کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەتی تاک‌زمانی لە ئێران، لەنێوان پێداگریی دەسەڵات و دژایەتیی نەتەوە نافارسەکاندا*

22:12 - 15 بەفرانبار 2721

بەرایی لە ئێرانی سەردەمی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا، هەوڵێکی بنەڕەتی بۆ چاوخشاندنەوە بەو سیاسەتە زمانییە سەرکوتکەرانە و لەمێژینەیە نەدراوە کە لە سەردەمی ڕەزاشاوە بەرامبەر بە زمانە نافارسییەکان هەیە. ئەگەر گۆڕانێک ڕووی داوە، جەوهەری نەبووە و، ئەم ئایدۆلۆژیایە کە لە ئێران یەک نەتەوە هەیە کە نەتەوەی ئێرانە و، زمانی ئەو نەتەوەیەش زمانی فارسییە، هەر وا باڵادەست و بەردەوامە. سەڕەڕای هاتن و ڕۆیشتن و جێگۆڕکێی چەندین دەوڵەت و سەرکۆمار و مەجلیس، ئەم پرسە لە ئاستی مەجلیسی ئێران، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و دەوڵەتدا نەخراوەتە دەستووری کار و، بە شایانی ئەوە نەزانراوە قسەی لەسەر بکرێتەوە و پەسندکراوەکانی دەوڵەتی و حکوومەتی لەو پێوەندییەدا هەر وەک خۆیان ماونەوە.   مکوڕبوونی یاسای بنەڕەتی و دەزگا پێوەندیدارەکانی وڵات لەسەر سیاسەتی تاکزمانی بۆ ناسینی سیاسەتی زمانیی دەوڵەتێک دەبێ بڕوانینە بڕیارەکانی ئەو دەوڵەتە لەبارەی زمان کە لە بەڵگەنامەکانیدا ڕەنگیان داوەتەوە. یاسای بنەڕەتیی وڵات گرنگترین بەڵگەنامەی هەر وڵاتێکە. ئەو ماددە و بنەمایانەی کە لە پێوەندی لەگەڵ زمان لە دەستوور (یاسای بنەڕەتی)ـی وڵاتدا هەن، یەک لە پێوەرەکانی ناسین و هەڵسەنگاندنی سیاسەتی زمانیی ئەو وڵاتەن. پێڕەوی نێوخۆ و پەسندکراوەکانی دامەزراوە پێوەندیدارەکانیش بۆ جێبەجێکردنی ماددەکانی دەستوور، بەتایبەتی فەرهەنگستانەکان، پێوەرێکی دیکەیە. لە ئێران چەند بەڵگەنامەی دیکەش هەن کە درێژە و تەواوکەری ڕوانین و سیاسەتی دەوڵەت و دەسەڵاتدارێتی لە مەڕ پرسی زمانن. لێرەدا هەوڵ دەدرێ بەکورتی ئاماژە بە ژمارەیەک لەو دامەزراوانە و پەسندکراوەکانیان بکرێ: لە دەستووری وڵاتی ئێراندا ٣ ماددە هەن کە پێشاندەری سیاسەتی زمانیی کۆماری ئیسلامین. ماددەکانی ١٥-١٦ و١٩. ماددەی ١٥ کە باسی بەفەرمی‌بوونی زمانی فارسی لە وڵاتی ئێراندا دەکا و ماددەی ١٦ ئاماژە بەوە دەکا "بەو هۆیەوە کە زمانی قورئان و مەعاریفی ئیسلامی، عەرەبییە و ئەدەبیاتی فارسی بە تەواوی لەگەڵیان تێکەڵاو بووە، ئەم زمانە دەبێ پاش قۆناغی سەرەتایی هەتا کۆتایی قۆناغی ناوەندی لە هەموو پۆلەکان و لە تەواوی لقەکاندا بخوێندرێ." لە ماددەی ١٩یشدا هاتوە: "خەڵکی ئێران لە هەر قەوم و هۆزێک بن، مافی وەک یەکیان