کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگای خەڵک بۆ پێڕاگەیشتن بە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، چەند وانەی گرینگ بۆ گەلی کورد

22:32 - 1 سەرماوەز 2721

دادگایەکی غەیرە حکوومی بۆ ڕاگەیشتن و لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی خۆپیشاندانە ئاشتیخوازەکانی مانگی ئابان (نڤامبر)ی ٢٠١٩ی شارەکانی ئێران، ئێستا لە لەندەن پێک‌هاتووە. خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ جگە لە دوو ئوستان نەبێ، لە هەموو ٣١ ئوستانەکانی ئێراندا بەڕێوە چوون و کوردی ڕۆژهەڵاتیش تێیاندا بەشداریی کرد. دادگاکە بە هیممەتی سێ ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ، لە ڕۆژانی ١٠ تا ١٥ نڤامبری ئەمساڵدا بە بەشداریکردنی شەش دادوەری نێونەتەوەیی لە وڵاتانی جیاواز، پێک‌هات و تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە شایەدانی ڕاستەوخۆی ئەو ڕووداوانە باسیان لەو کارەساتە مرۆڤایەتییانە کرد کە لە ئەنجامی توندوتیژی نواندنی مەئموورانی چەکداری کۆماری ئیسلامی و تەقەکردن لە خەڵکێک هاتبووە پێشەوە، کە بەبۆنەی گرانبوونی نرخی بەنزین ڕژابوونە سەر شەقامی شارەکان. ئەو سێ ڕێکخراوەیە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، لە ڕاست و چەوتیی "نزیکەی دوو هەزار و سێسەد ڤیدیۆ"یان کۆڵیوەتەوە کە "٣١٠ دانەیان پێشاندەری تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانن". ڤیدیۆکان خەڵکی ئاسایی هەڵیانگرتوون و لە مێدیای مەجازی یا لە هەندێک تەلەڤیزیۆنی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانیدا پیشان دراون. بەرپرسانی ئەو ڕێکخراوانەش هاوڕێ لەگەڵ شایەدانی دیکەی ڕووداوەکان، وەک شایەد هاتوونەتە نێو دادگا و وەڵامی پرسیاری دادوەران دەدەنەوە. ئامانجی سەرەکی کارەکە ئەوەیە بزانرێ ئایا سەرجەم سیستەمی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و شەخسی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی و حوجەتولئیسلام ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک‌کۆمار، لەو ڕووداوە تایبەتەدا "تاوانی دژی مرۆڤایەتی"یان کردووە یان نا؟ دەرگای دادگا بە ڕووی هەموو کەسدا کراوەیە و هەرکەس بخوازێ دەتوانێ بە ناونووسینێکی ساکاری ئینترنێتی، لە ژووری دادگاکە دابنیشێ و بینەر و بیسەری وتووێژی دادگاکە بێ بە زمانی ئینگلیزی. قسەی شایەدە ئێرانییەکانیش ئەگەر بە فارسی بن، وەردەگێڕدرێنە سەر زمانی ئینگلیزی. من لە ڕۆژی هەینی، ١٢/١١/٢٠٢١ وەک بینەر لە دادگاکەدا ئامادەبووم و شێوازی بەڕێوەچوونی دادگا و شایەدیدانی هەندێک لە شایەدەکان و پرسیاری داوەرەکانم بینی. ئامانجم لە ئامادەبوونەکە، ڕێزگرتن بوو لە کار و زەحمەتی ئەو ڕێکخراوە و کەسایەتییانەی وا توانیویانە بە خۆبەخشی و بێ یارمەتیی حکوومی، ئەرکێکی وا گرنگ و مێژوویی بەڕێوەبەرن و ببن بە دەنگی ئەو هاوارە لەگەروودا خنکاوەی کەسوکاری کوژراوان و برینداران و گیراوانی ڕووداوەکە. بەڵام لەعەینی کاتدا ویستم بەش بەحاڵی خۆم، هەوڵ بدەم ئەزموونەکە بکەوێتە بەرچاوی گەلی کورد، کە زیاد لە هەموو کەس و کۆمەڵگەیەکی دیکە تووشی دڕندەیی حاکمانی ئێران هاتوون و ژمارەی کوژراوان و ئیعدامکراوان و زیندانییەکانیان بە نیسبەت ڕێژەی دانیشتووان، لە هەموو گەلانی دیکەی نیشتەجێی ئێران زیاترە. بە بۆچوونی من، ئەزموونەکە نەک هەر بۆ کوردی ڕۆژهەڵات، بەڵکوو بۆ هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستانیش بەسوودە و دەتوانێ بۆ ڕاگەیشتن بە کارەساتی وەک ئەنفال و هەڵەبجە کە تائێستا دیزەبەدەرخۆنە کراوە، ببێتە نموونە و سەرمەشقی کردەوە و خەبات. هەروەها دەتوانرێ لە باکووری وڵات کەڵکی لێ وەربگیردرێ کە حکوومەتی ئەردۆغان لە ماوەی دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا، گەلێک زیاتر لە مستەفا کەماڵ کارەساتی دڵتەزێنی بەسەر گەلەکەمان هێناوە و لە نێوخۆی تورکیە ئەوەی توانیویەتی دژ بە ئێمەی کردووە، لە سووریە و عێراقیش خاکی کوردی داگیر کردووە و پلانی چەپەڵی داگیرکاریی دواڕۆژی بۆیان هەیە. من لێرەدا دەمەوێ هەندێک خاڵی سەرەکی باس بکەم کە لە رەوتی بەڕێوەبردن و پرسیار و وەڵامەکانی نێو دادگاکەدا سەرنجیان ڕاکێشام. دیارە من مافناس نیم و لە لایەنی یاسایی مەسەلەکە هیچ نازانم، بەوپێیە، قسەکانیشم نابێ زۆر بە هەند وەربگیرێن. سەد بریا لەو هەموو مافناس و کەسی حقووقییەی وا کورد لە ئورووپادا هەیەتی، چەند کەسێکیان لە ماوەی ئەو دادگا مێژووییەدا ئامادە دەبوون و ڕوانگەی خۆیان سەبارەت بەو لایەنانەی وا کورد دەتوانێ کەڵکیان لێ وەربگرێ، بخستایەتە ڕوو، بەڵکوو لە دواڕۆژدا هاندەر بوایەن بۆ کارێکی هاوچەشنی ئێمە دژ بە دەسەڵاتدارانی ئەو چوار وڵاتەی وا کوردی تێدا دەژین. حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بانگ کرابوو بێتە نێو باسەکانی دادگا و لە دانیشتنەکانیدا بەشداری بکا، بۆ ئەوەی بەرانبەر بە سکاڵای شایەدان، داکۆکی لە خۆی بکا، بەڵام ئەوان کەسیان نەناردبوو- ئەوەش کارێکی چاوەڕوانکراو بوو لەبەر ئەوەی حکوومەت نەیویستووە دان بە دادگاکەدا بنێ و