کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕقی پیرۆزی دوو شەهیدی یەک خێزان (شەهید ڕەسووڵ عەزیزی)

12:43 - 1 سەرماوەز 2721

لەو کاتەوە حیزبی دێموکراتی کوردستان دامەزراوە، ڕۆلە تێکۆشەرەکانی گەلی کورد بۆ ڕزگاری لە چنگ زوڵم‌و زۆر و بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ کۆنەپەرستان خۆیان لە ڕیزی ئەو حیزبە‌دا دیتۆتەوە و بۆ خەبات دژی داگیرکەرانی کوردستان قۆلیان هەڵمالیوە و گیانی خۆیان بۆ نەتەوەکەیان داناوە، بۆ ئەوەی نەتەوەکەیان بە ئازادی بژی‌. لە نێو ئەو تێکۆشەرە خەباتکارانە‌دا زۆریان بنەماڵەکانیان لەگەڵ دروست‌بوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەردەوام لە خەبات ‌و تێکۆشانی سیاسیدا بوون، لە کوێرەوەرییەکان، هەوراز و نشێوەکان‌ و خۆشی ‌و ناخۆشییەکانی ئەم خەباتە شان بەشانی هاتوون. شەهید ڕەسووڵ عەزیزی لەو بنەماڵانەیە کە لە کۆماری کوردستانەوە شانازیی چەکی دیفاع لەخاک ‌و نیشتمانیان پێ‌ براوە و وەک بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لە هەموو قۆناغەکانی خەبات ساتێک نەوەستان. لە هەگبەی شاخ ‌و شۆڕشی ئەمجارەدا ڕێز لە فیداکاری ‌و خۆراگریی ئەو نەمرە دەگرین. شەهید ڕەسوول عەزیزی ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی زحمەتکێش و نیشتمانپەروەری گوندی بێورانی ناوچەی سەردەشت چاوی بە دنیای ڕوون کردەوە، ژیانی منداڵیی ڕەسووڵ وەک هەموو منداڵانی ئەو ناوچەیە تێکەڵاوێک دەبێ لە خۆشی ‌و ناخۆشییەکانی ژیان و ناتوانێ بچێتە قوتابخانە. له ساڵه‌کانی منداڵییه‌وه‌ وه‌ک زۆربه‌ی منداڵانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ له‌گهڵ یادی پێشه‌وا قازی و کۆماری کوردستان ئاشنا بوون، چونکە باوکی شۆرشگێری پێشمەرگەی کۆماری کۆردستان و خەباتی پڕشکۆی ساڵەکانی ٤٦ و٤٧ بوو، وەفاداریی خۆی بە ڕێبازی کۆمار و حیزبی دێموکرات نیشان دەدا و دەیپارێزێتەوە. ساڵی ١٣٥٧ لە خۆپێشاندانەکانی شاری سەردەشت بەشداریی کرد. ڕەسووڵ برایەکی بە ناوی حەمەعەزیز پیشمەرگە بوو، بەڵام کاتێک ئاخونده‌کان ده‌ستیان به‌ سه‌ر چاره‌نووسی گه‌لانی ئێران داگرت و وه‌یشوومه‌یان خسته‌ وڵات و به‌ تایبه‌تی یه‌که‌م تیری نه‌گبه‌تیی خۆیان و ڕێژیمه‌که‌یان هاویشته‌ کوردستان، هه‌ر لێی ڕانه‌وه‌ستا و له‌ دوژمن هه‌ستاوه ‌و هات بوو به‌ پێشمه‌رگه ‌و لە هێزی شەهید موعینی ئەوکات سازمان درا. ئەو وێڕای براکەی دیفاعیان لە گەلەکەیان دەکرد و ئازایەتیی ئەو دوو برا پێشمەرگەیە بوو بە ویردی سەر زمانی هاوسەنگەرانیان. ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی حەمەعەزیزی برای، فەرماندەی دەستەی کاوە مارەغانی بەداخەوە لە شەرێکی قارەمانانە‌دا شەهید بوو. دیتنی شەهیدبوونی براکەی لەو عەمەلیاتە‌دا بوو بە یەکێک لە تاڵترین و ناخۆشترین دیمەنەکانی ژیانی، بەڵام هیچ لە ورە و ئازایەتیی کەم نەکردەوە. شەهیدبوونی براکەی ئەوەی سوورتر کرد لە سەر ڕێبازی پڕ شانازیی هەموو شەهیدانی سوورخەڵاتی گەل و، ئیمان ‌و بڕوای بە ڕێبازی دێموکرات وای کرد بە ڕقێکی پیرۆزەوە درێژە بە خەبات بدا و ئەو ڕووداوە بوو بە سەرەتای وەرچەرخانێکی گەورە لە ژیانی پێشمەرگایەتی ناوبراو‌دا، ببوو بە پیشمەرگەیەکی ئازا و فیداکار و بوێر لە مەیدانی خەبات ‌و بەرخۆداندا. شەهید ڕەسوول لە چەندین عەمەلیاتی شۆرشگێرانە ‌و ئازایانەی ناوچەی سەردەشت بەشداری کرد. ئازایەتیی ناوبراو بوو بە هۆی ئەوە لەساڵی ٦٦ وەک سەرپەڵ دیاری بکرێ. ساڵی ٦٧ بەرپرسایەتیی جێگری لکی پێ ئەسپێردرا و سەرئەنجام لە ساڵی ٦٩ وەک فەرماندەری لک دیاری دەکرێ. ئەو ڕۆڵە تێکۆشەرەی نەتەوەکەمان بوو بە نموونەی فەرماندەیەکی لێهاتوو، بەتوانا کە ئیمانێکی قووڵی بە ڕزگاریی گەلەکەی بوو. لە هەموو مەئموورییەتێکی ناوچەی سەردەشتدا بەشداریی چالاکانەی دەکرد. لە مودیرییەتدا تواناکانی خۆی ڕۆژبەرۆژ زیاتر دەردەخست، خوێندن ‌و فێربوون‌ و نووسینی زمانی کوردی لە تایبەتمەندییە هەرە بەرزەکانی ناوبراو بوو. بەشداری لە شەڕەکانی ئالانی سەردەشت، چیای نۆڕێ، چیای زەنگەدۆڵ، شەڕەکانی نێوشاری سەردەشت، عەمەلیاتەکانی سەر جادەی سەردەشت-پیرانشار، هەروەها دەستبەسەرداگرتنی پایەگای زێوە و گرتنی پایەگای شەڵماش وەک بەڵگەیەکی زیندوو لە دەفتەری بیرەوەریی ئەو قارەمانە شۆڕشگێرە‌دا بە زیندوویی ماوەتەوە کە فەرماندەریی بەشێک لەو هێرشانەشی لەئەستۆ بووە. قارەمانەتیی ڕەسووڵ ئەوەندە بەرچاو بوو کە هەمیشە لەسەنگەری پێشەوەدا شەڕی دەکرد و پیشمەرگەکانی ڕێنوێنی و فەرماندەهی دەکرد، ئەو زۆر تایبەتمەندیی دیکەی  هەبوو. لەگەڵ هاوسەنگەرانی ڕووخۆش و بەحەوسەلە، فەرماندەیەکی بەئەخلاق و، لەبەرامبەر دوژمندا بەورێکی هەڵمەتبەر و خۆڕاگر بوو، ڕێزی لە کۆمەڵانی خەڵک دەگرت ‌و زۆر جار دەیگوت "ژیانی ئێمە، ماندوویی ئێمە، فیداکاریی ئیمە، مردنی ئێمە بۆ ژیانی خەڵکە و، بۆ ڕزگاریی وڵات‌ و نەتەوە ژێر دەستەکەمانە". شەوی ١١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٧٠ پێشمەرگەکانی ‌هێزی گیارەنگ لە شوێنێک بە ناوی دووپەزە دەکەونە کەمین ‌و پاش شەڕێکی ئازایانە و تێکشکاندنی کەمینی دوژمن بەداخەوە ڕەسووڵ عەزیزی لەگەڵ هاوسەنگەرێکی بەناوی ڕەئووف ئیبراهیم‌زادە کەوتە بەر گوللەی دوژمن ‌و گیانیان پێشکەش بە خاکی نیشتمان کرد. کاتێک ڕەسووڵ وەک دووهەمین کوڕی بنەماڵە تێکۆشەرەکەی شەهید دەبێ، هاوسەنگەرانی دەیانەویست هەواڵی شەهیدبوونی بە باوکی بدەن. لە کاتێکدا بێدەنگی باڵی بەسەر ماڵەکەدا کێشابوو، بە باوکی شەهیدیان گوت: "ئەمشەو پێشمەرگەکان لە دووپەزە کەوتوونە کەمین ‌و ڕەسوول بریندارە". باوکی ڕەسووڵ لە وڵامدا گوتی جەنازەکەی بەجێ ‌ماوە یان هێناوتانەوە؟ مام‌عەزیز باوکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی نیشتمان لە حاڵێکدا جارێکی دیکەش جەرگی هەڵقرچابوو، دڵخۆشیی پێشمەرگەکان دەداتەوە و دەڵێ:" ئێوە هەموو کوڕی منن، ئەوەی لەدەستان دێ و دەبێ بیکەن هەر ئەوەیە کە ڕێگای بەر نەدەن ‌و درێژەدەری ئەم خەباتە بن."