هەیە و ڕەنگ، نەژاد، زمان و شتی لەو چەشنە نابن بە هۆی ئیمتیاز". ئەگەر لە ماددەی ١٥ی ئەو قانوونەدا، فارسی، وەک زمان و خەتی ڕەسمی و هاوبەشی خەڵکی ئێران پێی لەسەر داگیرابوو و تێیدا هاتبوو کە "بەڵگەنامەکان و نامەنووسین و دەقە ڕەسمییەکان و کتێبەکانی خوێندن دەبێ بەو زمان و خەتە بن"، لە ماددەی ١٦هەمیشدا، زمانی عەرەبی، بەو هۆیەوە کە زمانی قورئان و مەعاریفی ئیسلامییە، پلەی دووهەمی گرنگی‌پێدرانی  لە سیاسەتی زمانیی کۆماری ئیسلامیدا هەیە. (قانون اساسی جمهوری اسلامی، ١٣٦٨) بەڵام زمانی نەتەوە نافارسەکانی ئێران، کە زۆربەشیان لە بنەماڵەی زمانە ئێرانیەکانن، لە دەستووری وڵاتدا، وەک زمانی خۆجێیی و قەومی چاویان لێ کراوە و تەنیا "بوونی چاپەمەنی بەو زمانانە و خوێندنی ئەدەبیاتیان لە قوتابخانە لە تەنیشت زمانی فارسی" ڕێگەی پێ دراوە. فەرهەنگستانەکان بەتایبەتی فەرهەنگستانەکانی تایبەت بە زمان لە هەموو وڵاتان لەو دامەزراوانەن کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە بەرەوپێشبردنی سیاسەتی زمانیدا هەیە. ئەوان بۆ بەرنامەڕێژیی زمانی ڕادەسپێردرێن و مافی بڕیاردان لەبارەی پرسە زمانییەکانیان پێ دەدرێ. "فەرهەنگستانی زمانی فارسی" لە ئێران کە مێژوویەکی ١٠٠ سالەی هەیە، گرنگترین دامەرزوی بەرنامەداڕشتنی زمانییە. ئەو فەرهەنگستانەی لە سەردەمی دەسەلاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا هەیە، فەرهەنگستانی سێهەمە (فەرهەنگستانی یەکەم هی سەردەمی موزەفەرەدین شای قاجار و، فەرهەنگستانی دووهەمیش هی سەردەمی ڕێژیمی پەهلەوی بوو) و ساڵی ١٣٦٩ دوای ١٣ ساڵ داخران، بەرنامەداڕشتنی زمانیی دەست پی کردەوە."   ئامانجەکانی فەرهەنگستانی زمانی فارسی بریتین لە: ١- پاراستنی بەهێزی و ڕەسەنایەتیی زمانی فارسی وەک یەکێک لە کۆڵەکەکانی ناسنامەی نەتەوەیی ئێران و زمانی دووهەمی جیهانی ئیسلام و هەڵگری مەعاریف و کولتووری ئیسلامی. ٢- پەروەردەکردنی زمانێکی خاوێن و گەیەنەر بۆ دەربڕینی هزرە زانستی و ئەدەبییەکان و پێکهێنانی هۆگری بە شتە باشەکانی مەعاریفی مێژوویی لە نەوەی ئێستا و نەوەکانی داهاتوودا. ٣- برەوپێدانی زمان و ئەدەبیاتی فارسی و بەرینکردنەوەی پانتایی قەڵەمڕەویان لە نێوخۆی وڵات. ٤- پێکهێنانی هەوێنی هەڵدان و کرانەوە لە زمانی فارسیدا بەگوێرەی پێویستییەکانی سەردەم و ژیان و پێشکەوتنی زانست و هونەرە مرۆییەکان وێرای پاراستنی ڕەسەنایەتییەکەی." (اساسنامە فرهنگستان زبان و ادب پارسی) لە بەشی ئەرکەکانی ئەو فەرهەنگستانەش لە پێڕەوی نێوخۆیدا ٩ ئەرک گونجێندراون کە بەپێی ئەوان، فەرهەنگستان، هیچ ئەرک و خزمەتێکی زمانە نافارسییەکانی ئێرانی نەخستووەتە سەرشانی خۆی. تەنیا لە یەکێک لەو ئەرکانەدا ئاوڕ لە "زمانە خۆجێیەکان" دراوەتەوە، ئەویش وەک سەرچاوەیەک بۆ دەوڵەمەندکردن و خزمەتی زمانی فارسی: "کەلک‌وەرگرتنی دروست لە زمانە خۆجێیەکان (لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران) بە مەبەستی بەهێزکردن و تەیارکردنی ئەم زمانە و دەوڵەمەندکردن و بەرینکردنەوەی پانتایی ئەرکەکانی‌." (سەرچاوەی پێشوو)   جۆر و شێوازەکانی دژایەتی لەگەڵ زمانە نافارسییەکان دەزگا و دامەزراوە دەوڵەتییەکانی دیکەی ئێران، وێڕای ڕێگەنەدان بە خوێندن بەو زمانانە، بە شێوەی جۆراوجۆر دژایەتیی بووژانەوە و گەشەکردنی زمانە نافارسییەکان دەکەن. "ئاستەنگەکانی زمانی کوردی لە ئێران لەسەر پلەبەندییەکی ناهاوشانیی زمانەکان، دەسەڵات و بەکارهێنانی سەرچاوەکان دامەزراوە و زۆر بە چڕی پێوەندییان بە سیاسەتی داگیرکارییانەی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانەوە هەیە و کۆمەڵێک هۆکاری لێک‌گرێدراو بە ئایدۆلۆژیای زمانیی داگیرکارییانە تێوەی گلاون." (سورخی، ٢٠١٩) ئەگەر زمانێک -وەک زمانی کوردی، لە ئاکامی خەبات و پێداگریی ئاخێوەرانیدا-  دەرفەتێکی بۆ بڵاوکردنەی چاپەمەنی بەو زمانە بۆ ڕەخساوە، یا ڕێگەی پێ دراوە بەرنامەی ڕادیۆیی و تەلەڤیزیۆنیی پێ بڵاو بێتەوە، بەئەنقەست سیاسەتێکی مەبەستداریان لە چۆنیەتیی بەکارهێنانیدا گرتووەتە بەر کە ئامانجەکەی لاوازکردن و دابەزاندنی ئاست و سەنگی ئەو زمانەیە. "بە هاتنەسەرکاری حکوومەتی ئیسلامی لە ئێراندا، حکوومەت هەوڵی دا، وا بنوێنێ کە زمانی کوردی بەگشتی شاعیرانە، گوندی و فۆلکلۆرییە و لەم ڕوانگەیەوە پشتگیریی لە جۆرێکی تایبەت لە فرەزمانی کردووە. بۆ نموونە لە کوردستان بە دانی ئیمتیازی فەرهەنگی وەک دامەزراندنی ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی (ئینتیشاراتی سەلاحەدینی ئەیووبی)، گۆڤاری "سروە" و چەند گۆڤارێکی دیکە (ئاوێنە، ئامانج و..)، کە لە ناوەڕۆک و ستافی نووسەرانی، زۆر لە سروە جیاواز بوون، لە لایەک زمانی کوردی تەنیا لە بوارە ئەدەبی و فۆلکلۆرییەکەیدا سنووردار بکات (بە شێوەیەک کە تەنیا ڕێگە بە بابەتە فەرهەنگی، ئەدەبییەکان بدا بە شێوەیەکی تەواو کۆنترۆڵکراو)، و لەلایەکی دیکەوە، نیگەرانییەکانی ڕۆشنبیران و ئەدیبانی کورد و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیشی لەمەڕ ڕەچاوکردنی مافی زمانی کەم کردبێتەوە. بەڵام لەڕاستیدا، مەبەستی ئەوە بوو ئەو توێژە لەو هێزە سیاسییانەی هەوڵی مسۆگەرکردنی مافی نەتەوەیی کوردییان بەشێوەیەکی سیاسی دەدا، دوور بخاتەوە، یان هەر نەبێت ئەم بابەتە لە ئاستێکی فەرهەنگیی کاناڵیزەکراودا کۆنترۆڵ بکات."