بەفەرمیی بیناسێ بۆ ئەوەی هێزی بەڕێوەچوونی بڕیارەکانی کەم بکاتەوە. هەرچۆنێک بێ، خاڵە گرنگە سەرنجڕاکێشەکانی دادگا بۆ من بریتی بوون لەوانەی خوارەوە: ١- سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە شایەد و ئامادەکارانی دادگا، مافناس و حقووقی بوون کە ساڵانێکیش لێرە لە ئورووپا ژیاون، هێشتا ئەو ڕاستییە سەرەکییە تێ نەگەیشتبووون کە دادگاکانی ئەم وڵاتانە بەشوێن "فەکت" و "بەڵگە"دا دەگەڕێن و بەبێ دڵنیابوون لەو دوو دیاردە سەرەکییە، هیچ بڕیارێک دەرناکەن. فەکت دەبێ ڕوون و ئاشکرا و دوور لە گومان‌لێکردن بێ، دەنا لایەنەکەی دیکەی دادگا (لێرەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران) و لایەنگرانی، دەیاندەنە دواوە و هەوڵەکان پووچەڵ دەکەنەوە؛ نەک هەر ئەوەش، بەڵکوو دادگای بێلایەن تەنانەت بە ئامادەبوون و نەبوونی داکۆکیکاریش هەر ناتوانێ تاوان لەسەر لایەنێک بسەلمێنێ و مەحکوومی بکا، ئەگەر "فەکتی ڕوون"ی بەدەستەوە نەبێت -جا قەراری کۆتایی هێزی بەرێوەبردنی هەبێت یان نا- مەسەلەیەکی دیکەیە. ٢- نموونەیەکی ئەو خاڵە گرینگەم لە شایەدیدانی "شادی سەدر"، بەڕێوەبەری ڕێکخراوەی "دادپەروەری بۆ ئێران"دا بەرچاو کەوت. دوای ئەوەی شادی خانم ژمارەیەکی بەرچاو لە ڤیدیۆکانی ئەو ڕووداوەی پیشانی دادوەران دا و خۆی گەڵاڵەی خشتەیەکی ڕێکوپێکی بۆ سیستەمی سیاسیی-بەڕێوەبەرایەتیی ئێران پێشکەش بە دادگا کرد، هەوڵی دا بیسەلمێنێ کە تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازی بێ چەکی ئەو ڕۆژانە، "ناپێویست" و "ناقانوونی" بووە و ئەوەش بە فەرمانی "ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران" کراوە کە لەسەروو هەموویانەوە "ئایەتوڵڵا خامنەیی"، ڕێبەری ڕێژیمە وەستاوە، کە لەو ڕووداوانەدا، بەرپرسی یەکەمی هەموو سەرپێچییەک لە قانوونی وڵاتەکە بووە. یەکەم دادوەر، بەڕێز زاک یاکوب، یەک لە دادوەرانی پێشووی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئەفریقای خواروو، چەند جاران پرسیاری لێ کرد بەڵگەت چییە بۆ ئەوەی تەقەکان لەلایەن مەئموورانی کۆماری ئیسلامییەوە بووە، یان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە. وەڵامی ئەو پرسیارە بۆ ئێمە ساکارە و بە ئەزموونێک کە لە سیستەمی سیاسی-سوپایی کۆماری ئیسلامیمان هەیە، گومان لەوە ناکەین کە خەڵک لە شارەکانی ئێران چەکیان بەدەستەوە نەبووە و پاسدار و بەسیجی و ئیتلاعاتییەکان بوون کە تەقەیان لە خەڵکی بێتاوان کردووە، بەڵام ئەوە بۆ دادوەرێکی بێلایەن کە لە ئێران نەبووە و نەژیاوە، وا