کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگی شەقام لەدژی دەسەڵات

22:09 - 15 بەفرانبار 2721

چوار ساڵ بە سەر ڕاپەرینی خوێناویی گەلانی ئێران لە بەفرانباری ١٣٩٦ تێ‌دەپەڕێ. ڕاپەڕینێک کە لە شاری مەشهەد دەستی پێ کرد و بۆ ماوەی چەند ڕۆژ زیاتر لە سەد شاری ئێرانی گرتەوە و بە سەدان هەزار کەسی بەدژی ڕێژیمی سەرکوتکەر و داپڵۆسێنەری کۆماری ئیسلامی هێنایە سەر شەقامەکان و گۆمی بەزۆر مەندکراوی ئێرانی شڵەژاند. هەرچەند لەسەرەتادا و لە شاری مەشهەد ئیبراهیم ڕەئیسی، بەرپرسی ئەوکاتی ئاستانی قودسی ڕەزەوی و دۆڕاوی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری جۆزەردانی ٩٦ بۆ دژایەتی‌کردنی ڕکەبەرە براوەکەی (حەسەنی ڕووحانی) و دەوڵەتەکەی بەشێوەی نافەرمی و ناڕاستەوخۆ بەستێنی ناڕەزایەتی‌دەربرین بە گرانیی خۆش کرد، بەڵام پاش گشتگیربوونی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان؛ ڕەئیسی و بەگشتی باڵی سەر بە خامنەیی و سپای پاسداران زانیان ئەگەر وەخۆنەکەون ئەو شەپۆلە بەتەوژمە نەک هەر ڕووحانی و ڕێفۆرمیست و میانەڕەوەکان، بگرە تەواویەتیی نیزام دەگرێتەوە. هەر بۆیەش دەزگای سەرکوت و داپڵۆسینیان هێنایە مەیدان و وەک هەمیشە بە زەبری هێز و کوشتوبڕ هەوڵیان دا ئەو ڕاپەڕینە دامرکێننەوە و بۆ ماوەیەکی دیکە دەنگی ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران کپ بکەن. لەو سۆنگەیەوە سەدان کەسیان لە شەقامەکان کوشت و بریندار کرد و هەروەها هەزاران‌کەسیشیان گرت و لە بەندیخانەکان بە شێوەیەکی زۆر بێ‌بەزەیانە ئەشکەنجەیان‌دان. نیزیکەی سی کەس لە گیراوەکان لەژێر ئەشکەنجەی جەلادەکانی ڕژیمدا کوژران و لەونێوەدا کوردستانیش بێبەری نەبوو لە جینایەتەکانی ڕێژیم و دە کەس لە لاوانی کورد لە شارەکانی کوردستان، وەک کرماشان، ئیلام، سنە و سەقز و بۆکان و... بێ‌گیان کران. کۆماری ئیسلامی زۆر تێکۆشا نەهێڵێ ئەو ڕاپەڕینە پەرەبستێنێ و لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا دەنگدانەوەی نەبێ، هەربۆیەش لەلایەک لە تەواوی ئێراندا تۆڕی ئینتێرنێتی پچڕاند و ئێران و دونیای دەرەوەی لێکدابراند و لەلایەکی دیکە چالاکانی سیاسی و مەدەنی و ئەوکەسانەی کە ترسی ئەوەی لێ هەبوو کە دەتوانن هەندەری خەڵکی وەزاڵەهاتوو بن قۆڵبەست و ڕەوانەی گرتووخانەکانی کردن. ڕاپەڕینی ٩٦ لە زۆر بارەوە لە ناڕەزایەتییەکانی پێشوو جیاواز بوو. ئەگەر لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٨٨، جەماوەری خەڵکی تاران و چەند شاری دیکەی ئێران پاش موهەندیسی‌کردنی هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری و دزینی میلیونیی دەنگەکانیان لەلایەن بالی زاڵ بە سەر دەسەڵاتدا بە قازانجی ئەحەمەدی‌نەژاد، هاتنە سەر شەقامەکان و داوای دەنگەکانیان دەکردەوە، لە ڕاپەڕینی ٩٦ کۆمەڵانی خەڵکی ئێران تەواویەتی نیزامی گەندەڵ و ئیستبدادی کۆماری ئیسلامییان کردە ئامانج و بە دەنگی بەرز بە هەردوو باڵی دەسەڵاتیان ڕاگەیاند ئێوەمان ناوێ و داوای ڕووخانی ئەو ڕێژیمە و ڕێفراندۆمیان کرد. جگە لەوەش لەو ڕاپەڕینەدا بەپێچەوانەی ناڕەزایەتییەکانی سالی ٨٨ ئەوە تەنیا چین‌وتوێژی دەسڕۆیشتوو و مامناوەندی نەبوو کە هاتە سەر شەقامەکان و دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز کردەوە، بەڵکوو ئەو ڕاپەڕینە لە هەناوی هەژاران و برسییەکان هەڵقوڵی و چین‌وتوێژی مامناوەندییشی ڕەگەڵ کەوت. ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دژ بە کۆماری ئیسلامی لە بەفرانباری ٩٦ زۆر هۆکاری هەبوو کە ئەگەر بمانەوێ لە چەند خاڵی گشتیدا کۆبەندی بکەین، دەتوانین سەرنج بخەینە سەر ئەو بابەتانە: گرانیی پێداویستییەکانی ژیان و دۆخی لەڕادەبەدەر نالەباری ئابووری، گەندەڵیی هەوسارپچراو و بەرتیلخۆری و مافیای سپای پاسداران وەک دەوڵەتی بەهێزی سێبەر، و هەروەها زاڵبوونی ئیستبدادی شێوەفاشیستیی دینی کە مەجالی هەناسەکێشانی لە کۆمەڵگە بە هەموو چین‌و‌توێژەکانیەوە ئەستاندوە و... . لە ڕاستیدا ئەو چەند هۆکارە کە ڕابردوویان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هاتنەسەرکاری ئاخوندەکان بوون بە هەوێنی ئەو ڕاپەرینە گشتگیر و جەماوەرییە و دواتریش ڕاپەڕینی خوێناویی خەزەڵوەری ٩٨. ڕەوشی نالەباری ئابووری و گرانی لە ئێران هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە دەستی پێ کردووە و هەتا هاتوە زیاتر کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانی تەنگەتاو کردوە، بەجۆرێک کە بەر لە ناڕەزایەتییەکانی ٨٨ و هەتا ڕاپەڕینی ٩٦ هەزاران گردبوونەوەی ناڕەزایەتی‌دەربڕین لە پێوەندی لەگەڵ هەژاری و کەمترخەمیی دەسەڵاتداران لە شار و ناوچە پیشەسازییەکانی ئێران ڕووی داوە و کریکاران، مامۆستایانی قوتابخانە و مایەپوچ‌کراونی دامودەزگاکانی سەر بە دەسەڵات خۆپێشاندانی ئێعترازییان وەڕێ خستووە. ئەوە لە حاڵێک‌دایە ئێران لە هەموو ڕوویەکەوە یەکێک لە هەرە وڵاتە دەوڵەمەندەکانە کە ئەگەر خامنەیی وەک ڕێبەری نیزام و دەسەڵاتداران لەبیر بارودۆخی ژیانی خەڵکی بووبانایە و سەروەت و سامانی خەڵکیان بۆ مەڕامە پوچ و بێ‌بایەخەکانی خۆیان بەفیرۆ نەدابا، ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئێران وەها شپرزە نەدەبوو کە ناچار بن بۆ بژێوی ژیان، ئەندامانی لەشیان و کۆرپەی ساوا و منداڵەکانیان بفرۆشن، لە شارەگەورەکان تووشی گۆڕخەوی و کارتۆن‌خەوی بن. هەر بۆیەش کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دەزانن و بەو ئاکامە گەیشتوون هەتا ئەو ڕێژیمە لەسەرکار بێ ئابووری ئێران لەوەیکە هەیە نەک هەر باشتر نابێ، بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر تووشی هەژاری و برسیەتی و نەهامەتی دەبن. هەربۆیەش لە ڕاپەڕینی ٩٦دا زیاتر چین‌وتوێژی هەژار و برسییەکان بوون کە لە شەقامەکان خۆڕاگرییان نواند و کوژراو و برینداریان دا. گەندەڵی و بەرتیلخۆری و مافیای سپای پاسداران وەک دەوڵەتی سیبەر و زۆر لە بنکە و بنیاتەکانی سەر بە خامنەیی کە زیاتر لە نیوەی ئابووری ئێرانیان مۆنۆپۆل کردوە و لەبەرەوەش وەک زەروو مژووڵی مژینی سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران لەڕێی بەشە بودجەی ناڕەوای خۆیان لە بودجەی گشتین، نیزامی گەندەڵی کۆماری ئیسلامیی داگرتوە و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دەزانن ڕەگی حەیاتی ئەو نیزامە ئاوێتەی گەندەڵی بووە و دیاردەیەک بە ناوی هەڵبژاردن و گۆڕینی دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی هیچ کاریگەرییەکی لە داهاتووی ئێران و ژیان و گوزەرانی ئەواندا نابێ؛ هەربۆیەش وادە و بەڵێنییەکانی دەسەڵات بۆ گۆڕینی ئەو دۆخە هیچ بایەخێکی لەلای خەڵکی‌ نەماوە. ئەو دۆخە واتە کەڵەکەبوونی سەروەت ‌و سامان لە دەستی مافیای سپای پاسداران و ئەو کەسانەی بە جۆرێک لە جۆرەکان دەمیان لە کاسەی دەسەڵات‌دایە و لە ڕانتی دەسەڵات بۆ هەڵلووشینی سامانی گشتی کەڵک وەردەگرن لەلایەک و لەلایەکی دیکە سیاسەتی دەستێوەردان لە وڵاتان و تەخشان پەخشانی دەیان میلیارد دۆڵاری لە سەرمایەی نەتەوەیی بۆ دەستە و تاقمە تێرۆڕیستییە نیابەتییەکان، لەو دۆزەخەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانی تێدایە، چین‌وتوێژە مامناوەندی و هەژارەکانی ناهومێد و لە هەمان‌کاتدا تووڕە کردوە. تووڕەییەک کە لە درووشمە ڕادیکاڵەکانی خۆپێشاندەران لە ڕاپەڕینی ٩٦ بەرچاوکەوتن