کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆچی فرەزمانی ناتوانێ هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی نیشتمانی بێت؟

22:22 - 30 سەرماوەز 2721

بەم دواییانە کۆمیسیۆنی فێرکردن و توێژینەکانی مەجلیس لە پێوەندی لەگەڵ گەڵاڵەی خوێندن بە زمانە "ناوچەیی" و "قەومی"یەکان پەسندکراوێکی ڕاگەیاند. جارێ هەر لەجێدا ئەو کۆمیسیۆنە لە گەڵاڵەکەدا تەنیا باس لە فێرکردنی  زمانە "ناوچەیی" و "قەومی"یەکانی بە سەرنجدان بە هەر ناوچەیەک لە چوارچێوەی دوو واحیدی دڵخوازانە (ئەویش دوو سەعات لە حەوتوودا) لە دوو پۆلی حەوتەم و دەیەم دەکا و تازە بە تازە جێبەجێ‌کردنەکەشی خراوەتە ساڵی ١٤٠٢-١٤٠٣، ئەوەش کە ئەو گەڵاڵەیە کردەنییە و ئەوەندەکەش جێبەجێ دەکرێ یان نا ڕوون نییە و لە ئەگەری مانەوەی ڕێژیمدا دەبێ چاوەڕوان بین و بیبینین. هاتنەبەرباس و پەسندکردنی ئەو گەڵاڵەیە بەو هەموو کەم‌وکوڕییە و ڕەخنە بنەڕەتییانەی لەسەریەتی، بێگومان بۆ ناچاریی دەسەڵات لە سۆنگە گوشاری نەتەوە نافارسەکان و پێداگرییان لەسەر مافە سیاسی، نەتەوەیی، مەدەنی و کولتوورییەکانیان دەگەڕێتەوە، کە لە نێویاندا کورد ڕچەشکێن و پێشەنگە. بەڵام سووچێکی دیکەی ئەو باسەش بۆ پێداگریی ڕێژیم لەسەر سیاسەتی پەراوێزخستن و بایەخ‌نەدان بە زمانە جۆراوجۆرەکان لە جوغرافیای سیاسیی ئێراندا دەگەڕێتەوە. قسە ئەوەیە نەتەوەیەک کە زمانەکەی لە سۆنگەی دەسەڵاتی فەرهەنگی و سیاسیی زاڵ بەسەر وڵاتدا مەترسیی لەنێوچوونی لەسەر بێ، نایە مل بۆ دابەزاندنی مافە زمانییەکانی بۆ خوێندنێکی دڵخوازانە ئەویش لە دوو پۆلی خوێندندا و بەولاوەتر تەنیا دوو سەعات لە حەوتوودا ڕاکێشێ. بۆیە نەتەوە نافارسەکانی ئێران قەت بەوەندە ڕازی نین و نابن و مافخوازیی ئەوان لە ئاستێکی زۆر بەرزتردایە. پێداگریی نەتەوەکان لەسەر زمان و کولتووری نەتەوەیی خۆیان بێ‌هۆ نییە، ئەوە ستراکتۆری زمان و کولتوورە کە شوناسی تایبەت و جیاواز بە هەر گرووپ و کۆمەڵێک دەبەخشێ و یەک لە توخمە سەرەکییەکانی شوناسی هەر نەتەوەیەکە. کاتێکیش وەها ڕوانگەیەک لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ زمان و بۆ توخمە سەرەکییەکانی شوناسی نەتەوە نافارسەکانەوە هەبێ، سرووشتییە کە بەرگژەی زۆری لەبەردەمدا دروست دەبێ. ئەویش لە کاتێکدا کە خوێندن بە زمانی دایک لە داخوازە سیاسی و مەدەنییەکانی نەتەوەکانی ئێران (بەتایبەت کوردەکان) لە چوار دەیەی ڕابردوودا بووە و ئەو پەسندکراوە شڕ و پڕ پینەیە ناتوانێ وەڵامدانەوە بەو ویست و داخوازە ڕەوا و بنەڕتییە بێت. ناوبردنی نەتەوەکان بە "قەوم" و زمانەکەیان بە زمانی "ناوچەیی" لەلایەن دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتەوە ئەگەر لەلایەک بچووک‌کردنەوەی شوناسی نەتەوەیی و زمانیی نافارسەکانە، بەڵام لەلایەکی دیکەشەوە دەربڕی ئەو ڕاستییەیە کە ئەو نەتەوانە لەپێناو دەستەبەری مافە نەتەوەیی و زمانییەکانیان کۆڵیان نەداوە و دەستیان