بەهاسانی قەبووڵ ناکرێ و بەڵگەی دەوێ. بەداخەوە ڕێکخراوە ئێرانییەکان ئەو بەشەی کارەکەیان بەباشی نەبینیبوو و دووپات‌بوونەوەی پرسیارەکان یارمەتییەکی شایەدەکەی نەدەدا کە خۆی مافناس و خاوەن ئەزموونی مەسەلەکەیە، لە ئەنجامدا دادوەری پێ ڕازی نەدەکرا. ئەوەش ناتەواوییەکی بەرچاوی کارەکە بوو. ئەوان زیاد لە دوو هەزار ڤیدیۆیان سەیر کردبوو و یادداشتیان لەبەر هەڵگرتبوون و پێشکەشی دادگایان کردبوو، بەڵام لەو خاڵە سەرەکییە ورد نەببوونەوە و ڕاست لێرەشدا کورتییان دێنا. ٣- پرسیارێکی گەلێک گرنگی ئەو دادوەرە و چەندکەسی دیکە لە دادوەران لەسەر ئەوە چەقی بەستبوو کە ئەگەر قەبووڵی بکەین تەقەکردن لە خۆپیشاندەران، لەلایەن مەئموورانی حکوومییەوە بووە، ئایا ئەوکارە بە فەرمانی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و سەرۆکكکۆمار کراوە یا مەئموورانی خۆجێیی بەگوێرەی "تێگەیشتی خۆیان لە بارودۆخەکە" و بۆ داکۆکی‌کردن لە خۆ، ئەو کارەیان کردووە؟ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە گەلێک ئەستەم بوو و پێویستی دەکرد یاسای بنەڕەتیی ئێران و ڕادەی دەسەڵاتی قانوونیی "ڕێبەر" و شوڕا جۆربەجۆرەکانی ئێران و سەرۆک‌کۆمار و دەسەڵاتدارییە چەکدارەکان شی بکرێتەوە و فەرمانەکانی خامنەیی بۆ سەرکوتکردنی خەڵکەکە بخرێتە بەرچاو، کە دیارە زوربەیان "نهێنی" یا "ناڕوون" بوون و لە ئەنجامدا دادوەرەکان قانع نەدەبوون و هەر وەڵامەکان خۆیان دەبوونە هۆکار بۆ پرسیاری زیاتر. مەلاکانی ئێران هەموو هەوڵێکیان داوە تاوانەکانی خۆیان بشارنەوە و بەڵگە بەدەستەوە نەدەن، ئەوەش کاری شایەدەکانی گەلێک ئەستەم کردبوو. واهەبوو دادوەرەکانیش کە فیلمی کارەساتەکانیان بەچاو دەدی، زگیان بۆ خەڵک بسووتێ، بەڵام بۆ دەرکردنی قەرار لە دادگایەکی باڵای ئەوتۆ و بابەتێکی وا گرنگ، دەبوایە لە خەمی داد و دادپەروەری و بێلایەنیی خۆیاندا بن و لاقیان لەسەر زەوییەکی قایم و بەمتمانە ڕاوەستێ. ڕێکخراوە ئێرانییەکان هەموو هەوڵێکی خۆیان دابوو چارەسەری ئەو مەسەلەیە بکەن و بەگوێرەی دەرەتان، بیسەلمێنن کە فەرمانەکە لە لای سەرەوە درابوو، دەنا بۆچی دەبوایە مەئموورانی دەوڵەت لە چەندەها شار و ناوچە بە یەک شێوە بجووڵێنەوە و تەقە لەلای سەرەوەی جەستەی خەڵکی خۆپیشاندەر بکەن. ئەوەش ئەزموونێکی دیکە بوو بۆ ئێمە کە لە دادگایەکی بێلایەنی دێموکراتیکدا دەبێ بە زمانی فەکت قسە بکەین نەک بە هەست و گومان، یان بە قیاس و "استقرا"ی مەنتیقی. ٤- لە کاتی تەقەکران لە خۆپیشاندەرانی "بەندەری ماهشەهر"ی باشووری ئێراندا، کە