماوەی چەند ساڵدا نزیکەی ٧٠ بڵاوکراوەی خوێندکارانی کورد بە نێوەرۆکی سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی لە زانکۆکانی سەرانسەری ئێران بڵاو کرانەوە. دامەزراندنی یەکیەتیی دێموکراتی خوێندکارانی کورد لە ساڵی ١٣٨٣ هەوڵێکی بەنرخ بۆ ڕێکخستنی چالاکیی خوێندکارانی کورد بوو، هەروەها رۆژی ١٢ی بانەمەڕ وەک رۆژی خوێندکاری کورد کە رۆژی شەهید بوونی سمایلی شەریفزادەیە لە لایەن ئەم رێکخراوەیەوە دیاری کراوە. بەشداریی کاریگەری چالاکانی خوێندکاریی کورد لە خۆپێشاندانەکانی هاوینی ١٣٨٨ی تاران -کە تێیدا کیانوش ئاسا و سانع ژاڵە، شەهید بوون- و پاشان بەڕێوەبردنی یادی خوێندکارە لە سێدارەدراوەکەی کورد -ئیبراهیم لوتفوڵاهی-، ناڕەزایەتی لەدژی لەسێدارەدانی ئێحسان فەتاحیان و مانگرتنی ٢٣ـی گوڵانی ساڵی ١٣٨٩ هەموو ئاماژە بە زیندوویەتی و بەرپرسایەتیی بزووتنەوەی خوێندکاری کورد دەکەن. دواتریش بە دەسبەسەرکرانی تالب بەساتی‌وەند، خوێندکاری کوردی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئیلام -ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان- لەکاتی خۆپێشاندانە جەماوەریەکانی ساڵی ٩٦ـی هەتاوی و کوژرانی لەژێر ئەشکەنجەدا شوێن‌پێی خوێندکارانی کورد لەم ناڕەزایتییانەشدا ئاشکرا دەبێ.   ئاکامگیری بزووتنەوەی خوێندکارانی کورد سەرەڕای هەموو فشار و سەرکوتی ڕێژیم لە جێگە و پێگەی خۆیدا دەتوانێ جارێکی دیکە ڕۆڵی ئاوانگارد و شۆڕشگێڕانەی خۆی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی نەتەوەی کورددا پێشان بداتەوە و بەسەرنجدان بە چالاکییەکانی خوێندکارانی کورد لەم ساڵانەی دواییدا دەتوانین ڕۆڵی پێشەنگ و کاریگەریان لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی و ڕزگاریی کوردستان ببینین. لە ئێستادا خوێندکاران توانای زیاتریان هەیە بۆ ڕاکێشان و تێگەیشتنی بیر و هەلومەرجی سیاسی لە کۆمەڵگەدا بەبۆنەی هۆشیاری و کردەوەی سیاسیانەوە و هەروەها بەهۆی پەیوەندی نزیکتریان لەگەڵ بازنە فکری و سیاسیەکاندا دەتوانن ئەم پرسانە بگوازنەوە بۆ فێربوونی بەها و بایەخە کۆمەڵایەتییەکان. ڕێژیمە دەسەڵاتخوازەکان بۆ ڕزگاربوون لە گوشاری سیاسی و پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان ئازادییە سیاسیە دیاریکراوەکان سنووردار دەکەن، کە ئەمەش دەرفەتێکی باش بۆ خوێندکاران دروست دەکا کە لە هەلومەرجێکی وەهادا خۆپێشاندان بکەن. لەکاتێکدا ئەم وڵاتانە ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری دەبنەوە، ناڕەزایی سیاسی و ئابووری لە ناو خەڵکدا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێ، لە هەمان کاتدا ئەگەر خوێندکاران توانای فکری و هەلومەرجی کۆمەڵایەتیی دروستیان هەبێ، ئەوا ڕەنگە ئەو دەرفەتە بگرنە دەست بۆ دەستپێکردنی بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتیی خوێندکارانە و گواستەوەی خێراتری ناڕەزاییەتییەکانی بۆ بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگە، بۆیە زانکۆ هەمیشە مەکۆی سەرهەڵدان و خەباتە و خەبات دژی سیاسەتی کۆنەپەرەست و جیاوازی لە کۆمەڵگە بە ناوی خوێندکارانەوە نێو نراوە، و خوێندکاران دەتوانن بە یەکخستنی چینەکانی کۆمەڵگە نیزامە کۆنەپەرەست و چەق‌بەستووەکان بۆ نیزامێکی دێموکرات بگۆڕن.     ***