کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ٢٠٢٢، هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل لە سووریە پێش بە تاران دەگرن و ئامادەکاریی بۆ لێدان لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن

22:05 - 15 بەفرانبار 2721

بەگوێرەی زانیاریی تایمز ئاف ئیزرائێل، هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل لە سەر ئەو بڕوایەیە کە ساڵی ڕابردوو بە هۆی هێرشە ئاسمانییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو پێشی بە ئێران گرتووە تا چەکوچۆڵ و کەلوپەل بە سووریەدا بگوێزێتەوە و، بەتەمایە  ئەو کارە لە ٢٠٢٢دا درێژە پێ بدات. لە هەمان کاتدا، هێزی سەربازی، لە میانەی ئەو گفتوگۆیانەی لە ڤییەن لە نێوان تاران و زلهێزەکانی جیهان بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ٢٠١٥ بە مەبەستی وەستاندنی بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر سووک‌کردنی ئابلۆقەکان لەئارادان، درێژە بە ئامادەکارییەکانی بۆ ئەگەری هێرش بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەدا. لە کاتێکدا کە هەوڵەکان بۆ گەشەپێدان بەو شتەی کە کاربەدەستانی ئیسڕائیل وەک "هەڕەشەی سەربازیی باوەڕپێکراو" دژی بەرنامەی ئێران باسی دەکەن بەخێرایی درێژەی هەیە و سەرەڕای وتە شەڕانییە جاروبارەکانی سیاسەتوان و ئەفسەرەکانی هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل، هێشتا بەتەواوی ناڕوونە ئاخۆ ئیسڕائیل بەڕاستی هێرشێکی ئەوتۆ بەڕێوە دەبات، تەنانەت بێتوو ئێران لە سنووری دروست‌کردنی چەکی ئەتۆمییش بێ: هیرشێکی ئەوتۆ بێگومان دەبێتە هۆی تۆڵەئەستاندنەوەی بەربڵاوی ئێران، ڕاستەوخۆ و لەلایەن بەکرێگیراوەکانی لە ناوچە، کە دبێتە هۆی تێوەگلانی ئیسڕائیل لە جەنگێکی ماڵوێرانکەری چەند بەرەیی. بڕیاری شێوەی هەڵسوکەوت لە کۆتاییدا بەستراوەتەوە بە چەند فاکتەری جۆراجۆر، لە ڕێژەی پشتیوانیی ئەمریکا بۆ ئۆپەراسیۆنێکی ئەوتۆ تا ئاستی ئامادەیی بەرگریی ئاسمانیی ئیسڕائیل و پەناگای بۆمبان و ڕەنگبێ لە هەمووی گرینگتر، تا چ ڕادەیەک هێزە پارێزەرەکانی ئێسڕائیل پێی وایە هێرشەکەی بەکردەوە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران وەدوا دەخا. لە هەلومەرجێکی تایبەتیدا، هێزی سەربازی لەسەر ئەو بڕوایەیە کە تێچووی ئۆپەراسیۆنێکی ئەوتۆ بۆ ئاسایشی نیشتمانیی ئیسڕائیل لە سوودەکانی زۆرترە. بێجگە لەوە، ئامادەکاریی بۆ بەروڕووبوونەوە دژی هەڕەشەی مەزنتری ناوچەیی، چاوەڕوان دەکرێ هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل سامانی بەرچاو لە ساڵی داهاتوودا بۆ بەرپەرچدانەوەی حەماس لە کەرتی غەززە -سەرەڕای ئەوە کە دوای قەیرانە ١١ ڕۆژەکەی مانگی مای هەنووکە ئاگربڕێک لە ئارادایە- تەرخان بکات و دژی چالاکییە تێرۆریستییەکانی کەناری خۆراوا، کە بەگوێرەی ئاماری هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل، لەو دواییانەدا هەردوو هێرشی فەلەستینییان دژی ئیسڕائیلییان و نیشتەجێ‌کراوەکان دژی فەلەستینییان، گەلێک توندوتیژانەتر بوون، بوەستێتەوە. لە