کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانیفێستی نوێی بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران

23:16 - 15 سەرماوەز 2721

دامەزراوەی زانکۆ لە ئێران دامەزراوەیەکی بەربڵاوە و زانکۆ و خوێندکار وەکو دووانەی سەرەکیی ئەم دامەزراوەیە مەیدان و پوتانسییەلی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی گرنگن. کاتێک خوێندکار وەکوو تاکێکی بەوزە، ئاڕمانگەرا، و هەڵگری ئەندیشە لە دامەزراوەیەکی خاوەن پرێستیژ وەکو زانکۆ، بەپێی جیهانبینیی تایبەتی خۆی یان لە درێژەی پاڕادایمی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەدا گرنگی بە پرسێک دەدا و بە چالاکیی جۆراوجۆر، جەماوەر لە دەوری ئەم پرسە کۆ دەکاتەوە و بنچاخی گۆڕانکارییەک بنیات دەنێت. بەشێک لەو چالاکییانە کە نێوەڕۆکی سیاسی یان کۆمەڵگە-تەوەریان هەیە و ڕوویان لە دەسەڵاتی سیاسیی زاڵە و زیاتریش لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆندا کەمپەینیان بۆ دەکرێ دواجار فۆڕم‌پێدەری بزووتنەوەی خوێندکارین. بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران لە سەرەتای دامەزرانیەوە تا ئەم ساڵانەی دوایی بزووتنەوەیەکی ئاوێتە لەگەڵ سیاسەت بووە و گرنگی به پرسەکانی پێوەندیدار به کۆمەڵگەی مەدەنی، مافی هاووڵاتیبوون، مافی نەتەوەیی، دێموکراسی و ئازادی داوە. بەبێ ئەوەی چاوی لە دەسەڵات بێ، بۆشایی نەبوون یان لاوازیی حیزبە سیاسییەکانی لە فەزای سیاسیی داخراوی ئێراندا پڕ کردۆتەوە، دژی سەرەڕۆیی دەسەڵاتی حاکم هەڵوێستی گرتووە، و لە چەند قۆناغی هەستیاری مێژووییشدا ئاوردووی شۆڕش بووە و تەنانەت چەخماخەی بزووتنەوەی چەکدارییشی لێداوە. وەکو پرەنسیپێکی سەرەکی، ئاراستەی سیاسی بزووتنەوەی خوێندکاری ڕووی لە گەشەی سیاسییە؛ بەشێوەیەک کە ڕەنگە بە نەهادینەبوونی دێموکراسی، ئەستاندنی مافەکان و جێگیربوونی سیستمێکی حیزبی پلۆراڵ هەر لە سیاسەت‌وەرزی دابماڵدرێ. بەڵام لە بارودۆخی ئەمڕۆی ئێران بوون و ئەکتی بزووتنەوەیەکی خوێندکاری زۆر گرنگه. لەکاتێکدا که ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئاست دابینکردنی ئاسایش و خۆشبژێوی و گشت پرسەکانی ژیانی خەڵک داماو و دەستەمۆیە، شەقام تەواو ناڕازییە و بەدوای گۆڕانکاری لە دەرەوەی ساختاری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە و ڕیژیم لە بەرامبەر شۆڕشی دیجیتاڵ کە کۆنترۆڵکردنی زانیاریی مەحاڵ کردووە، مافی بڵاوکردنەوەی زانیاری تاک‌ڕەهەندی و پڕۆپاگاندای درۆیینەی لێ ئەستێندراوەتەوە؛ بزووتنەوەی خوێندکاری ئەگەر بێدەنگیش نەکرابێ، دەڵێی بێدەنگیی هەڵبژاردووە یان بە جۆرێک کەوتۆتە بەر وەرچەرخانێکی مێژوویی و تەمی دوورکەوتنەوە لە سیاسەتی لێ نیشتووە. ئەم