کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەری نەرم، پێناسە، مێژوو و تاکتیک

22:07 - 15 بەفرانبار 2721

بێگومان یەکێک لە ئالێنگاریی و گرفتە بنەڕەتییەکان لە بەردەم خەڵکی کوردستان بۆ خرانە ژێر گوشاری ڕوحی و ڕەوانی، شەڕی نەرمی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە. ئەم شەڕە نەرمە هاوتەریب لەگەڵ شەڕی فیزیکی دەرحەق بە نەتەوە و بزاوتەکەمان بەدرێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی و لە هەموو ڕەهەندەکان و بە هەموو ئامرازەکان درێژەی بووە. مەبەست لەو شەڕەش ئەوە بووە کە هەست و نەستی تاکی کورد تووشی نسکۆ و داماڵین لە هەر چەشنە بەها و مۆرالێکی نەتەوەیی، ژیاری، نیشتیمانی، زمانی و... هتد بکەن. ئەوان گەرەکیانە تاکی کورد مرۆڤێکی خۆبەکەمزان، لەرزۆک، داماو ، بێ‌ئیرادە و بێدەنگ و خۆبەدەستەوەدەر بێ و توانای هیچ چەشنە هەڵوێست و ئیرادەیەکی لە دژی دەسەڵات نەبێ. سروشتییە کاتێکیش تاک لە ناسنامە ڕوحی و مادییەکانی داماڵدرا، ئیدی بەشێوەیەکی نائاگایانە دەکەوێتە نێو سیستمی فیکری و سیاسەتی داگیرکاریی حکوومەتی دەوڵەت-نەتەوەی سەردەست.   شەڕی نەرم soft warfare: شەڕی نەرم لە بەرانبەر شەڕی سەخت Hard warfare پێناسە دەکرێ و پێناسەی جۆراوجۆری لە لایەن‌ خاوەن‌ڕایانەوە بۆ کراوە، وەک: "جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی گەڵاڵەکراو لە بانگەشە و کەرەسەکانی پەیوەندیدار بە بانگەشە بۆ دزەکردنە نێو هێز و هزری دوژمن بە جۆرێک کە دەستەبەری مەبەست و ئامانجە ئەمنییەتییەکان بکا." یان "شەڕی نەرم هەوڵدانێکە کە لەسەر ئەساسی ئەم شەڕە نەرمە دەبێ ئەوانیتر نۆرم، بەها و بڕوای تۆ بە کەمترین تێچوو قبووڵ بکەن و ملی بۆ ڕاکێشن. بە تیڕامانێک لەسەر ئەو پێناسەگەلە دەبینین کە هەموو دەسەڵاتە زاڵەکانی سەر خاک و خەڵکی کوردستان لە هەمبەر گەلەکەمان جیا لە شەڕی سەختی وەک فەرمانی ژینۆسایدی ساڵی ٥٨ی هەتاوی لە لایەن خومەینی و سەپاندنی شەڕی ناڕەوا بە سەر نەتەوەکەمان، لە مەیدانی شەڕی نەرمیشدا بە ڕێگای مێدیا، پەرورەدە، سۆسیال‌مێدیا، هونەر و وەرزش و ... بە بەردەوامی هەوڵەکانیان لەسەر ئەو بناغەیە هەڵچنیوە کە کورد لە شۆناسی نەتەوەیی خۆی دابماڵن و هزر و ڕوحی نیشتمان‌پەروری و نەتەوەخوازیی تاکی کورد تێک بشکێنن و لە بەرانبەردا بڕوا و بایەخەکانی خۆیان لە هەناوی کۆمەڵگەی کوردیدا جێگیر بکەن. ئەم شەڕە دوژمن بە مەبەستی ڕووخاندنی سیستمی فکری و قەوارەی زەینیی تاکی کوردە کە پێی دەفرۆشێ و دەیەوێ بەبێ توندوتیژی و بەرهەڵست ‌دروست‌کردن ئامانجەکانی بپێکی. لە ڕووخاندن و شەڕی نەرمدا توندوتیژییەکان هەست‌پێکراو نین، نەرمن و زۆرتر پێداگری لەسەر مودیرییەتی میدیایی، دروست‌کردنی گرفت و قەیران لە ناسین و ئاگامەندیی تاک لە لێکدانەوەی بابەتە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، تەناهی و... ترە. هەروەها هەوڵ دەدرێ لە بەستێنی پارادایمی یاسایی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، سەرەتا ئاستی ڕەوایی، لێهاتوویی و متمانەی هێرشبەر لە کۆمەڵگەی بەئامانج‌گیراودا بەرنە سەر و؛ پاشان لە ڕێگای پلانگێڕیی نەرم‌ئامێرانە و بە پشتیوانیی هێز و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئاڵوگۆڕ لە سیستمی سیاسی و دەستەبژێرانی بێننە ئاراوە. لەسەر ئەم ئەساسە لە ڕووخاندنی نەرمدا، کەڵک‌وەرگرتن لە هێزی نەرم بۆ پراکتیزەکردنی هەڕەشە نەرمەکان گرینگیی بایەخدارانەی هەیە، چۆنکی هێزی نەرم سەرچاوەکەی هەڕەشەی نەرمە و هەڕەشەی نەرمیش ئامێر و کەرەستەی نەرم و نەبینراو بەکار دێنێ. وەک میناک: دزەکردنە نێو بایەخ و نۆرمە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی یەک کۆمەڵگە کەرەستەی نادیارن کە بە گشتی لە شەڕی نەرمدا بەکار دەبرێن. کە وابوو دەکرێ شەڕی نەرم بە هەر جۆرە هەوڵدان و هەنگاوێکی نەرم، ڕەوانی و بانگەشەکارانی میدیایی بزانین کە کۆمەڵگە بەئامانج دەگرێ و بێ وەبەریەک‌کەوتن و بەکارهێنانی هێز و سەپاندن، چییەتیی ئەم جڤاکە دەگۆڕێ.   مێژووی شەڕی نەرم: شەڕی نەرم و چەمکەکانی هاوشێوەی شەڕی نەرم وەک: شەڕی ڕەوانی، هێزی نەرم، شەڕی سپی و... هتد مێژوویەکی دێرینی هەیە و چەشنی ڕوانین و پەیوەندیی ڕووبەڕوو بێ‌ئاخاوتن، سادەترین و کۆنترین شێوەی شەڕی نەرمە. هەڵسەنگاندنی زانستیی شەڕی نەرم بۆ پاش دەستپێکی شەڕی سارد و دەیەی ١٩٧٠ـ ز دەگەڕێتەوە. لەو دۆخەدا بە بەشداریی شارەزایانی زانستی سیاسی و پەیوەندییەکان وەک، جۆزێف نای، هارۆلد لاسوول، جان کالینز و ئەندامانی هەڵکەوتووی CIA و فەرماندەرانی پایەبەرزی پێنتاگۆن، ناوەندێک بە ناوی "کۆمیتەی مەترسیی باو و نەوەستاو " دامەزرا. پاشان پلانە جۆراوجۆرەکان بۆ شەڕی نەرم و شێوەی جێبەجێ‌کردنیان بڕیاریان لەسەر درا. گرینگترین مەبەستی ئەم ناوەندە ڕێکخستنی شەڕی تەبلیغاتی دژی بلۆکی ڕۆژهەڵات بوو، و لە ڕێگای ئەم شەڕە نەرمەوە توانییان ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە ڕێژیمە سیاسییەکانی وڵاتانی وەک لەهێستان، گورجێستان، چێک‌وسلۆواکی، قێرقیزستان و... پێک بێنن. ئەوان بەبێ بەکارهێنانی کەرەسەی شەڕی سەخت و تەنیا لە ڕێگای هێزی نەرم ڕەوایی و لێهاتوویی و متمانەیان لەم وڵاتانە نەهێشت و بە پشتیوانی کردن لە بزووتنەوە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکان خەڵک و دروست‌کردنی ناسەقامگیریی سیاسی، ئابووری و ئەمنییەتی ئاڵوگۆڕیان لە پێکهاتە و نیزامی سیاسیی ئەم وڵاتانەدا پێک‌هێنا. دواتریش پاش هەڵوەشاندنەوەی یەکیەتیی سۆڤییەت ناوی ئەم کۆمیتەیە بۆ "کۆمیتەی ئاشتیی سەقامگیر" گۆڕدرا.   تاکتیکەکانی شەڕی نەرم: لە شەڕی نەرمدا تاکتیک‌گەلی جیاواز کەڵکی لێ وەردەگیرێ کە هەرکامیان لە چوارچێوەی شێوەکانی میدیایی بۆ شێواندنی بیروڕای گشتی بەکار دەبردرێن. وەک: شەڕی میدیایی: شەڕی میدیایی لە پڕۆسێسی شەڕی نەرمدا پڕاگماتیترین شێوەی ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان ڕکەبەرەکانە. لەو شەڕەدا کەڵک‌وەرگرتن لە میدیا و لقەکانی (ڕۆژنامە، هەواڵدەرییەکان، ڕادیۆ، تیڤی، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەر ئینتێرنێت و...) بۆ لاوازکردنی وڵاتان و نانەوەی کێشە و ئارێشە لەنێو ڕکەبەرەکاندا زۆر باوە. لایەنێکی دیکەی ئەم شەڕە مێدیاییە بەکاربردنی تاکتیکە نوێیەکان بۆ بەرگری‌کردن لە بەرژەوەندیی گشتی و باڵای نەتەوەیی خۆتە. شەڕی میدیایی یەکێک لە لایەنە بەرچاوەکانی شەڕی نەرم، بە تایبەت شەڕە نوێیەکان لە نێوان وڵاتان‌دایە و بە گشتی لەکاتی وەبەریەک‌کەوتنی نیزامیدا زۆرترین کەڵکی هەیە و تەنیا شەڕێکە کە لە دۆخی ئاشتییشدا دەتوانرێ لەدژی نەیارەکەت دەتوانی بیکەی، چونکی گوشارێکە کە پێوەندی و نیزیکایەتی بە لایەنی نیزامی، سیاسی و ئەمنییەتی وڵاتەوە هەیە.   