کاتێکدا کە ڕێژەی کەمی کوژراوانی ئیسڕائیلی لە هێرشە تێرۆریستییەکانی کەناری خۆراوا، بەقەد هی ساڵی ٢٠٢٠ بوو، کە تا ڕۆژی سێ شەممە دەکاتە ٣ قوربانی، ڕێژەی کوژراوانی هێرشەکان لە کەرتی غەززەوە زۆر زیاترە، واتە ١٣ کەس کە هی جەنگی مانگی "مای"ـە (١٢ لەوان خەڵکی مەدەنی بوون)، و ئەفسەرێکی پۆلیسی سنوور کە لە کاتی شەڕوهەرایەک لە پەرژینی ئەمنییەتی غەززە لە مانگی ئاگوست، کوژرا. بەسەر یەکەوە، هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل چاوەڕوانی ڕەوتێکی ئارام بۆ ئاسایشی ئیسڕائیل لە ساڵی داهاتوویە. هێزە سەربازییەکان لەسەر ئەو بڕوایەیە کە زۆربەی دوژمنانی ئەو وڵاتە لە دەست‌پێکردنی کێشەیەکی بەربڵاو دژی ئیسڕائیل چاوترسێن کراون. پێوەندییە گەشەئەستێنەکانی ئورشەلیم دەگەڵ وڵاتانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، لە هاوپەیمانە ئاشکراکان وەک ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی و بەحرەین تا هاوبەشە لەمێژینەکان وەک ئوردۆن و میسر، تواناییەکی زۆرتر بە ئیسڕائیل دەبەخشن تا لە ناوچەیەکی بەربڵاوتردا هەڵسوکەوت بکات. دوای چەند ساڵ بێ‌بودجەیی، بودجەی تازە پەسندکراو سامانی پێویست دەداتە هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل تا وتووێژ لەبارەی ڕێککەوتنی درێژمەودا دەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرگریی ئەمریکایی بەڕێوە بەرن، بۆوەی دڵنیا بن کە هێزە سەربازییەکان ئەو چەکوچۆڵ و سیستەمانەی دەست دەکەون کە لە ساڵەکانی داهاتوودا پێویستی پێ دەبن.   لێک‌هەڵتەکاندنی زنجیرەی دابینکردنی کەلوپەل بەگوێرەی بەراوردەکانی سەربازی، بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیل، ئێران لە نزیکەی ٧٠ لە سەدی کاتەکان نەیتوانیوە سیستەمەکانی چەکوچۆڵی خۆی بە ناوچەدا بگوازێتەوە، چ بە ئاسمان، دەریا یان بە زەویدا، و توانای ئیسڕائیل لەو ڕوانگەوە لە باقی کاتەکاندا بەربەستی خستۆتە سەر ڕێگای ئەو هەوڵانە. بە بۆچوونی هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل، لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا، ڕێژەی سیستەمی چەکوچۆڵی پێشکەوتوو یان ستراتێژیک لە سووریە خەریکە کەم دەکات. سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل، ئاڤیڤ کۆخاوی، ئەو حەوتوویە، لە توێی ئاگادارکردنەوەی کۆتایی ساڵدا بە هەواڵنێرانی گوت، "زیادکردنی ڕێژەی ئۆپەراسیۆنەکان لە ساڵی ڕابردوودا بووە هۆی پەک‌خستنی بەرچاوی هەموو ڕێچکەکانی هەناردەکردنی چەکوچۆڵ بۆ بەرە جیاوازەکانی دوژمنانمان." لە ساڵی ڕابردوودا، هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل، دەرزەنێک هێرشی ئاسمانییان کردە سەر ئامانجەکانیان لە سووریە کە لەواندا کەڵکیان لە سەدان بۆمب وەرگرت، کە کەمێک لە ڕێژەی ئۆپەراسیۆنەکانی ٢٠٢٠ زیاتر  بوو و نزیکەی دوو هێندەی ئەوانی ٢٠١٩ بوو. لە هەمووان تازەتر، سووریە ئیسڕائیلی تۆمەتبار کرد کە ڕۆژی سێ‌شەممە هێرشێکی دەگمەنی کردۆتە سەر بەندەری ئەو وڵاتە لە لازقیە، ناوچەیەک کە تا ئەو مانگە ئیسڕائیل خۆی