(سورخی،٢٠١٦) هەڵبەت ئەمە بەو مانایەش نییە کە لە شێعر یان ئەدەبدا بەرگری نییە، یان لێرەیشدا ڕەوتەکە تەواو بەو ئاراستەیە ڕۆیشتووە کە دەسەڵاتی ناوەندی بە شێوەیەکی "هێژێمۆنی" مەبەستی بووە، چونکە هێژێمۆنیش بەرگری و مقاومەتی بەرامبەر دروست بووە و کورد و ئەدیبانی کورد تا ڕادەیەک ئەم هەلەیان قۆستۆتەوە. ئامانجی سیاسەتی ڕێگەپێدانی بوونی چاپەمەنیی کۆنتڕۆڵکراوی کوردی لە بنەچەدا وڵامدانەوەیەکی لانیکەمی بە داوا و چاوەڕوانییە نەتەوەیی و کولتوورییەکانی خەڵک و، لە ئاکامدا دوور خستنەوەیان لە حیزب و ڕێکخراوە کوردەکانی بەرهەڵستکاری کۆماری ئیسلامیییە، نەک سیاسەتێکی زمانیی دێموکراتیک و سەردەمیانە. هەربۆیە لە پەنا ئەم سیاسەتە ڕواڵەتی و فریوکارانەیەدا، دژایەتیکردن لەگەڵ بە فەرمی ناسین و برەوپێدرانی زمانەکە لە ئاست و بواری جیاوازدا، بە زۆر شێوە درێژەی هەبووە. ئەم جۆرە سیاسەتە "لەسەر زمانی کوردی و زمانی نەتەوەکانی دیکەیش، تەواو بێ‌کاریگەری نەبووە. ئەم تەسک‌کردنەوەی زمان، بەدوور لە پێویستییە کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمی قسەپێکەرانی زمانەکە، بووە هۆی ئەوەی کە فەرهەنگی زاراوەی کەم (بەتایبەتی لە ئاستی زارەوە زانستی و تەکنیکییەکان)، کە لەسەر ڕەچەڵەکی فەرهەنگی کشتوکاڵی دامەزراوە، جیاوازییە ناوچەییەکان، نفووزی بەهێزی زارە ناوچەیییەکان، یاسای ڕێزمانی نەمیو (نەنووسرانەوەی بە شێوەی ڕێزمانێکی ستاندارد)، ببنە تایبەتمەندیی ئێستای زمانی کوردی لەم سەدەیەدا." (سەرچاوەی پێشوو) جۆری هەڵسوکەوتی کاربەدەستان لەگەڵ بەکارهێنانی زمان و دیالێکتە جیاوازەکان لە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی پارێزگا و ناوچەکانی نەتەوە بندەستەکانی ئێراندا، جێگای تێڕامانە. بەرنامەڕێژیی ئەو دەزگایانە بۆ بڵاوبوونەوەی بەرنامە بە زمانی کوردی ئەو بۆچوونە دەسەلمێنێ کە لە ناوەندەوە ئەرکدار کراون، هۆشیان بە سیاسەتی تاک‌زمانیی ئێرانەوە هەبێ. بەو واتایە کە جۆرێک نەجووڵێنەوە کە خزمەتی یەکگرتوویی زمانە نافارسیەکە و بەهێزبوونی پێگەی زمانەکە لای ئاخێوەرانی بکەن و بەم جۆرە، داهاتووی سیاسەتی تاک‌زمانی لە ئێران بخەنە مەترسییەوە. "حکومەت لە ناوەندی پارێزگاکان تەلەویزیۆنی بە زمانی کوردی کردۆتەوە، بەڵام ئەم