کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەباتی نەتەوایەتیی گەلێک کە دەبێ بنچینەکانی ڕێک بخرێتەوە

22:11 - 15 بەفرانبار 2721

لە دوای شەڕەکانی یەکەم و دووهەمی جیهانی ئەوەی گرینگ بوو و لە جیهانی سیاسەتدا بوو بە یەکێک لە پرسەکان، بە دەوڵەت‌بوونی میللەتان بوو کە چەندین هۆکاری سەرەکیی هەبوو. یەکەم، دەوڵەتانی داگیرکەر چیتر لەڕووی پۆتانسیەلەوە توانایی مانۆڕدان و داگیرکارییان لەو ئاستەدا نەمابوو. بەهۆی ئەوە کە هێز و توانا تەنیا لە دەست چەندین وڵاتدا نەبوو و وڵاتانێکی تریش هاتنە مەیدان و گۆڕەپانی کایەی سیاسییەوە. لەلایەکی دیکەشەوە میللەتان وشیارتر ببوونەوە بەنیسبەت پرسەکانی وەک ماف، شەڕ، و دەسەڵات و گرینگیی مافی دیاریکردنی چارەنووسیان بەدەستی خۆیان. هەروەها لەبەر ئاڵوگۆڕە ئابوورییەکان و خێرایی گەشەسەندنی پیشەیی وڵاتان و پێویستی پێوەندییەکی زیاتر لە بوارەکانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەو پێشچوونی کاروباری ئابووری و پیشەیی و دۆخی هەناردە و هاوردە، هەست بەبوونی ئاسایش و ئەمنییەتێکی زۆر زیاتر لە جاران لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا دەکرا. بۆ ئەوەی بەربەستەکانی پێش ئاڵوگۆڕەکان و خێرایی ئەو ڕەوتە لە بوارەکانی سیاسەت و ئابووری و پیشەیی کە پێشکەوتوویی و گەشەسەندنی بەدوادابوو، نەبێتە هۆکاری بەستێنی ململانەیەکی تری قورس لە گۆڕەپانی ڕکەبەری وڵاتاندا؛ بەدەوڵەت‌کردنی میللەتان، یان بە‌دەوڵەت‌بوونی میللەتان وەک پرسێکی گرینگ کە دەبێتە هۆی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات و ناوچە و نەزمی زەنجیرەی ئاسایشی گشتی هاتە نێو کایەی سیاسی و بوو بە مەسەلە و بابەتی ڕۆژ و داڕشتنێکی نوێی جوغرافی و سیاسی، لە داهێنانی نەزمێکی نوێی جیهانیدا. هەرچەند کە بەدەوڵەت‌بوونی میللەتان بەو مانایە کە میللەتێک خۆی دیاری بکا کە لە جوغرافیای دیاریکراویدا چۆن سیاسەت و پێوەندییە نێوخۆییەکانی بەپێی بیروبۆچوون و کولتوور و کۆمەڵێک بابەتی دیکە دابڕێژێ، بابەتێکی زاتییە و مافی هەر گەلێکە. ئەگەر نەتەوەیەک وەک پەیکەرە و هەیکەلێک لە نەزەر بگرین، دەکرێ تەواوی ئەو مافانەی کە بۆ تاکێک ڕەچاوی دەکەین، بۆ ئەویش لەبەرچاوی بگرین، سەرەڕای مافە گشتی و نەتەوەییەکان و ئەو دەستە بەرژەوەندییەی کە بەپێی پێشکەوتنی زانست و چەمکەکان دێتە پێش. کە وایە میللەت بۆ دەوڵەت و دەوڵەت بۆ میللەت، هەر وەک هەوایە بۆ سییەکان سییەکان بۆ گیانلەبەر. بەو مانایە کە ئەو بابەتانە زاتین و تایبەت بە نەتەوەیەک یان قەوارەیەک و قاڕڕەیەک نین. هەرچەند کە ئەو بابەتە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وەک خاڵەکانی تری جاڕنامە و کۆنڤانسیۆنەکاندا هاتوە و مەشرووعییەتی جیهانیی پێ دراوە، بەڵام بەو مانایە نییە کە پێش ئەوە، ئەو مافانە نەبوون یان بۆ نەتەوەکان بەحەق و ڕەوا نەزاندراوە. لە ڕاستیدا نەزمی جیهانی بەرەو ئەو ئاقارە دەڕوا کە بە پتەوکردنی خاڵە هاوبەشەکان و کەمڕەنگ‌کردنەوەی خاڵە جیاوازەکان و تەعاموول و گفتوگۆ لەو بارەدا هەوڵ دەدەن بۆ پێکهێنانی ئاسایش و نەزمی نێونەتەوەیی. هەر بۆیەشە دەبینین کە جۆری هەڵسوکەوتی وڵاتان لە هەمبەر بابەت و کێشەکاندا ڕووی ڕەقی خۆی گۆڕیوەتەوە سەر بابەتە سیاسی و ئابوورییەکان. یەک لەو بابەتانە کە زۆر بە کەمی باسی کراوە بە دەوڵەتبوونی نەتەوەکان و میللەتانە و یەک لەو هۆکارانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆربەی میللەتان کەم و زۆر بوون بە دەوڵەت. بۆ نموونە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئەوە کوردەکانن کە سەرەڕای حەشیمەتی چەند دە میلیۆنی بەڵام هێشتا دەوڵەت‌ نەتەوەیان نییە و تەنانەت ئەمە دەکرێ بە پرسێکی نێودەوڵەتییش دابندرێ. لەم ڕووەوە کە چوار وڵات بە داگیرکردنی خاکی کوردان خەڵک و نەتەوەی کوردیان لە مافەکانیان بێبەش کردوە. ئەوەش کە کۆمەڵگەی جیهان بە پێکهێنان و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ ڕێکخراو و نەهادە نێودەوڵەتییەکان هەوڵی دابینکردنی ئەو نەزمە پێک‌هاتووە و پتەوترکردنی نەزم و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەدا، خۆی شاهیدی ئەو باسەیە. بەڵام کورد وەک تەنیا نەتەوەی بەرچاوی بێ‌دەوڵەت لەو بەشەی جیهاندا دەبێ چ بکا؟ ئەوەی کە لەلایەکەوە هێژموونیی وڵاتانی داگیرکەر و پلان و پیلانەکانیان بۆتە هۆی تێکدانی کولتوور و داب و نەریت و لێک دووربونەوەی بەشەکانی ئەو نەتەوەیە لە زۆر بابەتدا لە یەکتر؛ لە هەمان کاتدا لە نێوخۆی ئەو وڵاتانەش بۆتە هۆی پێکهاتنی بیروڕای جۆراوجۆر و تەنانەت زۆر جار دوور لە مەنتیق و کێشەساز. جیا لەوەی کە بە تێکدانی ئابووری و بەربست سازکردن لە هەمبەر ماف و پێداویستیە سەرەتاییەکان، ئەو مەترسییە هاتۆتە ئاراوە کە مێژوو و نەریت و زمانی ئەو گەلە یان بەشێک لەوانە بسڕدرێتەوە و ئەو ناوچەیە تووشی کۆمەڵێک حاڵەت و بابەتی دیکە بکا و مەیدان بۆ هێندێک دۆخی مەترسیدار بڕەخسێنێ. بۆیە لە باسە نێودوڵەتی و جیهانییەکاندا دەبێ ئەو باسە بکرێ بە پرسێک، کە کێشەی کورد ئیتر تەنیا کێشەی کورد نییە و چارەسەر نەبوون یان هەوڵی چارەسەر نەکردنی تەنیا زەرەر و زیان بە کورد ناگەیەنێ. ئەوە مەسەلەیەکی هەست‌پێکراو و ئەزموون‌کراوە لە مێژووی جیهاندا، کە هەر نەتەوەیەک کە قەوارەی جوغرافی و زمان و کولتوور و مێژوو و ئابووریی دیارە و بۆتە دەوڵەت، نەتەنیا بۆتە هۆی ئارامی و سەقامگیریی دەسەڵات و دەسکەوتە ڕەوا و ئوسولییەکان لەو ناوچەیە، لە هەمان حاڵدا بۆتە هۆی چارەسەری زۆر کێشە و لاچوونی پاڵسی نەگەتێڤ و حەزف‌بوونی پۆتانسیەلە مەترسیدارەکان؛ هەروەها سەقامگیریی ئەمنییەتی و ئابووری و سیاسییش ڕێگەخۆشکەر بووە بۆ بووژانەوەی ئاشتی و گەشەسەندنی ئابووری و نەهێشتنی هیچ مەیدانێکی نەگەتیڤ بۆ بوون بە گۆڕەپانی ئیدئۆلۆژیکە نەباش و نابەجێیەکان. ئەوەش خۆی بۆتە کۆڵەکەیەکی دیکە بۆ باشتربوون و سەقامگیرتر بوونی نەزم و سەقامگیریی نێونەتەوەیی لە زۆر خاڵە هاوبەشەکاندا. دیارە بۆ پێکهاتن یان پێکهێنانی ئەو حاڵەتانە ناکرێ تەنیا پشت بە چارەسەری سەرەتایی پرسەکان یان هێندێک لە کێشەکان ببەسترێ. بۆ ئەوەی ویست و داخوازییەکانی ڕەوا و ئوسوولی لە ناوچەیەک بێتە دی و لە ڕەوتی نێودەوڵەتی و بەجیهانی‌بووندا بتوانێ هەماهەنگ و هەودەنگ بێ، دەبێ هەموو پرس و کێشە سەرەکییەکان وەک خۆی ببیندرێ، تەفسیر و لێکدانەوەی درووستی بۆ بکردرێ، ڕێگەچارەکان دیاری بکردرێ و ئەوجار لەسەر موافقەت و خواستی ئەو خەڵک و نەتەوەیە بێ. بە جۆڕێک کە باڵانسی ویست و خواست و مافەکانی هەموو لایەنەکان و سازکردنی فەزای گفتوگۆ و دانووستان و ئەزموون‌کردنی زۆربەی هەرە زۆری ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی خەبات، یەکێکە لەو ڕێگەیانەی کە دەکرێ دەرگای چارەسەری کێشەکانی پێ بکرێتەوە و پێی هیوادار بین. چارسەری پرسی کورد نەتەنیا لەبەر بەرژەوەندی کوردی، بەڵکوو دەستەبەری بەرژەوەندیی ڕەوتی نوێی جیهانییشە بە تایبەت لە بواری ئابووری و ئەمنییەوە کە وڵاتانی زلهێز پتر چاویان لە سەقامگیری ئەو بەشە لە جیهانە. کە وابوو ئەوەی ئێستاکە بۆ کورد لە ڕۆژهەڵات گرینگە سازکردن و پێکهێنانی هاودەنگی و هەماهەنگی لەسەر مێحوەرێکی هاوبەشی نەتەوەییه ڕوو بە تاران، کە تەواوی پۆتانسییەلەکانی ئەو بزاڤە لەخۆ بگرێ و لە هەموو کارتەکانی نێوخۆیی وڵات و دەرەوەی وڵات و ناوچەکە کەڵک وەربگرێ، بە بەرنامە و پلانێکی ڕوون داواکارییە نەتەوەییەکان لە هەموو بوار و ڕەهەندەکانەوە بەڕوونی شی بکاتەوە، و مودیرییەتی ئەگەرە خوازراو و نەخوازراوەکانیش بکاتە بەشێکی بنەڕەتیی ئەو مێحورە. هاوکات خەباتی مەدەنی لە ڕەهەندە جیاوازەکانیەوە بچێتە قۆناغێکی نوێ و بەربڵاوبوونی چۆنیەتیی کەڵک‌وەرگرتن لە ڕەوتە، لە لایەکی دیکەشەوە ئەو پۆتانسیەلەی کە لە نێوخۆی وڵات هەیە، ببێتە هۆی هاودەنگی و هەماهەنگیی ڕێکخراو و گروپ و کەسانی سەربەخۆش بۆ بڕیارە نەتەوەییەکان و وەدووکەوتن و پێڕەویی خەڵک لەو بابەتانە. ئەوە دیار و ڕوونە کە لە خەباتی مەدەنیدا تا ئەو جێیەی بکرێ هەزینە بۆ خەڵک بهێنرێتە خوارێ و لە هەمان کاتیشدا شوێندانەریی کارەکان و جموجۆڵەکان لەو بزاڤەدا زیاتر بێ. بەڵام هێنانەخوارێی تێچووی چالاکی و تێکۆشان بەو مانایە نییە کە بەشێک لە ڕەهەندی خەبات ڕوو لە لاوازی بنێ، یان وەللا بندرێ. بەڵکوو