لە هێرش بۆ سەر ئەوێ، لەبەر بوونی هێزەکانی ڕووسیە لە نزیک ئەوێندەرێ، دەبوارد. لە مانگی ڕابردوودا ئەوە دووهەمین هێرش بۆ سەر بەندەرەکەیە کە وێدەچێ دەرخەری ئەوە بێ کە ڕووسیە تا ڕادەیەک ڕەزامەندیی بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنانە دەربڕیبێ. هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل پێی وانییە کە بتوانێ بەتەواوی پێش بە هەوڵەکانی ئێران بۆ گواستنەوەی چەکوچۆڵی پێشکەوتوو بۆ بەکرێگیراوانی بگرێ، بەڵام هیوادارە تا ئەو جێیەی دەکرێ سنوورداری بکا. بێجگە لە هێرشە ڕاستەوخۆکان بۆ سەر جبەخانەی چەکوچۆڵی ئێرانی و دژی دامەزراوەکانی پێوەندیدار بە ئێران لە سووریە، هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل هەروەها هەوڵ دەدا دیمەشق ناچار بکا نرخی ئێزندان بە چالاکیی سەربازیی ئێران لە وڵاتەکەی بدا، بەو هیوایە کە بتوانێ قەناعەت بە ئەسەد بێنێ کە ڕایگرێ یان لانی کەم ئەو پشتیوانییە کەم بکاتەوە. ئەو هەوڵە لە هێرشەکانی هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر بەرگریی ئاسمانیی سووریە و دژی بنکە سەربازییەکانی سووریە کە هاوکاریی سوپای پاسدارانی ئێران دەکەن، دەر دەکەوێ. زیاتر لە یەک دەیە پاش دەستپێکی شەڕی نێوخۆیی سووریە، هەنووکە ئەسەد نزیکەی دوو لەسەر سێی وڵاتی بەدەستەوەیە، پاشماوەکەی بەدەست شەڕکەرانی سووریە، هێزە کوردییەکان، تورکیە یان وڵاتە یەکگرتووەکانەوەیە (لە دۆخی ناوچەی تەنف لە خۆرهەڵاتی سووریە). لە کاتێکدا کە ئەسەد دەسەڵاتی خۆی بەسەر بەشی خۆی لە وڵاتدا دەسەپێنێ، هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل هیوادارە کە ئەو دەست بکا بە وێستانەوەی ڕێژەیی دژی چالاکییەکانی ئێرانیان، ئەگەرچی وێناچێ ئەو بە تەواوی میلیشیا بەکرێگیراوەکانی ئێران وەدەر نێت، کە لە ١٠ ساڵێ ڕابردوودا یارمەتییان کردووە. لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل پێی خۆشە سەرجەم هێزە پشتگیری‌کراوەکان لەلایەن ئێرانەوە لە سووریە بچنە دەر، ئەو زۆرتر نیگەرانی بوونی ئەوان و بوونی هێزەکانی حیزبوڵڵا لە بەرزاییەکانی گوڵانە و هەوڵێکی زۆر بۆ وەدەرنانی ئەوان تەرخان دەکات، هێرش دەکاتە سەر بنکەی ئەوان و هی ئەو یەکە سوورییەییانە کە ڕێگایان پێ دەدەن، هەروەها بەئاشکرا فەرماندەکانی تێوەگلاو لەو کارەدا لەقاو دەدات. لە کاتێکدا کە هێزەکانی حیزبوڵڵا لەسەر سنوور ماونەوە، هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل لە سەر ئەو بڕوایەیە کە ئۆپەراسیۆنەکانی بوونە هۆی پێشگرتن بەو تاقمە تێرۆریستییە تا ئەو ڕێژە هێز و چەکۆچۆڵە لەو بەرەیە کۆ بکاتەوە کە پلانی بۆ داڕشتبوو.   