کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاڵاوەکانت لێ دیارە؟ ئەدی گامێشە تینووەکان چی؟

22:46 - 1 سەرماوەز 2721

کاپ ٢٦، گەورەترین کۆڕبەندی ژینگەیی دنیا کە بۆ مەبەستی پاراستنی پتری ژینگە بەڕێوە دەچێ، ئەمساڵ لە گلاسکۆی سکۆتلەند ڕێبەرانی وڵاتانی ئەندامی لە دەوری یەک کۆ کردەوە. مژاری سەرەکیی ئەم کۆڕبەندە تاوتوێی چەندی و چۆنیی کەمکردنەوەی تێکدان و پیسکردنی ژینگە و دەستنیشان‌کردنی ڕێگەچارەکانی ئەم قەیرانەی سروشت بوو کە لە سۆنگەی پیشەسازیی مۆدێڕنەوە ڕۆژبەڕۆژ پتر یەخەی کۆمەڵگەی جیهانی دەگرێ. کۆماری ئیسلامی یەک لەو وڵاتانەیە کە لە ڕیزی سەرەوەی وڵاتانی دژەژینگەدا جێ دەگرێ. لەو کۆبوونەوەیەشدا کە دەبوا سەرۆکی وڵاتان بەشدار بوایەن، ڕەئیسی، سەرۆک‌کۆماری ڕێژیم لە ترسی گیران و ڕاوەدوونانی نێونەتەوەیی سەبارەت بەو جینایەتانەی کردوونی؛ هەروەک کۆبوونەوەکەی نیویۆرک خۆی لێ دزییەوە و ئەمجارەیان سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی وڵاتی ناردە گلاسکۆ. خۆش ئەوە بوو کە سەرۆکەکەی ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی ئێران لەبری ئەوەی قامک لەسەر بابەتی هەستیاری کۆبوونەوەکە دابنێ، جارێ هەلی بۆ هەڵکەوتبوو بکڕووزێتەوە و سیلە لە گەمارۆکانی سەر ڕێژیمەکەی بگرێ و ئەم‌وئەوی پێ خەتابار بکا. عەلی سەلاجەقە لەو کۆڕبەندەدا گوتی "دەوڵەت و ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی ئێران کە سەرۆکایەتییەکەی لە ئاستی بریکاری سەرۆک‌کۆمارە، بەرنامەیەکی درێژخایەن و مەزنی بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ گۆڕانکارییە ئیقلیمییەکان هەیە، بەڵام کاتێک باس لە هاوکاریی نێودەوڵەتی و خاوەن‌بەرژەوەندییەکان لە جیهاندا دەکرێ، وڵاتەکەی من بەرگژەیەکی بەرەوڕوو دەکرێتەوە بە ناوی تێرۆریزمی ئابووری." ئەو پاشان گوتی هەموو پێکهاتەی سیاسیی ئێران و لەسەروو هەمووان خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم لە خەمی ژینگە و ژیواری جیهان‌دان. بەڵام با بزانین وایە؟ لەبیرمانە چەند ساڵ لەوەپێش لە کۆبوونەوەی مەجلیسدا کە باسی پێویستیی نۆژەنسازی‌ و پڕکردنەوەی لایەی ئۆزۆن کرا، نوێنەرە بەڕێزەکەی مەجلیس فەرمایشتی فەرموو: "جا ئۆزون بە مە چی؟ ڕۆژئاواییەکان کونیان کردووە و با بۆخۆیشیان پینەوپەڕۆی کەن و بیدوورنەوە!" جا هەر لە بنەڕەت‌ڕا یەک لەو بابەتانەی کە کۆماری ئیسلامی بە هیچ کلووجێک خۆی لە بەرامبەریدا بە بەرپرسیار نازانێ، ژینگەیە. لە سپاردنی مودیرییەتی ژینگە بە کەسانی ناشارەزا، لە سووتاندنی مازووت کە ژینگە پیس دەکا، لە سووتاندنی دارستان بۆ داگیرکاریی زەوی، نەهێشتنی بوورە و کەس‌نەکێڵ و کردنی بە زەویی خانووبەرە و