ئەسڵی کەڵک‌وەرگرتن لە ڕەهەندەکانی خەبات ئەوەیە کە هەر بەشێکی ئەو ڕەهەندانە لە باشترین و ئامادەترین حاڵەتی خۆیدا بێ. چون ڕەهەندەکانی خەبات وەک ئاڵقەی زنجیرەیی بزاڤن و لاوازبوونی یەکیان یان بەشێکیان کاریگەریی نەگەتیڤ دەخاتە سەر بەشەکانی دی. بۆیە دەکرێ ئەو بابەتە وا پێناسە بکەین کە کەنگێ و چۆن و لە کوێ لە ڕەهەندێک کەڵک وەربگیردرێ؛ بەڵام ئەوەیکە بەشێک وەلا بندرێ یان وەک خۆی لە شوێن و پێگەی خۆی نەمێنێ، بۆ دواڕۆژ بەپێی چاوەڕوانیەکانمان ناتوانێ ببێتە هەوێنی کاریگەرییەکی باش. بە تایبەت لە حاڵەتی ئێستادا کە کۆمای ئیسلامی جۆری سەرکوتەکانی گۆڕیوە و هەوڵ دەدا کە سەرکوتی جووڵانەوەی مافخوازیی کورد لەوپەڕی بێدەنگی و بە هەمان زەبروزەنگی ڕابردووش بێت، بۆ نموونە ڕفاندنی خەڵک یا کوشتنیان لە زیندانە کاتییەکاندا پێش ئەوەی بگەنە دادگاکان، یان دەستبەسەرکردن و بەردانیان بە دانانی بارمتەی قورس لەو دۆخە ئابوورییەدا، بانگ‌کردنی خەڵکانی جۆراوجۆر بۆ ترساندن و تۆقاندنیان و ڕەشبگیرییەکانی ئەو ماوەیە. دەکرێ دەسەڵاتی داگیرکەر بە چەند حەرەکەتی سادەی مەدەنییانە هەڵسەنگێندرێ و ڕادەی بەرپەچدانەوەی ئاشکرا بێت بۆ خەباتکاران و ئازادیخوازان. ڕەهەندێکی دیکەی پرسەکە ئەوەیە کە بۆ تێپەڕاندن و بڕینی هێندێک قۆناغ لە خەباتدا پێویستە بنچینەکانی نەتەوەیی بەڕۆژ بکرێنەوە. ئەو بەشە تێکەڵاوەی نێو سیاسەت، هونەر، زمان و کولتوور کە دەستی ڕێژیمی تێدایە، بسڕدرێنەوە و لە هەمان کاتدا لایەنە باشەکانی نێو ناخی چینەکانی کۆمەڵگە پتەو و تۆخ بکرێنەوە و لایەنە نەباشەکانیش کاریان بۆ بکردرێ بۆ ئاڵوگۆڕ و جێگرەوەیان. ئەوەی کە زۆر گرینگە، ڕەوشی بزووتنەوەکان بەتایبەت بزووتنەوەی ئێستای کورد لە ڕۆژهەڵات گرێ دراوە بە دۆخی کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتووری خۆی و گەلانی دیکەی نێو ئێران کە ئەوانە بەشێکی بنەڕەتین لە بەشە گرینگ و پێویستەکانی بزاڤی نەتەوەیی. هەر بۆیە جیا لەوەی کە پێکهێنانی یەکدەنگی لە نێوماڵی کورد و سازکردنی مێحوەرییەتێک کە زۆربەی زۆری گەلانی دیکەی ئێران لە دەوری کۆ ببنەوە و بەدەنگێکی بڵیند و یەکدەست ڕووبەڕووی سەرەڕۆییەکان و چەوساندنەوەکانی کۆماری ئیسلامی ببنەوە و لەو بەشەدا بە تێڕادووییەوە دەکرێ بڵێین کە کورد دەتوانێ ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێ. لە لایەکیترەوە یەکێک لە ئەرکە گرینگەکانی ئەو بزووتنەوەیە وشیارکردنەوەی کۆمەڵان و چینەکانی خەڵکی کوردە لە ڕەهەندەکانی خەبات، بە تایبەت خەباتە کەم هەزینە و شوێندانەرەکان. بۆ ئەوەش پێویست و گرینگە بنچینەکان ڕێک بخرێنەوە، سەرلەنوێ تاریف بکرێنەوە و لەو شێونانەی کە پێویستە جۆر و چەمکیان بەپێی دۆخی کۆمەڵگە و نەتەوە دیاری بکرێ و بەپێی ئوسوول