بێدەنگییە هەڕەمەکی و لەپڕڕا نەبووە. کۆماری ئیسلامی بە گشتی و نیهادی "ویلایەتی فەقیهـ" بەتایبەتی لە زانکۆکان لە دوو دەیەی ڕابردوودا بەئەسپایی لە ڕێگای گۆڕانکاری دامەزراوەیی، حەزفی مامۆستایانی سکۆلار، گۆڕینی نێوەڕۆکی کتێبە دەرسییەکان، بێ­بایەخ نیشاندانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان یان بە ئیسلامیزەکردنیان هەوڵی داوە پێگەی زانکۆ لە گۆڕانکارییەکان لاواز بکا. لەم دوو ساڵەی دواییشدا به هاندان بۆ دوورکەوتنەوە لە سیاسەت، پێداگریی لەسەر گرنگی پێشکەوتنی زانستی، سەرقاڵکردنی خوێندکاران بە بابەتی ڕواڵەتی، و لە کاتی پێویست به بەپادگان کردن و گرتنەبەری ستراتێژیی ترس و تۆقاندن لەشوێن ئەوە بووە کە دەقی سیاسی بزووتنەوەی خوێندکاری بۆ شتی دیکە بگۆڕێ. فاکتەرێکی بێدەنگ­کەری دیکە گڵۆباڵیزاسیۆن و زەبری تێکنۆلۆژی بووە. ئەگەر پێشووتر چالاکانی خوێندکاری مکوڕانە داوای تریبونی ئازاد و ڕێگەپێدان بە خۆپێشاندانی مەدەنیانەیان دەکرد، ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەبێ گوتاری هاوبەش و حزووری كردەوەیی، دوور لە سانسۆری کلاسیک لێدوان دەدەن و بابەت بڵاو دەکەنەوە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جێگایان به ئەنجومەنە ئیسلامییەکان، ڕێکخراوە سەربەخۆکانی خوێندکاری، کانوونە فەرهەنگی و هونەرییەکان، شوڕای پیشەیی و بڵاوکراوە خوێندکارییەکان لێژ کردووە و بەستێنیان بۆ جۆرێک لۆمپەنیسم خۆش کردووە کە لەبری دیالۆگ و ڕاگۆڕینەوە خەریکی پەرتەوازەکردن و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتیی پاڵپشتی‌کاری بزووتنەوەی خوێندکارییە. بەڵام ئەمانە تێکڕا دەرەنجامگەلێکی نەگۆڕ و دوگم نین و بە مانای مەرگی سیاسەت لەنێو بزووتنەوەی خوێندکاری نایەن، بەڵکو زیاتر لە کۆتایی قۆناغێکی سیاسی و وەرچەرخان بەرەو قۆناغێکی دیکه دەچن. ئەم قۆناغە کە ئاوێتەی ڕادیکالیزمی خوێندکارییە، داوای ڕیفۆڕمی ساختاری و گۆڕانکاری بنچینەیی دەکا. واتا بزووتنەوەی خوێندکاری لە ڕیفۆڕمخوازی حکومەتی و دەوڵەت-تەوەر ماندوو بووە، و ئەو ئاراستەیە چیتر سەرنجی ڕاناکێشێ. هەرچەند داواکاری بۆ گۆڕانکاری بنچینەیی شتێکی نوێ لەنێو بزووتنەوەی خوێندکاری نییه و هەمیشە کەم تا زۆر ئاوێتەی ئاکسیۆنی خوێندکار بووە، بەڵام لە قۆناغی نوێدا پاش ڕووداوەکانی بەفرانباری ٩٦ زیاتر هەستی پێ دەکرێ. ئەو کات زۆرێک لە زانکۆکانی ئێران بە پشتیوانی لە شەقام و مافی قوربانیانی فرۆکەی بە مووشەک­پێکراو لە لایەن سپای پاسدارانەوە، بۆ بەرپەرچدانەوەی "درۆی سیستماتیک"ی کۆماری ئیسلامی ڕێپێوانیان کرد و دەنگیان بەدژی دیکتاتۆڕی هەڵبڕی. لە زانکۆی کوردستان بڕیارنامەی خوێندکاری دەرکرا و لێبڕاوانە مانیفێستی نوێی بزووتنەوەی خوێندکاری ڕاگەیەندرا