ئامادەکاریی بۆ هێرشێک کە ڕەنگبێ قەت نەقەومێ هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل درێژە بە ئامادەکارییەکانی بۆ هێرش بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ساڵی داهاتوودا دەدات، بە پلانی مانۆڕێک لە بەهارێ تا لاسایی هێرشێکی ئەوتۆ بکاتەوە و هەروەها هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ وەدەستهێنانی چەک و تەقەمەنی بۆ مەئمورییەتەکە. لە کاتێکدا کە هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل پێی وایە کە ڕەنگبێ هەنگاوی سەربازیی دژی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە ماوەیەکی کورتدا پێویست بێ، وێدەچێ ئەو هەنگاوە کاریگەریی سنوورداری هەبێ. بۆ وێنە، هەنووکە هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل توانایی بۆمباران‌کردنی ناوەندی پیتاندنی نەتەنزی هەیە، کە ئامانجێکی هاسانترە، چونکە تەنانەت ئەو بەشەی کە لەژێر زەوییە هێندە قووڵ نییە کە بۆمبی ئاسایی نەیگاتێ. بەڵام، بنکەی فۆردو، کە لە قووڵایی عەرزدا و لە ژێر چیایەکی بەردیندا نێژراوە، بەبێ کەڵک‌وەرگرتن لە بۆمبی بانکر-باستر (کونەتەیارە هەڵتەکێن)، جۆرە بۆمبێک کە فڕۆکەکانی ئیسڕائیلی توانایی هەڵگرتنیانی نییە، گەلێک دژوراترە. لانی کەم شەش مانگ و ڕەنگبێ ساڵێک بخایەنێ تا ئیسڕائیل بتوانێ توانایی بەرێوەبەریی هێرشێکی وەها بەربڵاو کە بتوانێ بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بۆ ماوەی چەند ساڵ بوەستێنێ، وەدەست بێنێ. ئەگەرچی ئامانجی هێرشێکی ئەوتۆش تەنیا چاوترسێن‌کردن دژی پیتاندنی ئورانیۆم لە داهاتوویە، تەنانەت بەربڵاوترین هێرش تەنیا بەرنامەی ئەتۆمی وەدوا دەخات، چونکە زانیاریی تەکنیکی و ئەو ئەزموونەی زانایانی ئەتومیی ئێران هەر ئێستا کۆیان کردۆتەوە لەنێو ناچێ. بودجەی نەتەوەیی تازە پەسەندکراو، کە لەویدا بودجەی بەرگریی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کرایەوە، بە تایبەتی بۆ ئەوە تەرخان کراوە تا ئامادەکاری بۆ لێدانێکی ئەوتۆ بکرێ، ئیزنی بە هێزە سەربازییەکان داوە تا هەوڵەکانیان خێراتر بکەن، نەتەنیا چەکوچۆڵی پێویست بۆ هێرشەکە بکڕن بەڵکوو سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بەهێزتر بکەن کە بۆ پارێزگاریی لە وڵات لە بەرانبەر تۆڵەئەستاندنەوە چاوەڕوانکراوەکە یەکلاکەرەوەیە. ئەو حەوتوویە کۆخاوی گوتی، "پلانی خۆ بەهێزکردنی هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل لە ساڵی ڕابردوو بە خێراییەکی پەرەئەستێن پێشوەچوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. خاڵی سەرەکیی ئەو، باشتربوونی بەرچاوی ژمارەی ئامانجەکانی دەستنیشانکراوی دوژمن و هەواڵگرییە؛ تەواوکردنی مامەڵەکان بۆ بەرزکردنەوەی بەرچاوی ژمارەی بۆمب و مووشەکی فڕۆکەی شەڕکەر؛ پێشوەچوونی پلانەکانی ڕایەڵەیەکی بەرگریی ئاسمانیی سەرانسەریی و باشتر کردنی سیستەمەکانی پێوەندیی."   نیزیکتر لە ماڵەوە تەنیا شەش مانگ دوای جەنگی ١١ ڕۆژەی هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل و  تاقمە تێرۆریستییەکانی کەرتی غەززە، هێزە سەربازییەکان چەند مووشەکیان دیتوون کە دوای ئەو شەڕەی لە مانگی مای کۆتایی هات، بەرەو ئیسڕائیل هاویژراون: تەنیا پێنج مووشەک لە شەش مانگی ڕابردوودا، لە بەراورد لەگەڵ ٢٢ دانە کە شەش مانگ دوای کۆتایی جەنگی غەززە لە ٢٠١٤ هاوێژران. هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل هۆی ئەو ئارامییە بۆ دوو فاکتەر دەگەڕێنێتەوە: یەکەم، سیاسەتە