کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕازی خۆشەویستیی خاک لە دڵی شەهید "ئەبووبەکر دەرەوی"دا

22:32 - 30 سەرماوەز 2721

ئێوارێی ١٨ی خەرمانانی ساڵی١٣٧٢ی هەتاوی نزیک بە ١٠٠ پیشمەرگە لە کێلەشینەوە بەرەو قووڵایی ناوچەی شنۆی دڵسۆز شۆڕ بوونەوە. ناوی شەو، شوێنی مانەوە و مەودای پیشمەرگە، بە هەموو هاوڕێیان گوترا. مانگ ١٤ شەوە دەبوو. سریوە لە هیچ بوونەوەرێک نەدەهات. پیشمەرگە بەرەو جەرگەی دوژمن دەخوشین و بریقەبریقی چرای مۆڵگەکانی سەر ڕێی پیشمەرگە ڕووناکایی دەخستە سەر زەوی. پاش چەند سەعات ڕێگابڕین جار جار بۆ پشوودانێکی چەند دەقەیی ڕادەوەستان. سەعاتی ١ی نیوەشەو پێشمەرگە بە نێو دارە پڕ لە مـیوەی جۆراوجۆری شنۆ هەنگاوی دەنا، هەرکەسە و خەیاڵێک هەڵیگرتبوو. جارجاریش دەستیان بۆ دار میوەیەک درێژ دەکرد کە ئەگەر بەدستیانەوە بێ گەرووی پێ تەر بکەن. سەعات ٤ی بەیانی خەڵکی گوندی سەوجە باوەشی بۆ ڕۆڵەکانیان کردبۆوە و هەر تیمەی لە ماڵی خۆی جێگیر بوو. پێشمەرگە خەریکی پشوودان بوو، خافڵ لەوەی کە سیخوڕی خاین‌بەخۆ هەواڵی هاتنی هێزی پێشمەرگە بۆ گوندی سەوجەی بە ڕێژیم داوە. سەعاتی ٩ی بەیانی ڕێژیم هێرشی کردە سەر ڕۆڵەکانی گەڵ و لە شەڕێکی ١٠ سەعاتە‌دا پێشمەرگە زەبڕێکی کاریگەریان لە دوژمن وەشاند. خوێنبایی سەرکەوتن لەو شەڕە‌دا گیانی بەرزی شەهید ئەبووبەکری دەرەوی بوو، کە لە گۆشەی "هەگبەی شاخ و شۆرش"ی ئەم ژمارەیەدا یادی دەکرێتەوە. ئەبووبەکر دەرەوی ساڵی ١٣٤٤ لە گوندی کاسەکەرانی ناوچەی پیرانشار لە بنەماڵەیەکی وەرزێری مامناوەندیدا لەدایک بوو. بەرەبەرە کە گەورە بوو و توانی قەڵەم و دەفتەر بەدەستەوە بگرێ ڕەوانەی قوتابخانە کرا، بەڵام بەهۆی کێشەی ژیان نەیتوانی زۆر درێژە بەخوێندن بدا و ڕووی لە کاری وەرزێری‌ و ئاژەڵداری کرد. به‌م چه‌شنه‌ له‌ ته‌مه‌نی‌ منداڵی‌ و له‌ قۆناغێكدا كه‌ پتر له‌ هه‌موو كاتێك حەوجێی به‌ ئاگاداری ‌‌و پێڕاگه‌یشتن بوو، پێی‌ نایه‌ مه‌یدانی‌ كار و ڕه‌نج كێشانه‌وه‌، تا بتوانێ‌ به‌شێوه‌یه‌ك ژیانی‌ خۆی‌‌ و بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌ هه‌ڵسووڕێنێ‌. ئەبووبەکر بێ‌ئه‌وه‌ی‌ ڕووگرژ بێ،‌ وه‌ك مێرمنداڵێكی‌ تێگه‌یشتوو له‌گه‌ڵ‌ سه‌ختییه‌كانی‌ ژیان به‌ربه‌ره‌كانی‌ ده‌كرد ‌و چاره‌سه‌ری‌ بۆ ده‌دۆزینه‌وه‌. ئه‌و كوڕێكی‌ كارلێهاتوو‌ و كارامه‌ بوو. هێمنی ‌‌و له‌سه‌ره‌خۆیی‌ ئەبووبەکر ببوو به‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ له‌ نێو هاوڕێیانیدا به‌ كوڕێكی‌ جێگای‌ ڕێز‌ و له‌به‌ردڵان بناسرێ‌. دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ شۆڕشی‌ گه‌لانی‌ ئێران سه‌ركه‌وت ‌و حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان، تێكۆشانی‌ ئاشكرای‌ خۆی‌ ده‌ست پێ ‌كرد، له‌گه‌ڵ‌ ڕێبازی‌ ئه‌و حیزبه‌ ئاشنا بوو. ئەبووبەکر له ‌ساڵه‌کانی منداڵییه‌وه‌ وه‌ک زۆربه‌ی مندالانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ له‌گه‌ڵ یادی پێشه‌وا قازی ‌و کۆماری کوردستان ئاشنا بوون. کاتێک ئاخونده‌کان ده‌ستیان به‌سه‌ر چاره‌نووسی گه‌لانی ئێران داگرت‌ و وه‌یشوومه‌یان خسته‌ وڵات و به‌ تایبه‌تی تیری نه‌گبه‌تیی خۆیان ‌و ڕێژیمه‌که‌یان هاویشته‌ کوردستان، ئیدی لێی ڕانه‌وه‌ستا. له‌ دوژمن هه‌ستا و ساڵی ١٣٦٣ هات بوو به‌ پێشمه‌رگەی‌ حیزبی دێموکرات. ئەبووبەکر خوێنگه‌رم و دڵخۆش بە کار و ئەرکەکانی خۆی، وه‌ک زۆربه‌ی قاره‌مانه‌کانی کوردستان به‌ره‌نگاری په‌لاماری دڕندانه‌ی هێزه‌ به‌کرێگیراوه‌کانی ڕێژیم بۆوه‌. ئیتر هه‌ر ئه‌وه ‌بوو به‌رگی پیرۆزی پێشمه‌رگایه‌تیی له‌ به‌ر کرد و به‌ڵێنی فیداکاری ‌و خزمه‌ت به‌ حیزب ‌و نه‌ته‌وه‌که‌ی دا، و شێلگیر و وه‌فادار به‌ ڕێگای پیرۆزی خۆی هه‌نگاوی نا و ته‌نانه‌ت تاوێکیش له ‌خه‌بات و تێکۆشان نه‌وه‌ستا. ئەبووبەکر زوو گوڵی کرد. به‌ ئازایه‌تی و زیره‌کیی خۆی له‌ شه‌ڕه‌کاندا ناوبانگی ده‌رکرد. ئه‌و ماندوویی نه‌ده‌ناسی و هه‌رچی بووی هه‌ر وه‌فا و ئه‌وینی نه‌ته‌وه‌ به‌شخوراوه‌که‌ی بوو که‌ چووبووه‌ هه‌ناویه‌وه ‌و ده‌م به‌ ده‌م ئیراده‌ و توانای بۆ درێژه‌پێدانی ئه‌و ڕێگایه‌ پته‌وتر و زیاتر ده‌کرد. هەر ئەوە بوو هەلی بە دەرفەت زانی و ڕزگاریی چەوساوانی لە بەرنامە و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتدا دیتەوە و وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ ئازا و به‌ئه‌زموون و له‌خۆبوردوو، به‌نه‌زم و دیسیپلین ئه‌ركی‌ خۆی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برد. هاوڕێ‌ ئەبووبکر پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ به‌وه‌ج‌ و بەبیر‌وباوه‌ڕ بوو، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئه‌رك ‌و مه‌ئموورییه‌تی‌ حیزبی‌ ئه‌وپه‌ڕی‌ دڵسۆزی‌‌ و فیداكاریی‌ له‌خۆی‌ ده‌نواند. ئه‌و ئاماده‌ی‌ هه‌ر چه‌شنه‌ فیداكاری‌‌ و گیانبازییه‌ك بوو و له‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئه‌رك ‌و مه‌ئموورییه‌ته‌ حیزبییه‌كاندا جیددی ‌‌و ڕووسوور بوو. لە شەڕەکانی ناوچەی پیرانشار ئازایەتیی لە خۆی نیشان دا و دوو جار لە شەڕدا بریندار بوو کە پاش سارێژبوونەوەی برینەکەی ئازاتر دەهاتەوە مەیدان و سەنگەری قایمتر لە دوژمن دەگرتەوە. بەهۆی لێهاتووییەکەی سەرەتا وەک فەرماندەری پەڵ و پاشان وەک فەرماندەری لک دیاری کرا. ئەبووبەکر زۆر ئازایانە شانی وەبەر ئەو مەسئولیەتە دا و وەک فەرماندەیەکی لێهاتوو لە بەرەکانی شەر دژی هێزەکانی ڕیژیم دەوەستاوە. ئەوە بوو کە بە فەرماندەیی ئەو چەندین عەمەلیاتی قارەمانانە لە ناوچەی پیرانشار و شنۆ و نەغەدە بەڕێوە چوو و، ناوبراو لە شەڕەکاندا هەمیشە لە سەنگەری پێشەوە ڕینوێنیی هاوسەنگەرانی دەکرد. ڕۆژی ١٩ی خەرمانانی ساڵی ١٣٧٢ پێشمەرگە قارەمانەکانی هێزی قەندیل و کێلەشێن لە ئاوایی سەوجە لە ناوچەی شنۆدا مابوونەوە کە هیزێکی کۆک‌وپۆشتەی کۆماری ئیسلامی پەلاماری دان‌. لە شەڕی قورسی نێوان پارێزەرانی نیشتمان و داگیرکەرانی کۆماری ئیسلامیدا جەندەکی زیاتر لە ١٠٠ کەس لە ‌هێزەکانی ڕێژیم لە شەڕگەدا کەوتبوون. ئەو ڕۆژە ئەبووبەکری دەرەوی بۆ جارێکی دی سەلماندی کە کوڕی ڕۆژی تەنگانەیە و بە هەر هەڵمەتێک دوژمنی وەلەرزە دەهێنا. بەڵام دواجار بەداخەوە کەوتە بەر گوللەی داگیرکەرانی کوردستان ‌و دڵە گەورەکەی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت و تیکەل بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدانی کوردستان بوو. یادی هەرمان.