و ئیمکاناتی ئێستا لە ئاستێکی بەرچاو بڵاو بکردرێتەوە. دەبێ ئەو بابەتەش لەبەر چاو بگیردرێ کە ڕەنگە زۆر جاریش پێویست بە داهێنانێک بێت کە تا کوو ئێستا لە هیچ بزاڤێکی‌تر نەبووە؛ بەو مانایە کە ئەوە لەبەرچاو و ڕوونە خەباتەکان و شۆڕشەکان کەم و زۆر لە هێندێک حاڵەت و بابەتدا لە یەکتر دەچن یان ڕەهەند و جۆری چالاکییەکان لە یەکتر وەر دەگرن و ئەزموونەکان بۆ یەکتری دەگوازنەوە. بەڵام ئەوەی کە مەبەستە لە نووسینەدا ئەوەیە، کە جیا لەوانە لەو بەشانە کە کولتوور و جۆری پۆتانسییەلە کۆمەڵایەتییەکان جیاوازە و یان هێندێک بابەت هەیە کە لە بزاڤەکانی کەڵک‌وەرگرتوی دیکەدا نەبوون، دەبێ ڕێوشوێنی نوێی بۆ بدۆزرێتەوە و لە چەند بوا دا بە شێوەی مەیدانی تاقی بکردرێتەوە و ئەگەر لە خەسارناسی چوارچێوەی دیاریکراوی بزاڤی ئاراییدا خۆی دیتەوە و جێی گرتەوە و بوو بە هۆی بڕینی قۆناغەکان لە حاڵەتی ئاسایی پێشوودا، یا بوو بە هۆی چارەسەر و یان ڕێخۆشکەر بۆ ڕەهەند وو حاڵەتەکانی دیکە، بهێندرێتە نێو ڕەهەندەکانی خەبات و لەو پرسە و مەسەلەیەدا پێناسە و تێئۆریزە بکرێ و هەوڵی بردنە نێو مەیدانی خەباتی بۆ بدرێ. بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی بزووتنەوەی مافخوازانە و ئازادیخوازانەی میللەتان زۆرن ئەو بابەتانەی کە بەپێی دۆخ و وەزع و ئیمکانات و پۆتانسییەل داهێنانیان بۆ کراوە و بەباشی وڵامدەر و پڕ دەسکەوت بوون؛  لە هێندێک حاڵەتیشدا بوونەتە هەوێنی ئاڵوگۆڕی بەشی دیکە و یان داهێنانی نوێی دیکە بۆ تەکمیلی ئەو زەنجیرە تێکۆشان و چالاکییانە. ئەوەی کە دەبێتە زەنجیرێکی پتەو و قایم بۆ پێکهێنانی مێحوەرێکی هاودەنگ و هەماهەنگ بەکوردی‌ کردنی ئەو بابەت و مەسەلانەیە کە بەپێی ڕاستییەکانی نەتەوەی کوردە لەو بەشەی کوردستان. ئەوە لە ڕاستی و تێگەیشتنێکی باشتر نیزیکە کە چەمکەکان و واتاکان بەپێی ئەو دۆخەی ئێستا پێناسە و شی بکرێتەوە، و هاوکات لەگەڵ ئەوەی بەڕۆژ دەکرێنەوە حاڵەتی سیستەماتیک بەخۆی بگرێ، کە لە بەزایەچوونی کات و دەرفەتەکان کەم بکاتەوە. بۆ ئەوەش پێویستە بە زانیاریی زیاتر و وردبوونەوە لەسەر هەموو بابەتەکان و هەڵسەنگاندیان لەگەڵ ڕابردووی و داهاتوویان. بۆ ئەوەی بەسیستم‌کردنی بزاڤ پێویستی بە زانیاریی دەقیق و ورد و ڕاست و واقعبینانە هەیە، بۆ ئەوەی چوارچێوەکان لە ڕەوتی ئەسڵی ئوسوولی خۆی لا نەدات. بە زمانێکی تر کورداندنی خواستەکان و چوارچێوەکان دەبێتە هۆی گشتگیرترکردنی ئەو پرسە، کە بە وشیاربوونی کۆمەڵگە لە زۆربەی چینەکانی، و بە مۆزووع کردنی لە ئاستەکانی جۆراجۆردا بۆ خەڵک لە هەمبەر دەوڵەتی داگیرکەر، دەکرێ لاپەڕەیەکی نوێ و گرینگ  هەڵبدرێتەوە کە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاوات و ئامانجەکانی نیزیکتر بکاتەوە.