مەدەنییەکانی دەوڵەت بەرانبەر بە غەززە کە وردە وردە ئیزنی بە غەززەی گەمارۆدراو و بێ‌دارایی داوە تا وێرانییەکانی دوای جەنگ چاک بکەنەوە؛ و دووهەم، هەڕەشە سەربازییەکان لەمەڕ تۆڵەئەستاندنەوەی سەخت لە ئەگەری ‌هێرش لە کەرتی غەززەوە، کە لە کێشەی مانگەکانی دواتر بە هەنگاوتنی بنکەکانی حەماس بە بۆمبی ٨٠ تۆنی، لە جوابی چەند مووشەک و پزدانی بەڕێکراو لەوێوە بە مەبەستی ئاگربەردان لە ناوچەکانی نێوخۆی ئیسڕائیل، نیشان درا. لە هەمان کاتدا، سوپا ژمارەیەک ناوچەی دیتنەوە کە لەوێ لە کاتی کێشەی مانگی مای زەختی کەوتبووە سەر، لە ئیسڕائیل ئەوە بە ئۆپەراسیۆنی پارێزەری دیوارەکان ناسراوە: بە تایبەتی بۆ پێشگرتن بە حەماس و جیهادی ئیسلامی تا مووشەک بە بەرەی نێوخۆوە بنێن. لە کاتێکدا کە ٩٠ لە سەدی مووشەکەکانی ئاراستەکراو بەرەو ناوچە مەدەنییەکان پێش تەقینەوە لەنێو بران و، ڕێژەیەکی بەرچاو لەوانی هاوێژابوون نەگەیشتنە ئامانج. هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل دەڵێ توانایی دیتنەوەی شوێنەکانی هاویشتنی مووشەکەکان و لەنێوبردنیانی لە کاتی جەنگ باشتر کردووە، بەڵام ئەو پرسە هێشتا جێگای نیگەرانیی هێزە سەربازییەکانە. تیمێکی پسپۆڕ لەنێو بەڕیوەبەرایەتیی گشتیی هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل بۆ ئەو مەبەستە و بۆ گەشەپێدانی تێکنۆلۆژی و تاکتیکی نوێ بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڕەشەیە دروست کراوە. کەناری خۆراوا سەرچاوەی سەرەکیی نیگەرانیی هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیلە. ساڵی ڕابردوو توندوتیژییەکان لەوێ بە شێوەی بەرچاو زیادیان کردووە. بەگوێرەی ڕاپۆرت لە ٢٠٢١ لە بەراورد دەگەڵ ساڵی پێشوو، ڕێژەی تەقە و هێرشی چەقۆوەشاندن دوو هێندە بووە، (٦١ و ١٨، کە لە ساڵی ٢٠٢٠ ئەو ڕێژەیە ٣١ و ٩ بوون). هەروەها بە گوێرەی ئاماری هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل، ڕێژەی بەردهاویشتن ٪٤٠ و بۆمبی ئاگرخەرەوە ٪٣٣  زیادی کردووە. هێزە سەربازییەکان هۆی زۆربەی ئەوانە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژی دەزانن کە هەروەها لە کەناری خۆراوا لە کاتی ئۆپەراسیۆنی پارێزگاریی لە دیوارەکان دیترا، بەڵام بەشێکیان دەگەڕێنەوە بۆ پشێوەییەکانی ئەو دواییانە. لە پاییزەوە، کە وەرزی کۆکردنەوەی بەری زەیتوونە، هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل ئاستێکی بەرزتر لە توندوتیژی لەنێو توندئاژۆیانی ئیسڕائییلیدا دژی فەلەستینییان بەدی کردووە و لە هێندێک دۆخ دژی هێزە ئاسایشییەکانی ئیسڕائیل، دەگەڵ بەرزبوونەوەی هێرشی فەلەستینییان دژی نیشتەجێ‌کراوەکانی ئیسڕائیلی. هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل بەردەوام ڕەخنەی لێ گیراوە کە پێش بە هێرشی ئیسڕائیلییان دژی فەلەستینییان ناگرێ. ئەگەرچی هێزە پارێزەرەکانی ئیسڕائیل ددان بەوە دادەنێن کە سەربازەکان لەو بوارەوەدا دەتوانن کاری زۆرتر بکەن، بەڵام هێزە سەربازییەکان بە گشتی پێی باشتر کە پۆلیسی ئیسڕائیل بەڕێوەبەری ئەو هەوڵانە بێ.