تەلەویزیۆنانە نەک خەڵک فێری زمانی کوردی ناکەن بەڵکوو جۆرێک لە زمانی کوردی پەرە پێ دەدەن کە پڕیان کردووە لە وشەی فارسی، بە جۆرێک کەسێکی فارسی‌زمان کە هیچ لە کوردییش نەزانێ بەبێ کێشە لەو زمانە کوردییەی تەلەویزیۆن و میدیا کوردییەکانی حکومەتی ئێران تێدەگات. بینەرێکی فارس زمان کە کوردی نازانێت ... کاتێک بەڕێکەوت سەیری کەناڵەکانی سنە و کرماشان و ئیلام دەکات بەبێ هیچ کێشەیەک هەمووی تێدەگات، چونکە هەموو وشەکانیان فارسین بەڵام وشە فارسییەکان بە شێوەی کوردی دەخوێننەوە." (پەیسەرپرێس، ٢٠١٧) هاندان و وەخەبەرهێنانی هەستی ناوچەگەرێتی و زاراوەگەرێتی لەنێو ئاخێوەرانی زمانی کوردی و زمانە نافارسییەکانی دیکە، ڕێگەیەکە بۆ بەئامانجگرتنی یەکگرتوویی و هاوپێوەندیی نێوان تاکەکانی ئەو نەتەوانە و لاوازکردنی. کاربەدەستان بەم ڕێگایە دەیانەوێ پێش بە پێکهاتنی زمانی ستاندارد لەنێویاندا بگرن، یا ئەگەر وەک نەتەوەی کورد خاوەنی زمانی یەکگرتوو و ستانداردن، لە دەوری ئەو زمانە ستانداردە کۆ نەبنەوە. ئەوەش لە کاتێک‌دایە کە  فەرهەنگستان و دامەزراوەکانی دیکەی پاراستن و خزمەتی زمانی فارسی، بڕیار و ڕێوشوێنی تایبەت لە پێناوی باڵادەستیی زمانی "معیار"ی فارسی پەسند دەکەن. "حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٥ی دەستوور پڕۆژەیەکی ئامادە کردووە کە بەپێی ئەم پڕۆژەیە هەر ناوچەیەک و گەڕەکێک و گوندێک بە بن‌زاراوەی خۆیان بخوێنن، بۆ نموونە لە شارێکی وەک سەقز کە چوار ناوچەی جیاوازی گەورک و تیلەکۆ و موکریان و سەرشیوی هەیە و هەرکام لەو ناوچانە بن‌زاراوەیەکی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەپێی پڕۆژەکەی حکومەت لە سەقز بە چوار بن‌زاراوەی جیاواز ڕێگە دەدرێ منداڵان فێری زمانی کوردی بکرێن. ئەم پلانەی حکومەت مەترسییە بۆ سەر زمانی کوردی. ئەگەر مەبەستی حکوومەت گرنگیدان بە بن‌زاراوەکانە بۆچی ڕێگە نادات لە ناوچە فارسەکانیش خەڵک لە هەر ناوچەیەک بە بن‌زاراوەی خۆیان بخوێنن؟" (شەجیعی، سەرچاوەی پێشوو) بەدگومانی لە پێوەندی لەگەڵ ئەو دەرەتانە سنووردارانە کە لە چوارچیوەی سیاسەتی زمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بۆ زمانە نافارسییەکان، یەک لەوان زمانی کوردی پێک‌هاتوون، لایەن و ڕەهەندی جۆراجۆری هەیە. تەنانەت لە ئاستی کەسانی ئاکادیمی و شارەزای زمانی کوردیدا، جۆری هەڵسوکەوتی دامودەزگاکانی سەر بە حکوومەت  لە گەڵ ئەو زمانانە، نیشانەی پرسیاریان خراوەتە سەر و بە " زمانکوژی" ناودێر کراون. دابەزاندنی سەنگی