و بوێرانە بەگوێی ئیستبدادی حاکم دادرا کە "لە دۆخی ئارایی ماندووین و هەنگاو بۆ گۆڕانکاری بنچینەیی هەڵدێنینەوە". ئەم مانیفێستە بە هاودەنگی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاران، ژنان و مامۆستایانی ناڕازی لە ڕووداوە خوێناوییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ و پاش ئەوە لە خۆپێشاندانی کرێکاران و دەنگ‌هەڵبرینەکانی خەڵک بەدژی دۆخی نالەباری ئابووری، قووڵایی ستراتێژیکی گۆڕانخوازی شۆڕشگێرانەی پەرە پێداوە. شایەتێکی دیکە بۆ ئەم وەرچەرخانە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆمارییە. ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری لە ٩٦ بزووتنەوەی خوێندکاری بە پارێزەوە ویست و داواکانی ڕوو بە دەسەڵاتی حاکم خستەڕوو، لە دوایین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماردا، بە بێدەنگی بە تەنیشتیدا تێپەڕی و تەنیا بە وەبیرهێنانەوەی چارەنووسی دەسەڵاتە سەرەڕۆ و تۆتالیتارییەکان هۆشداری بە دەسەڵاتی زاڵ دا. تەواو مهەندیسی­کرانی هەڵبژاردنەکان و یەکدەست­کردنی دەسەڵات لە هەڵبژاردنەکانی ١٤٠٠، ئەگەر بۆ خامنەیی و بازنەی بەرتەسکی دەوروبەری، بەشێک لە پڕۆژەیەکی گەورەتر، واتا ئیسلامیزەکردنی زۆرەملی و سەرتاسەری بە ئامانجی گەیشتن به "کۆمەڵگەی ئیسلامی ئاڕمانی" بوو، بۆ لایەنە سیاسی و دامەزراوە مەدەنییەکان و یەک لەوان بزووتنەوەی خوێندکاری مەرگی کۆمارییەت و تێپەڕین لە سندووقەکانی دەنگدان بوو. بە سەرنجدان بەوە کە حکومەت و کۆمەڵگەی ئێران تەواو لێکدابڕاون و زۆرینەی کۆمەڵگای ئێران ئاڕمانەکانی ڕێژێمیان قبووڵ نییه، دەستەبەرکردنی هێڵە گشتییەکانی کۆمەڵگەی ئیسلامی ئاڕمانی کە به گومانی خۆیان یۆتۆپیای شۆڕشی ئیسلامییە و تا ئێستا وەدی نەهاتووە، پێویستیی به ئاوەڵاترکردنی زیاتری دەستی سپا و بەسیج لە شەقامەکان، و دەست­بەسەرداگرتنی دامەزراوە مەدەنییە ناڕازییەکانی ئێرانە. بە هەر ڕادەیەک کە میلیتاریزم پەرە بستێنێ و تێکگیران لە شەقامەکان بەرفراوانتر بێ، بزووتنەوەی خوێندکاری زیاتر ڕادیکاڵ‌بوونی خۆی دەخاتەڕوو. لە کاتێکدا بەرەو پیری ١٦ی سەرماوەز، ڕۆژی خوێندکار لە ئێران دەڕۆین کە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بزووتنەوەی خوێندکاری پەرتەوازەییەکی ناسروشتیی پێوە دیارە. دەرچوون لەو پەرتەوازەییه پێویستی به: یەکەم- سەربەخۆیی بزووتنەوەی خوێندکاری لە حیزب و لایەنە سیاسییەکان و بەتایبەتی دەسەڵاتی زاڵە. وەکو پرەنسیپێکی بنەڕەتی ئەگەر دامەزراوە خوێندکارییەکان گوێڕایەڵی حیزبە سیاسییەکان یان دەسەڵاتی زاڵ بن، پرێستیژی خۆیان لە نێو خوێندکاران لە درێژماوەدا لەدەست دەدەن. سەربەخۆیی لە بڕیاردان گرتنەبەری ئاڕاستەی سیاسی خاڵی هەرە سەرەکی بۆ بەردەوامی و کاریگەری­دانانی بزووتنەوەی خوێندکارییە. دووەم- مانیفێستی بزووتنەوەی خوێندکاری دەبێ تێکەڵاوێک لە داواکاری پیشەیی و سیاسی بێ. بزووتنەوەی خوێندکاری پێشەنگی خەباتی مۆدێڕنیتەیە، و ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێ لە فۆڕموڵەکردنی داواکارییەکانی کۆمەڵگەیەکی گۆڕانخواز. ڕاستە خوێندکاران دەنگی بەرزی ناو ناڕەزایەتییە سیاسییەکانن، بەڵام ئەگەر بزووتنەوەی خوێندکاری نەتوانێ هەڵگری ویستە پیشەییەکان بێ، ڕەنگه ببیتە گروپێکی سیاسی جیابۆوە لە بەدەنەی بزووتنەوەی خوێندکاری. خستنەڕووی هاوکاتی داواکارییە سیاسییەکان و ویستە پیشەییەکان وادەکا کە بەدەنەی خوێندکاری و بزووتنەوەی خوێندکاری لێک دوور نەکەونەوە و یەکانگیر دەرکەون. سێیەم- فاکتەرێکی دیکە کە دەتوانێ خاڵی بەهێز یان لاوازی بزووتنەوەی خوێندکاری بێ، ئاستی هاوکاری و هەماهەنگی دامەزراوە خوێندکارییەکان لەگەڵ یەکدییە. ئەگەر بزاڤە خوێندکارییەکان لە زانکۆ جیاوازەکان بتوانن پلاتفۆڕمێک بۆ بزووتنەوەی سەرتاسەری خوێندکاری پێک‌بهێنن، هێز و پاڵپشتی جەماوەرییان زیاتر دەبێ و هەنگاوەکانیشیان شوێندانەرتر دەبن. چوارەم- بزووتنەوەی خوێندکاری بەهۆی ڕەوانبوون، لاوبوون و ڕادیکالیزمەکەی مەترسیی پێشکەوتن لە جەماوەری خوێندکاری و توودەی کۆمەڵگەی لەسەرە. ئەمە زۆر گرنگه کە بزووتنەوەی خوێندکاری وێڕای دژایەتی دەسەڵات لە کۆمەڵگەیەکەی دوور نەکەویتەوە، و هاوخەباتی بزووتنەوە نەتەوەییە شوناسخواز و مافخوازەکان، بزووتنەوەی ژنان و کرێکاران و مامۆستایان بێ و لەنێو بزووتنەوەی سەرتاسەریدا حزووری کاریگەری هەبێت. بەپێچەوانە ڕەنگه ئیزۆلە و گۆشەگیر ببێت. پێنجەم- لەسەرووی هەموو ئەوانەش پێویستە ڕوانینی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵاتیش بەرامبەر بە بزووتنەوەی خوێندکاری گۆڕانکاری بەسەردا بێت. بزووتنەوەی خوێندکاری دەرفەتێک بۆ حیزبە سیاسییەکان نییه. هێزێکی ڕزگاریدەریش نییه و ناکرێ چاوەڕوانی ڕێبەرایەتی‌کردنی شۆڕشی لێ بکرێ. تەنانەت ئەگەر بە جۆرێک ڕۆڵی ئاوانگاردیسمیشی پێ درابێ، پێویستە ئەم ڕۆڵەی لێ بستێندرێتەوە. بزووتنەوەی خوێندکاری بەدرێژایی مێژوو لە مەودای نێوان ئیستبداد-دێموکراسی چالاک بووە و وتە مێژووییەکەی نەهادینەبوونی ئازادی سیاسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتییە. ئەگەر لە ئاراستەی سیاسی خۆی دوور کەویتەوە یان بۆ پرسی حیزبی ئەرکدار بکرێ دەکەویتە نێو سیکلی فێڕۆی توندڕەوی و پاسیڤ‌بوون؛ و دواجار بنکە جەماوەرییەکەی لەدەست دەدا. دواجار ئۆپۆزیسیۆن و حیزبە سیاسییەکان پێویستە پوتانسییەلی بزووتنەوەی خوێندکاری بە فەرمی بناسن و وەکوو هاوبەش قبووڵی بکەن، و بەو پێیە بەربڵاوترین پشتگیری ئۆپۆزیسیۆنی بۆ دابین بکەن.