فرۆشتنی، تەنانەت هەتا فرۆشتنی کێوی دەماوەند لەم دواییانەدا کە ئیدی دیارە ئەم ڕێژیمە چۆن لە ژینگە و ژیواری خەڵک دەڕوانێ. تەنانەت لەوە بەولاتر بینیمان کە ئەوەی لە خەمی ژینگەدا بێ و ڕەخنە لە کارنەزانی و سیاسەتە چەوتەکانی رێژیم بگرێ، گیران و خرانە بەندیخانەوە و تەنانەت زۆر لەوان وەک کاووس سەیدئیمامی تێداچوون و کوشتیانن. ویشک‌بوونی گۆلی ورمێ، ویشک‌کردنی تاڵاوە گەورەکانی وڵات لە "گاوخونی"یەوە بگرە هەتا دەگاتە "هورولعەزیم" بەشێک لە جینایەت و کارنامە ڕەشەی ڕێژیم بوو کە سەلاجەقە هەر نەپڕژایە سەری و، لای وابوو ئیدی کۆمەڵگەی جیهانی کەس بەوانە نازانێ. بەڵام ناڕەزایەتیی وەرزێڕان لە بووشێهر ڕا تا دەگاتە ئیسفەهان و ناوچەکانی دیکەی ئێران شتێک نین چاوی کۆمەڵگەی جیهانی سەرنجی نەدابێتێ. هەروەها کاتێکی زۆریش لە سووتمانەکانی زاگڕۆس کە کۆمەڵێک ژینگەپارێزیش لەپێناو کوژاندنەوەیدا گیانیان دانا ڕانەبردووە، ڕێژیم هەروەها ناتوانێ حاشا لە فرۆشتنی ئاو و خاکی خۆی بە وڵاتانی عەرەبیی دراوسێی نەکا. خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمیش کە بەدایمە خەریکی شەڕ لەگەڵ دوژمنی فەڕزییە و لەو شەڕ و قرمەوقاڵەدا! و لە کاتێکدا مرۆڤ و گیانی خەڵک لای ئەو هیچ بایەخێکی نەبێ، سروشتییە کە ئەوەی بیری لێ نەکاتەوە پرسی ژینگە و ژینگەپارێزییە. سەلاجقە مەئمووری حکوومەتێکە کە درۆکردن یەک لە تایبەتمەندییەکانیەتی و لای‌وایە دنیا نایناسێ و ئێستا بۆ لابردنی سزاکانی سەر خۆی فرمێسکی گوناحباری دەڕێژێ. لەحاڵێکدا سزا و گەماڕۆکان دەرەنجام و لێکەوتەی ڕەفتار و کردەوەکانی خودی ئەو ڕێژیمەن کە لەپێناو مەزنیخوازیی خۆیدا گڕی شەڕ و بشێوی لە ناوچەدا خۆش دەکا. پێداگری لەسەر دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتومییش کە لەو سۆنەگەیەوە بە سەدان میلیارد دۆلار لە سامانی وڵاتی بەهەدەر داوە و خەڵکی وڵاتی لە پێناویدا سەرکوت کردووە و چەوساندۆتەوە، هەر لەو بیرەوە سەرچاوە دەگرێ؛ بیر و بیرکردنەوەیەک کە بایەخ و گرینگیی ژینگە تێیدا جێی نابێتەوە. لە کەس شاراوە نییە لەو چل و چەند ساڵەی نیزامی دیکتاتۆڕیی کۆماری ئیسلامیدا چ جینایەت و کارەساتێک کە ڕێژیم دەرحەق بە ئاو و خاکی ئەم وڵاتە نەیکردبێ. هەر ئەو ماوەیە بوو دیمەنەکانی ویشکبوونی هورەلعەزیم خەستەخەمی خستە سەر دڵی هەر کەسێکی بایەخ بە ژین و ژیان بدا، ئەو تاڵاوەی دوای ویشکبوونی قەڵشت قەڵشت ببوو و ئەو گامێشانەی لە تینوێتی دەیانبۆڕاند. سەلاجەقە بۆ خۆی و ڕێبەری ڕێژیمەکەی دەبێ بزانێ ئەوان بەرپرسیاری هەموو ئەو تاوان و کارەساتەن و ئەگەر لە دەستیان دێ تاڵاوەکانی خۆیان ببووژێننەوە، گامێشەکان لە تینوێتی ڕزگار بکەن، و پاراستنی ژینگەی جیهان پێشکێشی خۆیان.