خەڵکەکەی عەرەب بوون و ڤیدیۆی پیشاندراو، دەنگی ئەوانی بە زمانی عەرەبی بڵاو دەکردەوە کە لە کاتی تەقەکراندا هاواری "الله اکبر"یان دەکرد. پرسیارێکی دیکەی دادوەری بەئەزموون زاک ئیزاک ئەوە بوو کە چۆن و بەچیدا بزانرێ ئەو دەنگە هی خۆپیشاندەرانە و کەوتوونەتە بەر گولـلەی مەئموورانی حکوومی، یاخود هی مەئموورە ئێرانییەکانە و کەوتوونەتە بەرگولـلەی خەڵک و بەشێوەی باوی ئێران، هاوار لە خودا دەکەن؟ ئەو پرسیارەش بۆ خەڵکی نێوخۆی ئێران ساویلکانە دەنوێنێ کە ئەو هەموو کوشتوبڕەیان لە پاسدار و بەسیجیی ئێران بینیوە، بەڵام دادوەرێکی بێلایەنی وڵاتێکی دیکە بەشێوەی ئاسایی ئەو پرسیارە دەکا و ڕاستیشە. ئەوە ئێمەین کە دەبێ ئیدیعای خۆمان بسەلمێنین. چۆنی دەسەلمێنین کاتێ کە هیچ مەعلووم نییە ئەو دەنگە تۆمار کراوە هی کامە لایەنی ئەو تێکگیرانەیە؟ ٥- پرسیارێکی دیکەی هەمان دادوەر ئەوە بوو خۆپیشاندەرانی بەندەر ماهشەهر بە عەرەبی دەدوێن، تۆی شایەد پێمان بڵێ ئەوانە دەڵێن چی؟ خانمی سەدر داوای لێبووردنی کرد و گوتی من عەرەبی نازانم، بەڵام بەڵێنی دا دواتر تەرجەمەیان بکا و پێشکەش بەدادگایان بکا. بۆچی ڕێکخراوە ئێرانییەکان ئەو خاڵە گرنگەیان پشتگوێ خستبوو؟ واتە ئەگەر خۆپیشاندانێک لە کوردستان یان ئازەربایجانیش بوایە و هاوار و قسەی کوردی و تورکیی خەڵکەکە ئاوا بازی بەسەردا دەدرا لەبەر ئەوەی زمانی ڕەسمی لە ئێراندا فارسییە و ئوپۆزیسیۆنی ئێرانیش ئەوەیان وەک ڕاستییەکی سەلماو وەگرتووە؟ وردبوونەوە لە گەورە و بچووکی لایەنەکان ئەرکی سکاڵاکارە کە دەبێ بۆ دادوەری دادگای ڕوون بکاتەوە و ناتوانێ بڵێ ئەوە بەڵگەی منە بەڵام نازانم چی تێدا گوتراوە. ٦- خاڵێکی دیکەی جێگەی پرسیار ئەوە بوو بسەلمێندرێ شکاندنی شووشەی دووکان و ئوتومبیل، کاری کەسانی "نفووزی"ی حکوومەت بووە کە تێکەڵ بە خۆپیشاندەران کراون و ئەوان بوون کە بۆ ناحەزکردنی ناوی خەڵک و بە ئاژاوەچی ناساندنیان ئەو کارە قیزەوەنەیان بەڕێوە بردووە. ئەو قسەیەش هەر هاسان نەدەسەلما، بەڵام یارمەتی لە شایەدیدانی کەسانێک وەردەگیرا کە پێشتر لەنێو دامودەزگا ئاسایشییەکانی ئێراندا بوون و دەیانگوت کاری وا کراوە و دەزگا ئیتیلاعاتییەکانی ئێران بۆ بەدناوکردنی خۆپیشاندەران، کەسانی خۆیان خستۆتە ناویان و کاری نەشیاویان پێ کردوون. ٧- خاڵێک کە لە هەموو ڕەوتی دادگاکەدا بەرچاو بوو و دادوەرەکان بەتایبەتی لێیان دەکۆڵییەوە ئەو پرسە بوو کە ئایا خۆپیشاندەران دژ بە مەئموورانی حکوومی کەڵکیان لە چەک بەگشتی و چەکی گەرم بەتایبەتی وەرگرتووە یان نا؟ ئەوە لە هەموو ماوەی دانیشتنێکی دادگادا خاڵی وەرچەرخانی باسەکان بوو. ئەو مەسەلەیە بۆ کورد گەلێک گرنگە. لە هەر کوێیەکی ئەم جیهانە و تەنانەت لە دێموکراتترین حکوومەتەکانی سکاندیناویاشدا کاتێ کەس یان ڕێکخراوە و گرووپێک چەک هەڵدەگری و بەرانبەر مەئمووری دەوڵەتێک دەوەستێ، ئەو حەقانییەتە دەداتە مەئموورەکە و دەوڵەتەکە بتوانن بە چەک وەڵامی بدەنەوە و داکۆکی لە خۆیان بکەن. ئێمەی کورد بۆ ماوەی زیاد لە سەدەیەک لەو زەلەدا گیرمان خواردووە، واتە بە چەک دژ بە حکوومەتەکانی ناوچە وەستاوین و داوامان لە حکوومەت و ڕێکخراوە جیهانییەکان کردووە بەهانای "کوردی مەزڵووم و بندەست"ەوە بێن و هەرگیز نەهاتوون و ناشیەن! تەنانەت لە "زەوی" و "ئاسمان"یشمان ویستووە خەجاڵەتی بکێشن و لەبەر خاتری ئەو مەزڵوومییەتەی کورد نەچەرخێن و بڕووخێن.(١) کورد جارێک ئەو دەرفەتە زێڕینەی بۆ هەڵکەوت بەڵام بەداخەوە نەیتوانی ڕاست بەهۆی ئەو خاڵە تایبەتەوە کەڵکی لێ وەربگرێ. ئەویش لە موحاکەمەی سەددام حوسەیندا بوو کە تەلەفیزیۆنەکانی هەموو جیهان قسەی سکاڵاکار و داکۆکیکاریان بڵاو دەکردەوە و شیعەکانی عیراق بە باشترین شێوە سوودیان لێ بینی، سەددامیشیان لەسەر کوشتاری قامیشەڵانەکانی باشووری عیراق مەحکووم و ئیعدام کرد. بەڵام کورد خەڵکانی ماڵوێرانی برینداری ئەنفال و هەڵەبجە، بۆ نموونە ئەو پیاوە باڵتە لەسەر شانە هەڵەبجەییەی نەکردە شایەد و نەیهێنا نێو دادگا، کە لە فیلمێکدا هاوار دەکا و دەڵێ "ئێستا ئەگەر لە دەرگای ماڵەکەم بدەم، لە ٣٨ ئەندامی بنەماڵەکەم کەسێکیان نەماون دەرگام لێ بکەنەوە"؛ لەجیاتییان چەند پێشمەرگەمان کردە شایەدی دژ بە سەددام و حزبی بەعس لە دادگا؛ پارێزەرانی سەددام و تاوانبارەکانی دیکەش سووک و سانا لە وەڵامدا گوتیان ئێوە بە چەکەوە دژ بە حکوومەت و مەئموورەکانی وەستاون، بۆچی دەبێ چاوەڕوان بن ئەوان دژ بە ئێوە هیچ کارێک نەکەن! بێ‌ئاگایی ئێمە لەو خاڵە سەرەکییە وای کردووە ئێستاش لە بەرانبەر تاوانکارییەکانی تورکیە لە ڕۆژئاوا و باشوور و باکووری وڵاتدا، هیچ لایەنێکی لاوەکی نییە ئاوڕێکی بەخێر لە کورد بداتەوە و دوژمنیش کە بەو ڕاستییە دەزانێ، ناوی تیرۆریستمان لێ دەنێ و ئەسپی هێرشکاریی خۆی بۆ سەرمان تاو دەدا.  جا ئەگەر لێرەولەوێ ئەم یا ئەو ڕێکخراوەی بێدەسەڵات بۆڵە بۆڵێکی "مافی مرۆڤانە"یان کرد، لێیان ناپەرموێتەوە و بە چەکی داکۆکی‌کردن لە خۆ وەڵامیان دەداتەوە، دەوڵەتانی جیهانیش بەداخەوە لێی وەردەگرن. گەلەکەمان دەبوایە دوای ساڵی ١٩٦١ و ئەو هەموو کارەساتانەی وا لە ماوەی حەفتا ساڵی ڕابردوودا بەسەرمان هاتووە دەرس وەربگرێ و ڕێگا چارەیەک بۆ ئەو گرفتە سەرەکییە بدۆزێتەوە. تاوان و کوشتوبڕی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەو ساڵ و مانگەدا، کەوتە بەر پرسیار و وەڵامی دادگا. یەک لەوانە کاتێک بوو کە ئەفسەرێکی پێشووی ئێران باسی فەرمانی تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی شاری مەریوانی کرد و جارێکیش ئەوکاتەی کە کاک کامیار ئەحمەدی هەواڵی گیران و کوژرانی کوڕە پووری خۆی -شەهید ئیڕشاد ڕەحمانیان-ی ڕاگەیاند و گوتی ماوەیەک دوای ئەوەی گرتیان، جەنازەکەیان لە بەنداوێکی ناوچەکەدا دۆزییەوە. هەروەها گوتی دوابەدوای خۆپیشاندانەکان، بەشێوەیەکی ڕانەگەیەندراو، لە شارەکەدا حکوومەتی نیزامی بەڕێوە دەبرا. لە ڕۆژی پێنجەمی دادگاکەدا کاک ئارام مەردۆخی باسی ڕووداوەکانی شاری سنەی کرد لە ماوەی ناڕەزایی دەربڕینەکاندا و گوتی ئەندامانی هێزی نیشانەشکێن لە سەربانی بانکەکان نیشتەجێ کرابوون، سەرهەنگ جەوانمەردی یەک لە فەرماندەرانی هێزی ئینتزامی لەوێ ئامادە بوو و هێزەکە خەڵکی خۆپیشاندەریان دەگرت و لە ئامبۆلانسی وادا ڕایاندەگرتن کە شێوازی قەفەزی پێدرابوو. لەبەر ڕووناکایی وتووێژەکانی ئەو دادگا مێژووییە و ڕێزگرتن لە ئەرک و زەحمەتی ئامادەکارانی، پێویستە ئێمەی کوردیش سەرنج بدەینە سەر دۆخی خۆمان و بزانین چۆن دەتوانین دۆزی کورد و زوڵم و زۆریی حاکمان لە هەموو پارچەکانی کوردستان لە مەسەلەی نێوخۆیی حکوومەتەکانەوە بکەینە کێشەیەکی نێونەتەوەیی. بۆ ئەو کارە، پێش هەمووشت دەبێ بزانین خەڵکی دنیا بە چ چاویلکەیەک دەڕواننە ئێمە و چۆن دەتوانین و دەبێ سوود لەو ئەزموونەی ئێرانییەکان وەربگرین  بۆ وەدەستهێنانی متمانە و پشتگیریی کۆمەڵانی خەڵک لە وڵاتانی جیهان. ئاشکرایە ئەگەر هەلومەرجی جیهان نەناسین و خۆمانی لەگەڵدا ڕێک نەخەین، خەڵکانی دنیا دوور لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان، هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی کورد نادەن و ئەگەر ئەو ڕاستییە زەقە بە چاو نەبینین، دەبێ هەر لە ناو بازنەی ئێستاماندا بخولێینەوە، شانازی بە مێژووی سێ هەزار ساڵ پێش ئێستای مادەکانەوە بکەین، شێعر بە خۆماندا هەڵبڵێین و بەدەست زۆردارانەوە پرسە بگرین و خۆمان بلاوێنینەوە! ئەوەش وێناچێ بژاردێکی دروست بێت! *** ١-  "زەوی ئێستاش لەڕووت هەڵدێ بدەی سووڕ؟/  نەڕووخای ئاسمانی پیری پشت کووڕ/ کە کوندی شووم لە گوندی کورد دەخوێنێ/ کە گەنجی کورد دەخنکێنێ لە خوێنێ..."، شیعری "ڕەوەز ورد نابێ"ی مامۆستا هێمن