کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سازان لەگەڵ ئێران، لەپێناو چیدا و هەتا کەی؟

22:29 - 30 سەرماوەز 2721

ڕەوتی وتووێژەکانی بووژاندنەوەی بەرجام لەحاڵێکدا چاوەڕوان دەکرا پێش ساڵی نوێی زایینی بگاتە ئاکام، دیسان چەتی تێ‌کەوتەوە لەگەڵ ئەوەشدا پرسیار ئەمەیە لە ئەگەری دیسانەکە سازان و ڕێککەوتنی ئێران و زلهێزەکاندا چی دێتە گیرفانی خەڵکەوە؟ خێروبێری ئەو ڕێککەوتنە پتر بۆ خەڵکە یان دەسەڵات؟ ئەم پرسیارە لەوە ڕا دێ کە لە ئێرانی بندەستی کۆماری ئیسلامیدا پێچەوانەی وڵاتە گەلی و دێموکراتیکەکان بەرژەوەندییەکانی خەڵک و دەسەڵات یەک نین. خەڵکی ئێران لەجێدا لەپێناو ماف و ئازادی و خۆشبژێویی پتر تەڤڵی شۆڕش بوون و بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی پاشایەتی خوێنیان دا، بەڵام ڕێبەرانی ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات‌گەیشتوو هەر زۆر زوو پشتیان لە هەموو وادە و بەڵێنەکانی پێش شۆڕش کرد. خەڵک ژیان و ماف و ئازادی و ئارامیی دوای شۆڕشیان دەویست، بەڵام ئەوان شەڕیان بەسەر کوردستاندا سەپاند و بۆ ماوەی هەشت ساڵ شەڕ لەگەڵ عێڕاقیان درێژ کردەوە، تەنیا بۆوەی لەسۆنگەی پێشترییەتی شەڕەوە بناغەی دەسەڵاتەکەیان قایم و نەیاران و ڕەخنەگرانی دەسەڵاتەکەیان بەبێدەنگی دەمکوت و قەڵتوبڕ بکەن. خەڵک دوای قۆناغی شەڕیش بە هەموو زیانە گیانی و ئابوورییە زەبەلاحەکانیەوە کاتێک پێک‌دژیی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و دەسەڵاتیان دی، کەوتنە هەوڵی گۆڕانکاری و، بۆ ئەوەش نیزیکترین پرد و ڕەوتی بۆ بەدواداچوونی داخوازەکانیان هەڵبژارد کە ڕێفۆرم بوو، بەڵام ڕەوتی چاکسازیی حکوومەتی ئەوەندە بڕشتەی نەبوو بتوانێ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بە قازانجی خەڵک بکا. دوو دەیە پاش پشتبەستنی خەڵک بە ڕەوتی ئیسلاحات و تەمابەردان و هیوابڕاویی خەڵک، ئەمجارە شەقامەکان بوونە دەنگ و نوێنگەی ویست و ئیرادەی خەڵک، بەڵام چ لە بەفرانباری ٩٦ و چ لە خەزەڵوەری ٩٨ و چ لە ناڕەزایەتییەکانی دیکەی سەرشەقام لە سۆنگەی کێشەی ئاو و بژێوەوە، بینیمان کە وەڵامی دەسەڵات هەر سەرکوت و کوشتوبڕ بووە. کۆماری ئیسلامی بە هەموو زمانێک و بە هەموو شێوەیەک پێت دەڵێ کە بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا ئامادەیە هەموو پاشەکشە و نەرمشێکی قارەمانانە! لە بەرامبەر هێزە بیانییەکاندا بکا، بەڵام لە بەرامبەر خەڵکدا حاشا و کەللا. ڕێبەرانی ڕێژیم مافی حوکمەت و دەسەڵات تەنیا بە بازنەی تەسکی خۆیان و دەوروبەریان ڕەوا دەبینن، سامانی گشتیی وڵاتیش بە مڵک‌وماشی خۆیانی دەزانن و لە ڕوانگەی ئەوانە خەڵک لە دەرەوەی ئەو هێڵەوەن و ماف و ئازادییەکانی خەڵک لای ئەوان پووڵێکی قەڵب ناهێنێ. لە ئێستاشدا کە کۆماری ئیسلامی خۆی بە قوربانیی سزا ئابوورییەکانی کۆمەڵگەی جیهانی دەزانێ، پێویستە بگوترێ کە لە بنەڕەت‌ڕا ئەوە کۆماری ئیسلامییە گەمارۆی خستۆتە سەر خەڵکی ئێران و ئەوانی لە خاک و ئاو، سەرچاوە سروشتییەکانی سەرزوی و ژێرزەوی و ماف و ئازادییەکانیان بێبەش کردووە. ماف، ئازادی، ئەمنییەت و ئابووری بەشێکی سەرەکی و ژیانەکی لە ژیانی هەر کەسێکن‌، بەڵام دەسەڵات باش دەزانێ لە هەرکام لەو بەستێن و بوارانەدا چەندی لە بەرژەوەندیی خەڵک پاشەکشە بکا، بەو ڕادەیە و پاشان پتریش لە سەرچاوەکانی هێز و توانای خۆی کەم دەبێتەوە، بۆیە دانوستانەکانی ڤییەن سەر بگرن و بەرجام بگاتەوە ئەنجام و نەگاتە ئەنجام، هیچ لە ڕەوشی خەڵک و کۆمەڵگە ناگۆڕێ. حکوومەت لە هەر پێگە و بارودۆخێکدا خەڵک و کۆمەڵگەی تەنیا بۆوە دەوێ وەک قەڵغانێک لەهەمبەر مەترسییە بیانییەکان بەکاریان بێنێ. ئەوان سامانی