ئەو زمانانە تا ڕادەی زمانێکی بێ‌پێز و نەگونجاو بۆ کاری ئەدەبی و زانستیی سەردەم، وەک یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو سیاسەتە زمانییە سەیری دەکرێ." تەلەڤیزیۆنە کوردییەکانی کۆماری ئیسلامی ئاستی زمانی کوردییان دابەزاندووە و لە بەرنامەکانیاندا کولتووری کوردی وەک کولتوورێکی دواکەوتوو نیشان دەدەن، ...تەلەڤیزیۆنی ئیلام لە بەرنامەکانیدا بن‌زاراوەیەکی ئیلامی تێکەڵ بە زمانی فارسی دەکات و بەم شێوەیە ئەم کەناڵە هەوڵی تێکدان و لاوازکردنی زمانی کوردی دەدات." (بازئەفکەن، سەرچاوەی پێشوو) لە حاڵیکدا ڕێنووسی زمانی کوردی بە ئەلفوبێی ئارامی لە ڕێنووسی فارسی و نووسینی ئەو زمانە بە ئەلفوبێی ئارامی زۆر بێ‌کێشەترە و، لەم بارەیەوە زمانی کوردی ڕێنووسێکی سەقامگیری هەیە، لە تەلەڤیزیۆنە کوردییەکانی ئێراندا بەئانقەست کوردی بە ڕێنووسی فارسی دەنووسن! هۆگران و شارەزایانی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێیان‌وایە ئەمجۆرە هەوڵانە بەڕێکەوت نین. بەڵکوو هەوڵێکن بۆ تێکدان و بەلاڕێدا بردنی زمانی کوردی. ئەوان لەو باوەڕەدان هەندێک ناوەندی ئەمنییەتی لە پشت ئەم جۆرە هەوڵانەن و ئامانجیشیان تێکدان و لەخشتەبردنی زمان و ڕێنووسی کوردی و سووک‌کردنی و دوور خستنەوەی خەڵکە لە فێربوونی ئەو زمانەیە. "دوکتور بەختیار سەجادی نووسەر و شارەزای زمانی کوردی تەلەڤیزیۆنە کوردییەکانی حکومەت بە زمانکوژ ناو دەبات و دەڵێت ئەم کەناڵانە نەک کار بۆ گەشەپێدانی زمانی کوردی ناکەن بەڵکو ناوەرۆکەکەیان بریتییە لە هەندێک شتی گاڵتەجاڕانەی کە ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە ئەورووپا لە شانۆکاندا بەڕێوە دەچوو." (پەیسەر، ٢٠١٧) ڕێگری‌کردن لە دانانی ناوی کوردی و هەروەها ناوی وەرگیراو لە زمانە نافارسییەکانی دیکە  لەسەر کەلوپەلی بەرهەمهێنراو یا لەسەر ناوی دوکان و پاساژ و شوێنی جۆراوجۆری دیکە، تەنانەت کۆسپ دروست‌کردن لە بەردەم دانانی زۆرێک لەو جۆرە ناوانە لەسەر منداڵان، ڕوویەکی دیکەی ئەو دژایەتییەی دەسەڵاتداران لە گەڵ برەوپەیداکردنی وشەی ئەو زمانانە و پەل‌هاویشتنیان بۆ چاپەمەنی و ڕاگەیەنە سەرانسەرییەکانی ئێرانە. لەکاتێکدا لە دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی و بە ویستی ڕێبەران و کاربەدەستانی ئەو دەسەڵاتە، بە هەزاران وشە و دەستەواژەی دیکە لە زمانی عەرەبییەوە هاتوونە نێو زمانی فارسی، وەرگرتنی وشە لە زمانەکانی کوردی، بلووچی و لوڕی و هتد و دانانیان وەک ناو لەسەر شەقام و مەیدان و