کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکۆی گەل

22:35 - 30 سەرماوەز 2721

چیا مات و كەسەربار بوو تەمی خەمی لێ دیار بوو   لە دوورەوە وەك تارمایی دەبووە خێوی تاریكایی   دەتگوت پڕی جانەوەرە لێی بچیتە پێشێ خەتەرە   ڕەوەز وەكوو ڕەشە دێوان سامناکتریان دەکرد كێوان   بنار بەو لێڕەوارەوە دربەند بەو چۆم و دارەوە   تیژ تیژ دەهات و ڕادەبرد شێری لەترسان كڕ دەكرد     لە دوورەوە كە دەتڕوانی هیچ نەتدەی جیلوەی جوانی   هەتا بوو بە پەنای مێران بوو بە پەنا و لانی شێران   تا پێشمەرگەی گەییە داوێن جا بە ئاوازی بلاوێن   ڕەنگێكی دیكەی هاتە بەر پڕ بوو لە چیرۆكی سەنگەر   دەستی نیگاركێشی لاوان تەمی لادا لەسەر چاوان   بە باوەڕ و پێداگری هات پەیكەرەی خۆڕاگری   لە ناخی ئەو گابەردانە هێنایە دەر، زۆر مەردانە   چیا سینگی هێنا پێشێ وەكوو تابلۆی نیگاركێشێ   خۆی ڕادەنا و دەیگوت بە گوڕ وەرنە ئامێزم كیژ و كوڕ   لەكوێ گوللە پارێز بێنێ گابەرد ورەی لێ دەستێنێ   لە نێوچاوانی هەر بەردێ پێمە چیرۆكی نەبەردێ   سینگی داوێن چەندی چڕە لە باسی پێشمەرگە پڕە   كەمتیار و قەل و چەقەڵ ڕێویی گزیكەر و دەغەڵ   هەر چرای چیا دادەگیرسێن زەندەقیان دەچێ، دەترسێن   شكۆی گەل و نەتەوەیەك هیوای گشت توێژ و نەوەیەك   هێمای گەشی خۆڕاگری خۆڕاگرتر لە ئاگری   بێ منەت و بێ سكاڵا پشتیوانی گەل و ئاڵا   چیا بۆ ناو، بۆ سەروەری سینگی دەگا بە سەنگەری   ئەو هیوای دواڕۆژی ڕوونە هەتاوی بێ ئاوا بوونە   میللەت چاوی هیوای لێیە لە پێشمەرگە زیاتر کێیە     تاقە سەرمایەی ژیانی لەسەر دەستیەتی گیانی   بە گیان لە دوژمن ڕادەسێ منەت ناكا لەسەر كەسێ   دەمرێ لە پێناو ئازادی سەر كز ناكا بۆ بێدادی   لە كوێ هەبێ زۆری زۆردار ئەو هێزی خۆی دەخاتە كار   لە كوێ خەڵك بكرێ برسی ژیان بكەوێتە مەترسی   لە كوێ زوڵم خۆی ڕادەنێ ئەو دێ سەری خۆی دادەنێ   تا نەمێنێ ئاسەواری زوڵم و زۆر و نالەباری   تا ئەو ڕۆژەی ژیان هەیە گەل خاوەنی پێشمەرگەیە   تا وا بەهەست بن كیژ و كوڕ بێنە مەیدان بە تین و گوڕ   چەكی خەبات بكەنە شان گیان دابنێن بۆ نیشتمان   خەون و خەباتی بندەستان بۆ ڕزگاركردنی كوردستان   بە هێزی هیچ چەك و دەستێ لە تێكۆشان ڕاناوەستێ ***   چیت بۆ بڵێم هێمای وڵات ڕۆڵەی بەوەجی دێموكرات   هەرچەندی سەر دێنم و دەبەم چیی وشەی جوان كۆوە دەكەم   چیی لە ناوت ڕادەمێنم لە قامووسان وشە دێنم   بۆ وەسفێكی شیاوی تۆ بێ شیاوی مێژوو و ناوی تۆ بێ   شیعرێكی پڕ بە باڵات بێ بارتەقای ناو و ئاڵات بێ   شێعر چەندی خۆ دەنوێنێ لە ئاستی تۆ دادەمێنێ   بۆیە قەڵەم شەرمەزارە هەستم كول و كۆڵەوارە   هێشتا وەسفم كورت و دوورە بە گەورەییت لێم ببوورە   خەجاڵەتیم بێ هۆ نییە شێعرم لە ئاستی تۆ نییە   هەر ئەوەندەم پێ كراوە ناوت بخەمە نێو هۆنراوە   تاكوو شێعرم بنەخشێنم لەنێو خەڵك خۆ بنوێنم   جا كێ دەخوازێ بمێنێ لە نێو سەران سەر هەڵێنێ   مەزن بژی و قەدر گران بچێتە ڕیزی نەمران   داهاتوو لێی ببێ ڕازی بۆ گەل ببێ بە شانازی   سەر دانوێنێ شاخ لەبەری خەڵك بخۆن سوێند بە سەری   با لەملاولەولا نەڕوانێ گیانی لەسەر دەستی دانێ   با بێ بپۆشێ ئەم بەرگە لێرە ببێ بە پێشمەرگە