و نیشانی ‌دا خەڵکی ئێران بەگشتی و بەتایبەتی برسی و هەژارەکان ترسیان شکاوە و ئامادەن بە قیمەتی گیانلەدەستدانیش بێ کۆتایی بەو دۆزەخە بێنن کە ئاخوندەکان بەدیاری بۆ خەڵکیان هێناوە. ئیستبدادی شێوە فاشیستی دینی کۆماری ئیسلامی دەستی خستووەتە نێو تایبەتیترین بوارەکانی ژیانی خەڵکی ئێران و بە فەرهەنگی شیوەن و ڕۆڕۆ بە یاسا نووسراو و نەنووسراوە دواکەوتووەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانیان تووشی ترس و تووڕەیی و خەمۆکی و ڕەشپۆشی کردووە؛ بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی گالۆپ خەڵکی ئێران توورەترین خەڵکی جیهانن، دیارە جگە لەو فەرهەنگە دواکەوتوویە کە کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ٤٠ ساڵە تێدەکۆشێ بەسەر کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، بەتایبەت ژنان و کچاندا بیسەپێنێ، بارودۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کاردانەوەی سیاسەتەکانی ڕێژیم لە نێوخۆ و دەرەوە لەسەر ژیانی خەڵکی، کاریگەریی نەرێنیی خۆیان لەسەر کۆمەڵگەی ئێران هەبووە و هەیە، بەوحاڵەش ئیدئولۆژیی زاڵ بەسەر دەسەڵات وەک دین و مەزهەبی فەرمی کە ئاوێتەی دیکتاتۆڕیی ڕەشی ئاخوندەکان بووە، کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانی هەتا ڕادەی هەناسەبركێ و هەنیسکدان و خنکان بردووە، هەربۆیەش دیتمان کەڵەکەبوونی ئەو هۆکارانە بوون بە هۆی تەقینەوەی ڕق و توورەیی پەنگ‌خواردووی هەژاران و بەگشتی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران. بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکانی پاش ئەو ڕاپەڕینە مێژووییە نیشانی ‌دا خامنەیی و دەسەڵاتی دژی گەلی و گەندەڵیی ئاخوندەکان ناتوانن بە زەبری سەرکوت خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بەچۆکدا بێنن. هەر بەدوای سەرکوتی ڕاپەرینی ٩٦، کەمتر لە دوو ساڵ دواتر بۆ جارێکی دیکە و لە قەبارەیەکی گەورەتردا کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بۆ ناڕەزایەتی‌دەربڕین لە گرانی سێ‌قاتی نرخی بێنزین لە زیاتر لە سەد شاری ئێران هاتنەسەر شەقامەکان. دیارە ئەو ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەش بە شێوەیەکی زۆر بێ‌بەزەیانە و خوێناوی سەرکوت‌کرا و هەزاران کەس کوژران و بریندار بوون و زیاتر لە دەهەزار کەسیش دەسبەسەرکران. لەپاش ئەو ڕاپەڕینەش کۆمەڵانی خەڵکی ئێران وەک مامۆستایان، جوتیاران و خانەنشین‌کراوەکان لە زۆربەی شار و پارێزگاکان بەبۆنەی جۆراوجۆر ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە و بەگژ سەرکوتکەراندا هاتوونەوە. ئەگەر سەرکوتکەرانی کۆماری ئیسلامی توانیان ڕاپەڕینی ٩٦ و ٩٨ سەرکوت بکەن، تەنیا هۆکاری ئەوە نییە کە دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی بەهێز و بێبەزەییە، بەڵکوو بەشێکی دەگەڕێتەوە ئەوەی کە ئەو ڕاپەڕینانە سەرەڕای ئەو پۆتانسیەلە بەهێزەی کە هەیانە لەلایەک پەڕش‌وبڵاوە و بەڕێکخراوە نەکراون و لەلایەکی دیکە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لەسەر پلاتفۆرمێک و هەدەفێکی هاوبەش کۆک نین و نەیانتوانییوە ئەو جۆرەی کە پێویستە لەگەڵ نێوخۆ و ئێلیتی کۆمەڵگە پێوەندی بگرن. ئەو لاوازییە ڕەنگە زۆر نەخایەنێ و کۆمەڵگەی ئێران بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەتەکانی ڕێژیم، ڕووداوەکانی ناوچە و هەڵسوکەوتی زلهێزەکان لە تەعامول لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئاوسانی زۆر ڕووداوی چارەنووس‌سازە کە دەبێ چاوەڕوانی بین و بە قازانجی پێشوەچوونی خەباتی گەلانی ئێران و ڕووخانی ڕێژیمی ئاخوندەکان کەڵکی لێ وەرگرین.