گشتیی خەڵک و وڵاتیان بۆ گیرفانی خۆیان و دامودەزگای تێرۆر و ئەتوم و مووشەک و سەرکوت دەوێ. هەر ئێستاش کە سەیری بودجەی ساڵی نوێ دەکەی، مووچە و مزی کرێکاران و فەرمانبەران و مامۆستا و پەرستارەکان سەرەڕای ئاوسانی نیزیک بە سەتا ٥٠ کەمترین زیادکردنیان بەخۆوە بینیوە، کەچی بودجەی سپای پاسداران و دەزگا ئەمنیەتی و تەبلیغاتییەکانی ڕێژیم دوو هیندە و چەند هیندە زیادیان کردووە. ئاشکرایە کە ئابلۆقە و سزا ئابوورییەکان دەستی کۆماری ئیسلامییان بۆ زۆر پلان و پیلان کورت کردووە، بەڵام ڕێژیمی دژی گەلی ئەوەی نەکردووە بە بارگرانییەکی سەیر بۆ خۆی؛ بەڵکوو زۆرترین قورسایی ئەو گوشارەی خستۆتە سەر شانی خەڵک. لە سەختترین ڕۆژەکانی قەیران و ئابلۆقەکاندا یارمەتیدانی کۆماری ئیسلامی بە میلیشیاکانی ناوچە کەمی نەکرد. هەژاری گۆڕخەوی و زبڵ‌گەڕی لە ئێراندا پەرە پێدا، بەڵام ئەوان دەیان میلیارد دۆلار سامانی گشتیی وڵاتیان لە سووریە بەفیڕۆ دا. بۆیە جارێ ئەوەندە ئاسان نییە دانوستانەکان بگەنە ئاکام، بەڵام ئەگەر بگاتە ئەو قۆناغەش هیچ لە بەرژەوەندیی خەڵک ناگۆڕێ، ئەویش چەند هۆی سەرەکیی هەیە: یەکەم ئەوەی خەڵک ئەزموونی پێشووتری بەرجامی هەیە کە سزاکانی سەر ئێران هەڵگیران و بە فڕۆکە دۆلاریان بۆ تاران دەگواستەوە، کەچی نە بێکاری کەمی کرد، نە نرخی شمەک و کاڵا دابەزی، نە وەبەرهێنان زیادی کرد، نە سفرەی خەڵک دەوڵەمەندتر بوو، نە کرانەوەیەکی سیاسی و گۆڕانێکیش بە سەر دۆخی ماف و ئازادییەکانی خەڵکدا هات. بۆ؟ چونکی هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لەجێی خۆیان بوون و بەرجام تەنیا و تەنیا دەستی ڕێژیمی بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی و قەیرانخوڵقێنییەکانی لە ناوچەدا کراوەتر کرد. ئێستاش لە ئەگەری سازان و ڕێککەوتنێکی دیکەدا دۆخەکە تەنیا لە بەرژەوەندیی کورت‌مەودای ڕێژیم دەبێ. بۆیە کورت‌مەودا چونکی لە بنەڕەت‌ڕا کێشەکانی نێوان ئێران و کۆمەڵگەی جیهانی لەبن نایەن. چونکی کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بێ‌قڕە دانیشێ و بەشێک لە نەزمی سەقامگیری کۆمەڵگەی جیهانی بێ، لەبەر ئەوەی دەزانێ توانای خوگونجاندن لەگەڵ ئەم ڕەوشەی نییە. بۆیەشە هەوڵ دەدا لە پەناوە وەک حکوومەتێکی سەرەڕۆ بە کەلک‌وەرگرتن لە پێک‌دژیی بەرژەوەندیی زلهێزەکان درێژە بە هەبوونی خۆی بدا و هەوڵ بدا بە دەست‌خستنی بۆمبی ئەتومی و چەکی کۆمەڵکوژی بەهێزتر پارێزبەندیی زیاتر بۆ خۆی دەستەبەر بکا. ئەوەش وا دەکا بەرگژەکانی دیکەی ئێران لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی وەک کێشەکانی درۆنەکان، قەیرانی مووشەکی، کێشە ئەمنییەتی و ناسەقامگیریی ناوچەکە و لە نێوخۆی وڵاتیش پرسی مافی مرۆڤ و کێشەکانی خەڵک و دەسەڵات لە نێوانیاندا هەڵەسوون بێننەوە و تەمەنی ئەو ڕێککەوتنانە کورت و کەم‌ماوە بنوێنن. بەڵام ئاخۆ مووشەک و چەکی ئەتومییش -کە دەستڕاگەیشتنی ئێران پێی مەحاڵ دێتە بەرچاو- دەتوانن ئەو پارێزبەندییە بۆ کۆماری ئیسلامی دروست بکەن؟ ئەزموونە مێژووییەکان دەڵێن نا. یەکیەتیی سۆڤییەتی پێشووش مووشەک و چەکی ئەتومیی زۆری هەبوو، دوای ئەمریکا کۆک‌وپۆشتەترین سوپای سەربازیی جیهانیشی هەبوو، بەڵام ڕووخا. رووخا چونکی هێڵی بەرژەوەندییەکانی خۆی لەگەڵ خەڵک جیا کردبۆوە، چونکی گەندەڵی سەرتاپای پێکهاتەی سیستمی بەڕێوەبەریی وڵاتی داگرتبوو، چونکی زۆربەی زۆری داهات و سامانی وڵات نەک بۆ خۆشبژێویی خەڵک بەڵکوو بۆ تەڕاتێن و دژایەتیی وڵاتانی دی تەرخان دەکرا. بەڵام زۆرترین سەرکوتی ستالینییش نەیتوانێ وڵاتێکی سەقامگیر و جێکەوتوو دروست بکا، هەروەک دۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامی.