کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیپڵۆمات-قاچاخچی (بەرکوڵێک لە فەرهەنگی وشەی سەیروسەمەرە)

22:30 - 30 سەرماوەز 2721

هەر "هین"ێک بە درێژایی مێژوو گۆڕانی بەسەردا دێ و چەندین "وانێک"ی دیکەی لێ‌دەبەنەوە. زۆرجار هەرامەیەک وەک ماکی سەرەکیی بابەتێک یان مانایەک ناو دەردەکا و دواتر "وانێک" و "هەرامە" و "هین"ی دیکەی لێ دەبنەوە. زانستی پزیشکی ڕەنگە بۆ ئەم بابەتەی ئێمە نموونەیەکی باش بێت. جاری جاران کاتێک دەیانگوت "پزیشک"، مەبەست لە کەسێک بوو بە لێ‌وردبوونەوە و دەواودەرمان نەخۆش چارەسەر بکا. ئەوکات زانستی پزیشکی وەک ئێستا پەرەی نەسەندبوو و لەژێر کاریگەریی زانستدا چەندان لق و پۆپی دیکەی لێ نەکەوتبۆوە. بەڵام ئێستا لە سایەی گەشەسەندن و پەرەسەندن و قووڵبوونەوەی ئەم زانستەوە، وشەی "پزیشک" بەتەنیا مانای نەماوە و ئەم زانستە ئەزموونیە بەسەر چەندین بەشی جیاوازدا دابەش بووە. پزیشکان پاش ئەوەی بەشێوەی گشتی زانستی پزیشکی لەبەر دەکەن، دواتر بە شێوەی جیا جیا دەڕۆنە سەر وانێک و هین و هەرامە و شتی دیکە. بۆ وینە پزیشکی چاو کە کاری چاودەرهێنان و شتی لەم بابەتە دەکا، لێزەری ڕەنگاوڕەنگ و چاویلکەی سەیرو سەمەرە دروست دەکا، پێی دەگوترێ "پزیشکی چاو". پزیشکێک کە خەریکی هێسک و پرووسک و شتی وایە، پێی دەگوترێ "پزیشکی ئیسقان"، پزیشکێک کە خەریکی نەخۆشییەکانی دەمار و عەقڵە پێی دەگوترێ "پزیشکی دەروون‌ناس"، پزیشکێک کە خەریکی نێو هەناو و بەشی نێوەوەی مرۆڤه، پێی دەگوترێ "پزیشکی هەناو"، خۆ پزیشکی جڕوجانەوەری دیکەش هەن و  ئەوانیش دام‌پزیشک یان پزیشکی بەیتەرییان پێ دەگوترێ. لە وڵاتی ئێران ئەم دابەشینی پیشە و شتانە تەنیا پزیشکی ناگرێتەوە و بە هەموو ئاقار و بەش و وانێک و هەرامە و هین و شتەکاندا ڕۆچووە. بۆ وێنە جۆرێک دابەشکردنی سەیروسەمەرەش لە بواری دیپلۆماسیدا هاتۆتە بەرهەم. جاری جاران و ئێستاشی لەگەڵدا بێ لە وڵاتانی دیکە و تەنانەت لە وڵاتانی زۆر دیکەش واتە لە وڵاتانی دیکەی دیکەی دیکەی دیکەشدا وەک ئێران نییە. دپیلۆماسی تەنیا بۆ ڕێککەوتن و دانوستان و گفتگۆ کردن و ڕێکخستنی کاروباری سیاسیی وڵات لەگەڵ وڵاتانی دیکەی دوور و نیزیکە فڕی بەسەر وردە‌هەرامەی دیکەوە نییە، بەڵام لەم ئێرانە وا نییە. دیپلۆماسی لە ئێران زۆر تایبەتە و لە ئێران ئەم بەشەش وەک زۆر بەشی دیکەی ئەم وڵاتە لە هی وڵاتان پیشکەوتووترە. دپیلۆماتکارانی ئێرانی ئەوەندە دەست‌وپێ سپیلکە نین وەک دیپلۆماتکارانی وڵاتانی دیکە تەنیا لە بواری سیاسییەوە لە مەجلیس و کۆڕ و کۆبوونەواندا دابنیشن و قسەی زل ‌زل بکەن. دیپلۆماتکارانی ئێرانی پیاوی کردەوەن، کردەوە! ئەوان لە مەیدانی کردەوەدا زۆر کاریگەرن. پێویستە لەمەش تێ‌بگەن ئەم ئاکارەی دیپلۆماتکارانی ئێرانی هی ئەمڕۆ و دوێکە نییە و نزیکەی نیو سەدەیە خەریکن پەرەی پێ دەدن و ڕۆژبەڕۆژ هین و هەرامە و وانێک و شتی نوێی پێوە زیاد دەکەن. بۆ ئەوەی زیاتر بچینە نێو قووڵایی بابەتەکەوە و ئەم هینە بۆ بەردەنگان زیاتر شی ‌بکەینەوە ئاماژە بە چەند ناوێكی نوێی دیپلۆماتکاران دەکەین کە بە خۆشیەوە ئەم پاشناوانەی بە وشەی "دیپلۆمات"ـەوە لکاون، تەنیا بۆ دیپلۆماتکاری ئێرانی باون و خەڵکی وڵاتانی دیکە لێیان بێبەرین و زۆر زەحمەتە بتوانن پێیان بگەن. لێرەدا سووکێک ئاماژە بە چەند پاشناوی باوی "دیپلۆمات" دەکەین: ١-‌ دیپلۆمات-تیرۆریست: ئەو دیپلۆماتەیە دەتوانێ وێڕای کاری دیپلۆماتیک چەکی پێشکەوتوو لە نێو جانتاکەیدا بۆ سەرانسەر جیهان بگوازێتەوە و لە باڵیۆزخانە و کۆنسۆلخانەی وڵاتەکەی لە وڵاتانی دیکە بیداتە دەست دۆستانی ئێرانی و لوبنانی و فەلەستینی و عێراقی و جزایر و هەر شوێنێکی جیهان و تێیان بگەیەنێ چۆن زڕینگە لە بناگوێی نەیاران بهێنن. دیپلۆمات- تیرۆریست ئەگەر پێویست بێ، ڕاستەوخۆ چەکەکەی بە بناگوێی نەیاراندا دەتەقێنێ. دیپلۆمات-تیرۆریست لە ئاوێتەکردنی گفتگۆی سازەندە و تەقەکردن بە چەکی بێدەنگ کارامە و لێهاتووە. ٢-‌ دیپلۆمات-سیخوڕ: ئەو دیپلۆماتەیە بە هەرشێوەیەک سیخوڕی دەکا و تۆڕی سیخوڕی لەو وڵاتانە دروست دەکا کە لەوێ وەک دیپلۆماتکار دانی پێدانراوە. ٣- "دیپلۆمات-دز": ئەو دیپلۆماتەیە زیاتر لە دوای دزییە و هێندێک جار لە کاتی پاڵتۆ دزیندا کاتێک خەریکە لە دەرگای فرۆشگا دەردەکەوێ "ئاژیڕ"ی فرۆشگاکە دەزیقێنێ و ئەویش بە داوای لێبوردنەوە پاڵتۆکە لە شوێنی خۆی دادەنێتەوە و وەک نە "با"ی پێداهاتبێ و نە "باران" قیت و قنج لە فرۆشگاکە دەردەکەوێتە دەرەوە، دواتر دبێتە پسپۆڕی لێکدانەوەی کاروباری نێودەوڵەتی. ٤- دیلپۆمات-قاچاخچی: ئەمەیان بۆ کۆماری ئیسلامی زۆر بەوەجە. تریاک و مەوادی موخەدیر دەخاتە نێو جانتاکەی و بەرەو "کشورهای دوست و برادر"ی دەبا. دوور لە گەمارۆکانی ئەمریکا بە جانتا شەدەی دۆلار بۆ نێو ئێران دەگوازێتەوە. کەلوپەلی پێویستی بەرنامە نهێنییەکانیش هەر لەنێو جانتاکەیدا دێنێت و دەبات. لێرەدا باسکردن لە سێ خاڵی گرنگی دیکەش زۆر پێویستە: ١-‌ "پارێزبەندی" یان "مصونیت دیپلماتیک" کە تەنیا دیپلۆماتکارانی کۆماری ئیسلامی بۆ هەموو کارێکی (بیلامانێ) ناڕەوا کەڵکی لێ‌وەردەگرن. ٢-‌ ئەمەیان پسپۆڕی دیپلۆماتکارانی ئێرانییە. لە کاتێکدا باسمان لە دەستەواژەی "دیپلۆمات-تیرۆریست" و "دیپلۆمات-سیخوڕ" و "دیپلۆمات-دز" و "دیپلۆمات-قاچاخچی" کرد، بەڵام دیپلۆماتکارانی ئێران بە هۆی لێهاتووییان، هەرکامیان بە تەنیا لە یەک کاتدا دەتوانن هەموو ئەم ئەرکانە بەڕێوە ببەن و هەر دیپلۆماتکارێکی ئیرانی هاوکات دەتوانێ هەموو ئەمانە بێت. ٣- دیپلۆماتکار زۆر لە پزیشک بەهۆشترە. چونکە پزیشکان تەنیا دەتوانن فێری بوارێک یان دوو بوار بن، بەڵام دیپلۆمات یەکجێ هەموو بوارەکان فێر دەبێ.