کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاواری بەحەقی مامۆستایان

23:02 - 15 سەرماوەز 2721

لە دڕێژەی ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایانی قوتابخانەکان لە ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە، یازدەی سەرماوەزیش لە زیاتر لە شێست شاری ئێران و کوردستان مامۆستایان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە چوو. لە پاڕێزگاکانی تاران و ئەلبورز مامۆستایان لەبەردەم مجلیسی شووڕای ئیسلامی و لە شارەکانی دیکەش مامۆستایان لە بەردەم ئیدارەی فێرکردن و بارهێنان کۆ بوونەوە. داخوازیی مامۆستایان و خانەنشین‌کراوەکان بریتی بوو لە پلەبەندیی مامۆستایان و هاوسەنگ‌کردنی مووچەی مانگانەی خانەنشین‌کراوەکان، یەکسان‌کردنی مووچەی مانگانەیان لەگەڵ کارمەندەکانی دیکەی دەوڵەت و چەند داوایەکی دیکەی وەک ئازادکردنی چالاکانی فەرهەنگیی بەندکراو لە بەندیخانەکاندا. بێگومان ئەمە یەکەمجار و کۆتا جار نییە و نابێ کە مامۆستایان و خانەنشین‌کراوەکانی ئێران دێنە سەر شەقامەکان و داوای مافە ڕەواکانی خۆیان دەکەن. هەرچەند لە ڕواڵەتدا وا دەردەکەوێ کە ویستی مامۆستایان پیشەییە و خوازیاری سەرەتاییترین مافەکانی خۆیانن، بەڵام لە ناخی دروشمەکان لە هەموو کۆبوونەوەکاندا دەردەکەوت کە ئەوە تەنیا ویستێکی پیشەیی نییە مامۆستایان داوای دەکەن، بەڵکوو ویستێکە کە هەموو بوارەکانی ژیان و کۆمەڵگە دەگرێتەوە. ئەوان لەو شێوە ژیانە (ژانە) وەزاڵە هاتوون و خوازیاری ئالوگۆڕی بنەڕەتین، هەربۆیەش تەنیا چەند ڕۆژ دوای سەرکوتی خۆپێشاندانی خوێناویی شاری ئیسفەهان چاونەترسانە هاتنە سەر شەقامەکان. ئەوەی زۆر گرینگە و ڕێژیمی بەتەواوی هەراسان کردووە ئەو یەکگرتووییە سەرانسەرییە کە رێکخراوی پیشەیی مامۆستایان توانیویەتی پێکی بێنێ! هەر چەند لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا ئەو توێژە زەحمەتکێش و هەژارە چەندین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران پێک‌هێناوە، بەڵام هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ دەسەڵات هیچ هەنگاوێکی بۆ وەڵامدانەوە بە داواکانیان و کەمکردنەوەی ئازارەکانی ئەوان هەڵنەهێناوەتەوە. دیارە لەوبەینەدا دۆخی مامۆستایانی گرێبەست زۆر خراپترە و نەک هەر موچەی مانگانەیان زۆر کەمە، بەڵکوو هەمیشە مەترسیی ئەوەیان لەسەرە گرێبەستەکانیان نوێ نەکرێتەوە. ئەو دیاردەیە لە کوردستان زۆر بەرچاوترە و ڕێژیم هەوڵی داوە لەبری تازەکردنەوەی گرێبەستی مامۆستا کوردەکان، کەسانی غیرەکورد دابمەزرێنی؛ هەربۆیەش دەبینین لە هەموو ناڕەزایەتییەکاندا، مامۆستایان و چالاکە فەرهەنگییەکانی کوردستان بەشداریی بەرچاویان کردووە. لە کوردستان زۆر مامۆستا و چالاکی فەرهەنگی وەک زۆربەی چالاکانی بوارەکانی دیکەی کۆمەڵگەی کوردەواری تەنیا لەسۆنگەی ماف‌ویستی، کەوتوونەتە بەر سەرکوت و بەندیخانە و سزای توندیان بەسەردا سەپاوە. شک لەوەدا نییە ڕێژیم وەک هەمیشە لە ڕوانگەی ئەمنییەتیەوە دەڕوانێتە کوردستان و بە هەستیاری و چاوی هەڕەشەوە سەیری هەرچەشنە چالاکیی مەدەنی و ڕێکخراوە پیشەییەکان دەکا و بێبەزەییانە دەست دەداتە سەرکوت‌کردنیان؛ بەڵام هەر وەک چۆن سەرکوت و چاوسوورکردنەوە لە ڕابردوودا نەیتوانیوە مامۆستایان و چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی لە ئێران و بەتایبەت کوردستان بێدەنگ بکا، ئێستاش ناتوانێ بەر بە ناڕەزایەتیی بەربەرینی مامۆستایان بگرێ و چاوترسێنیان بکا. دۆخی ژیانی مامۆستایان لە ئێران زۆر خراپە و ئەوان بەتایبەت لە شارە گەورەکان بەو موچە کەمەی وەری دەگرن ناچارن بۆ دابینکردنی بژیویی ژیان ڕوو لەکاری دیکەی وەک دەستفرۆشی و مسافیرکێشی و کرێکاری و... بکەن؛ ئەوەش ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەری نەرێنی لەسەر پڕۆسەی خوێندن و فێرکردنی قوتابیان دادەنێ. ئەو ڕاپۆرتانەی لە میدیاکان، تەنانەت میدیا و ڕۆژنامەکانی سەر بە ڕژێم بڵاو دەکرێنەوە پێمان دەڵێن مامۆستایان لەوپەڕی نەهامەتیدا دەژین. لە ڕاستیدا نەک هەر مامۆستایان وەک بەشی گەورەی چین‌وتوێژی مامناوەندیی ئێران لە ساڵانی ڕابردوو بەهۆی ئابووری داڕماوی ئێران تێکەڵ بە چین‌وتوێژی کەم‌داهات بوون، بەڵکوو چین و توێژی مامناوەندی کە دەبێ لە ئابوورییەکی سڵامەتدا لەسەدا حەفتای کۆمەل پێک‌بێنی لە هەموو کاتێک زیاتر چووک و لاواز بووەتەوە، ئەوەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە کەلێنی چینایەتی گەیشتۆتە ئەوپەڕی خۆی و لە کۆمەڵگەی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندەکاندا چینی مامناوەندی و هەژارەکان ڕۆژبەڕۆژ هەژارتر و لەبەرانبەریشدا دەستڕۆیشتووەکان و کەسانی سەر بە ئاڵقەی دەسەڵات و مافیای سپای پاسداران دەوڵەمەندتر دەبن. بارودۆخی خانەنشین‌کراوەکان لە مامۆستایانیش خراپترە و هاوسەنگیی موچەی مانگانەی ئەوان بەلەبەرچاوگرتنی ئاوسانی ئابووریی و گرانی هەوسارپچڕاوی پێداویستییەکان ڕۆژبەڕۆژ خراپتر بووە. تراژێدیای خانەنشین‌کراوەکان لەوەدایە کە بەهۆی بەساڵاچوون هێزی کاریان وەک مامۆستاکانیشیان نییە کە بگەڕێنەوە بازاری کار و داهاتێک دەستەبەر بکەن. زۆربەی خانەنشین‌کراوەکان تا ئێستا بە پاشەکەوتی ساڵانی ڕابردوویان ژیاون، پاشەکەوتێک کە گرانی پێداویستییەکان و کرێ خانوو و ... لەمێژە کۆتایی پێ هێناوە. کۆماری ئیسلامی لەئاست ئەو نەهامەتییەی تووشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران هاتووە هەموو جارێ قامکی تاوان بۆ دەرەوە و گەمارۆکانی ئەمریکا ڕادەکێشێ، بەڵام هیچ‌کات لە خۆی ناپرسێ کە بۆ گەمارۆی لەسەرە و زیاتر لە سەت میلیارد دۆڵاری لە دەرەوە بلۆکە کراوە؟ باسی ئەوە ناکا کە ئەوە سیاسەتە چەوت و دژی گەلییەکانی لە نێوخۆ و دەرەوەیە کە جیهانی دەرەوەی ناچار کردووە لە بەرانبەریدا ڕاوەستن و سنوورێک بۆ پەلهاویشتنەکانی دابنێن! کۆماری ئیسلامی دەڵێ بەهۆی گەمارۆکان بوودجەی پێویستمان بۆ مامۆستایان و خانەنشین‌کراوەکان و کارمەندانی دەوڵەت نییە؛ بەڵام ناڵێ ئەدی بۆچی بودجەیان بۆ هێزەکانی قودسی سپای پاسداران و دەستەوتاقمە تێرۆڕیستییەکانی خۆیان لێ نابرێ؟ ئێران لە هەموو بارێکەوە بەرەو وێرانی دەڕوا و ئەو دۆخەش بە دڵنیاییەوە دەبێتە ڕادیکاڵ‌بوونی خەباتی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران؛ هەروەک چۆن لەباری زەمەنییەوە ناڕەزایەتییەکان لێک نیزیک بوونەوە، هەرئاواش لەباری ڕویکەردەوە قووڵتر لە پێشوو ئامانجدارتر بوون. قۆناخێک لە خەباتی خەڵکی ئێران کە دەکری بە قۆناخی نائومێدی و لەهەمان‌کاتدا تووڕەیی خەڵک لەلایەک و لەلایەکی دیکە داماوی و سەرلێشێواوی دەسەڵات دابندرێ. جگە لەوەش هەتا کەی سەرکوت و دامرکانەوەی ڕقی پەنگخواردووی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران! ئەگەر ئاخوندەکان و بەگشتی نیزامیی گەندەڵ و گنخاوی کۆماری ئیسلامی پێی‌وایە دەتوانێ بە سەرکوت و زەبروزەنگ و خوێن‌ڕشتن چارەنووسی خۆی بگۆڕێ، ئەوە لە هەڵەدایە. مێژوو پێمانی سەلماندووە ئەگەر هەموو شتێک لە تەسکی بپسێ، ئەوا زۆڵم و زۆرداری لە ئەستووری دەپسێ.