بەر نەداوەتەوە. خۆ هەر ئێستاش کەم نین ئەو کەسانەی لەپێناو خزمەت‌کردنی زمانەکەیان و هەوڵدان بۆ فێرکردنی فێرخوازان -بەتایبەت لە کوردستان-، پەروەندەی ئەمنیەتییان بۆ دروست کردوون و ڕاپێچی گرتووخانەیان کردوون. تازە ئەوە تەنیا ڕەهەندێکی باسەکەیە و داخوازە سیاسی و بنەڕەتییەکانی کورد و نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکەی ئێران زۆر پتر لە مافی زمانیین. ڕێژیمە ناوەندگەراکان چ سەردەمی پاشایەتیی پەهلەوی و چ لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە چاوی تەواو ئەمنیەتی و لە ئێستادا ئەمنیەتی-ئیدئۆلۆژیکییەوە سەیری پرسی نەتەوەکان و مافەکانی ئەوانیان کردووە. بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو بەرگژەیەش هەردووک یەک سیاسەتیان دەکار کردووە کە خۆی لە سڕینەوە و حاشاکردن لە شوناسە سەربەخۆکان و پەراویزخستنیاندا دیتۆتەوە. بە تایبەت کە کۆماری ئیسلامی هەم بە شێوەی ڕەق‌ئامێری و هەم نەرم‌ئامێری پلان و بەرنامەی سیستماتیکی لەسەر جێەجێ کردوون. ئەو پلان و پیلان‌گەلە لەسەر بناغەی بەکەم‌گرتن و دابەزاندن لە بەها و بایەخە ڕەسەنەکانی شوناسە جۆراوجۆرەکان و تواندنەوەیان لە شوناسی فارسدا دامەزراوە و لە بواری جۆراوجۆری پەروەردە و فێرکردن و ڕاگەیاندن و بەڕیوەبەریی وڵاتدا خراونەتە بواری جێبەجێ‌کردنەوە. بەگژداچوونەوەی پرسی زمان و کولتووری نەتەوەکان لەلایەن ڕێژیمی سیاسیی ناوەندگەرای تاران لەحاڵێک‌دایە کە داخوازە نەتەوەیی و زمانییەکان لە چوارچێوەی مافی سیاسی و بنەڕەتیدا دێنەگۆڕێ و لە کوردستان بزووتنەوەیەکی سیاسی هەیە کە نیزیک بە ٨ دەیەیە خاوەندارەتیی دەکا. ئێستاش کە کۆماری ئیسلامی دەیەوێ لەلایەک بە دابەزاندنی ئاستە سیاسییەکەی ئەو مافە و، لەلایەکی دیکەوە بە گرتنەدەسەتی جڵەوی ئەو داوا کولتووری و زمانییە سیاسەتە بنەڕەتییەکانی خۆی بباتە پێشێ، پێویست بەوە دەکا بە تێڕوانینێکی دیکەوە لەو بڕیارەی ڕێژیم بڕوانین. کاتێک بە کۆمەڵە دەستەواژەیەکی ئاست‌دابەزێندراوی وەک زمانی ناوچەیی و زمانی قەومی باس لە سەرەکیترین شوناسی نەتەوەیەک دەکرێ، ڕێک لەو جێیەوە دەتوانین پلان و پیلانەکانی دەسەڵاتی ناوەندگەرا بۆ دیزەبەدەرخۆنەکردنی ویست و داخوازە سیاسی و نەتەوەییەکانی گەلانی نافارس دەست‌نیشان بکەین. پلان و پیلانێک کە لەلایەک شوناس و هەوێتیی نەتەوەکان بە کەم دەگرێ و لەلایەکی دیکەوە سیستماتیک دەیەوێ ئاستی مافخوازی و داوا سیاسی و مەدەنییەکانی ئەو نەتەوانە دابەزینێ و لەپەناشەوە لە هەوڵەکانی بۆ تواندنەوەی کولتووری و سیاسییان لە نەتەوەی سەردەستدا بەردەوام بێت. لایەنێکی گەپچاری ئەو باسانەی لە پەراوێزی خوێندنی زمانە "قەومی" و "ناوچەیی"یەکان دروست بوون، قسەکانی بریکاری کۆمیسیۆنی پەروەردەی مەجلیسە کە ڕایگەیاندووە وڵات هیندەی یاسا و پەسندکراو لەو بارەیەوە هەیە کە ئەمەیان هیچ پێویست نەبووە! سەیر نییە کە بەڕێزیان وا دەڵێ، چونکی لە بنەڕەتدا نایهەوێ باسێکی ئەوتۆ بەو هەموو کەموکوڕییەش لەسەر زار و زمان بێت، ئەگینا دەزانێ کە جیا لە ئەسڵی ١٥ی یاسای بنەڕەتی وڵات کە پاش چوار دەیە لەژێر خەڵوارێک تەپ‌وتۆزدا کەس ئاوڕی لێ نەداوەتەوە، کەمترین بڕیار و پەسندکراو لەبارەی بایەخدان بە پەروەردە بە زمانی دایک و زمانی نەتەوەکان لەو وڵاتەدا بوونی نەبووە. باس لە یاسا سروشتییەکانیش لە ئێران لە بنەڕەت‌ڕا هەر دەرفەتیان نەدراوەتێ، پێچەوانە لە بری ئەوەی لەبەر ڕۆشنایی یاسا سروشتییەکان نەتەوە و جۆراوجۆرییەکانی وڵات پێگەیەکی یەکسان و بەرانبەریان لە پێکهاتە و قەوارەی سیاسیی وڵاتدا هەبێ، ڕوحی قانوونەکانی وڵات پڕە لە هەڵاواردن و وەلانانی نەتەوە نافارسەکان لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە. مەسەلەکە ڕوونە: دەسەڵاتی ناوەندی کە لەسەر دوو کۆڵەکەی فارسیزم و شیعیزم دامەزراوە نەک هیچ باوەڕێکی بە سروشتی بوونی مافە نەتەوەیی و کولتوورییەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی ئێران نییە، بەڵکوو ئەمە فرەییە بە مەترسییەک بۆ سەر خۆیانی دەزانن و بۆیەشە بەئاشکرا و بەپیلانگێڕیش شمشێریان لەدژی لە ڕوو بەستووە. سەیر ئەوەشە ئەوانەش کە لە ناوەندە زانستییەکاندا جڵەوی پرسی زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکانیان بە دەستە، خوێندنەوەی نازانستی و غەیرە مێتۆدیک‌یان بۆ پرسی مافە زمانییەکان هەیە و سیاسەتی شوینیستیی دەسەڵات بە نیسبەت فەرهەنگ و کولتووری نەتەوەکانی دیکە تیوریزە دەکەن. ڕەهەندێکی دیکەی ئەم باسە پاڕادۆکسی گوتار و کرداری دەسەڵاتە کە لەلایەکەوە بە ناچار دان بە بوونی زمان و شوناسی نەتەوەکانی دی (جا با نەتەوەکە بە قەوم و زمانەکەشی بە ناوچەیی ناو بێنێ) دادەنێ کە لەجێدا نیشانەی بوونی بەهێزی ئەو نەتەوانەیە؛ لەلایەکی دیکە هەر ئەو نەتەوانە بەهۆی سیاسەتی شوینسیتیی حکوومەتی ناوەندییەوە توانای دەستەبەری مافەکانیان نەبووە. هەربۆیەشە ڕەوتە سیاسییە بەهیزەکانی نەتەوەکانی ئێران، یەک لەوان جووڵانەوەی سیاسیی کورد کە حیزبی دێموکراتی کوردستان دینامیزم و بزوێنەرێتی و بەرگری و ویستیاریی مافە زمانی و کولتوورییەکانی لە بەرنامەی خۆیدا گونجاندووە؛ لەسەر دەستەبەری ئەو مافانەیان پێداگرن. ئێرانی ئێستا و سیاسەتی یەک نەتەوە و یەک زمان ناتوانێ ساباتێک بۆ کۆکردنەوەی فرەیی و جۆراوجۆرییەکانی ئەم جوغرافیا سیاسییە بێ. حکوومەتی ناوەندی یان دەبێ پاشەکەشە لەو سیاسەت و خوێندنەوەیە بکا و ئێران ببێتە وڵاتێک بۆ هەمووان، یان ئەشێ خۆی بۆ لێکەوتەکانی ئەو هەڵاواردن و پەراوێزخستنانەی نەتەوەکانی دی ئامادە بکا. ئەوەی هەڕەشەی لەسەر مانەوەی ئێران و جوغرافیای سیاسیی ئێستاکە دروست کردووە فرەزمانی و فرەنەتەوەیی نییە، بەڵکوو سیاسەتی حکوومەتی ناوەندگرا بۆ تواندنەوەی ئەو جۆراوجۆرییانە لە نەتەوە و زمانی نەتەوەی سەردەست‌دایە کە سەرەڕای یەک سەدە پلان و پیلان نەیتوانیوە تێیدا سەرکەوتن وەدەست بێنێ.