دروست‌کردنی دەنگۆ و پەرەپێدانی: دەنگۆ دروست‌کردن و گواستنەوە و هەناردەکردنی زارەکییانەی پەیامێکە بۆ دنەدانی بڕوای گوێگرەکان و کاریگەری دروست‌کردن لەسەر هەست و نەستی ئەوانی‌تر. دەنگۆ بەتایبەت ئەم بەشە دەکاتە ئامانجی هێرش کە هەستیاریەکی بەرزی لای بەردەنگ هەیە و پرسگەلی ناڕوون و گرینگ بۆ ئامانجی دیاریکراولەخۆ دەگرێ. بۆ نموونە: ناکۆکی نانەوە، دروست‌کردنی بێ‌هیوایی، پچڕاندنی پێوەندی و لێک‌گرێدراویی کۆمەڵ، گرووپ یان نەتەوەیەک و...    بەرهەم‌هێنانی ترس: لەم تاکتیکەدا بۆ دروست‌کردنی مەترسی و دڵەراوکێ لە نێو لایەنی نەیاردا لە کەرەستەی ترس کەڵک وەردەگیردرێ. پسپۆڕانی شەڕی نەرم سەرەڕای هەڕەشە و ترساندنی بەردەنگەکانیان بە ڕێگای جیاوازدا وا نیشان دەدەن کە مەترسی و خەساری نادیار و گەورە لەسەر ڕێگایانە وبەم شێوەیە داهاتوویەکی نادیار وپ ڕاوپڕ لە کێشە و ئاریشە و خۆبەدەستەوەدەرانە بۆ تاکەکانی نەیار دیاری دەکا.   دژایەتی و پەرتەوازەیی: یەکێکی تر لە تاکتیکەکانی شەڕی نەرم لاوازکردنی یەکگرتوویی و ئیرادە لە ڕێگای سیاسەتی پەرتەوازەیی و دژایەتی دروست‌کردن لەنێو کۆمەڵگەدایە. دروست‌کردن و جاڕدانی هەبوونی دژایەتی و پەرتەوازەیی لە سەنگەری نەیاراندا دەبێتە هۆکاری نایەکگرتوویی و لایەنی بەرانبەر سەرقاڵی کێشەگەلی نێوخۆیی دەکا و لەم ڕێگایەوە ئۆتۆریتە و وزەی لایەنی هێرش‌بۆسەرکراو لاواز دەبێ.   ئیترەکان تێرۆری کەسایەتی، کەڵک‌وەرگرتن لە ڕەگەزی بەرانبەر بۆ کارتێکردن لە کەسی بەئامانج‌گیراو، نانەوەی ئاژاوە و قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ... لە تاکتیکەکانی دیکەی شەڕی نەرمن.   دەرەنجام: لەم قۆناغەی ئێستادا کە کورد بە هۆکاری نێوخۆیی و دەرەکی خاوەنی کیان نەتەوەیی خۆی نییە تاکوو بتوانێ وەک حکوومەت و دەسەڵات ئەم شەڕە نەرمەی لەدژی دەکرێ بەرپەرچی داتەوە و ئالێنگارییەکانی سەر جڤاکی کوردستان لە هەموو ڕەهەندەکاندا بڕەوێنیتەوە، ئەرک و بەرپرسیارەتی دەکەوێتە سەر شانی تاک، ڕێکخراوەکان، هێزە سیاسییەکان، چالاکی مەدەنی و فەرهەنگی، ڕووناکبیران و... . پێویستە لەسەر ئەساسی نەتەوەخوازی و نیشتیمان‌پەروەری و برەودان بە "خۆدئاگایی" تاک بە کەڵک‌وەرگرتن لە هەموو کەرەستەکانی بەردەست و لە ڕێگەی میدیا و ماس‌میدیا بە شێوەیەکی پلانمەند بە دروست‌کردنی "خۆباوەری" بەرپەرچی مەترسییەکانی سەر ئەمنییەتی نیشتمانی و نەتەوەیی کورد بدەنەوە. پێویستە هێزە کوردییەکان بەو ڕێگا و میکانیزمانەی کە دەتوانن بیگرنە بەر، سیاسەتی "هێرشی پێچەوانە" لە دژی ئەقڵییەت و زێهنییەتی شۆوینیزمی دەوڵەت-نەتەوەی سەردەست بگرنە بەر و هاوکات بە پێدانی زانیاریی گشتی لەسەر مێژوو، چاند، شارستانییەت و ئاگایی‌پێدان؛ زوڵم و ناحەقی دەسەڵاتی حکوومەتی دەرحەق بە نەتەوەکەمان زەق بکەنەوە و لە هزر و ڕوحی بەردەنگەکان وا ڕۆچن کە ناسیۆنالیزمی تۆخ ئادرەسی دیاری هەر مرۆڤێکی کورد بێت و کۆمەڵگە نۆرمە دژەکان بناسێ و لە دژیان بوەستێتەوە و بەگژیاندا بچێتەوە.