کۆڵان و دوکان و بنکە و ناوەندی کولتووری، دژایەتیی لەگەڵ دەکرێ و، تابڵۆی ناوەکان لە لایەن "ادارە اماکن" کۆ دەکرێتەوە. هەر وا بزانە عەڕەبی، زمانێکی ئێرانییە و، زمانەکانی کوردی، بلووچی و لوڕی، نائێرانین یا ئاخێوەرانیان ئێرانی نین. "گۆڕینی ناوی کوردیی ژمارەیەک لە گوندەکان، کانیاوەکان، کێوەکان و شوێنە مێژووییەکانی کوردستان و دانانی ناوی ناکوردی لە جێگایان، هەوڵێکی دیکەی کاربەدەستانی ئێرانە کە ئەگەر مەبەستی گۆڕین و شێواندنی دیموگرافیی ناوچە کوردستانییەکانیشی لە پشت نەبێ، سڕینەوەی بەرەبەرەی ناوە کوردییەکان و جێگیرکردنی ناوی ناکوردی لەجێی ئەوانی مەبەستە." (ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، ٢٠١٧) جەوهەر و نێوەرۆکی ڕەگەزپەرستانە و تاک‌زمانیی سیاسەتی زمانیی دەسەڵاتی ئێران ئەوکاتە بێ‌پەردەتر خۆی دەردەخا کە پرسی خوێندن بە زمانە نافارسییەکان، لەژێر گوشاری ئەو نەتەوانەدا، بەرەوڕووی مەجلیس و سەرکۆمار و دەوڵەت دەبێتەوە و لە باس و بەڵێنی هێندێک نوێنەرانی مەجلیس و بەرپرسانی دەوڵەتیدا جۆرێک نەرمی‌نواندن و ڕووی خۆش بەو داوایانە نیشان دەدرێ. لەم جۆرە کاتانەدا فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی پارسی دەبێتە پێشەنگی دژایەتی لەگەڵ ئەو جۆرە نەرمی‌نواندنانە و، وریایی دەدا بە گەورە کاربەدەستان. ئەندامانی ئەو فەرهەنگستانە ئەم جۆرە داوایە، بە "وارداتی"(لە دەرەوەی وڵاتەوە هاتوو)، مەترسی بۆ سەر زمانی فارسی و پیلان بە مەبەستی لاوازکردنی، مەترسی بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی ئێران و گەڕانەوە بۆ دواوە و ملدان بۆ دواکەوتوویی دەناسێنن: "گومانم نییە کە ئەو باسە لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ ئێران هاتوە. پێشتر ئەم مەسەلەیە لە هیندوستان لە لایەن ئینگلیزەوە تاقی کرایەوە و ئەمڕۆش ئینگلیز و وڵاتانی باکووری ئێرانن کە دەیانەوێ ئەم پرسە بخەنە نێو ئێران. باشترین ئامراز بۆ ڕاگرتنی نەتەوەیەک لە دواکەوتووییدا، کەمتەرخەمی لە ئاست زمانەکەیەتی. ئەگەر بمانەوێ زمانەکانی دایک وەک زمانی زانستی و فێرکردن بە کار بێنین، بە دڵنیاییەوە دەگەڕێێنە دواوە کە ئەمە مەسەلەیەکی مەترسیدارە و بۆنی پیلانی لێ دێت." (موجتەبایی، ٢٠١٤) "ژمارەیەک وا بیر دەکەنەوە کە هۆگری بە قەومییەتێک واتە خوێندن بە زمانی ئەو قەومە، بەڵام ئەمە بابەتێکی زۆر مەترسیدارە. ئێمە لە ئێران شانسمان هەبوو کە فیردەوسییەکی گەورە توانیوێتی بناغەیەکی مەحکەم بۆ زمانی فارسی پێک بێنێ و ئەمڕۆ ئێمە لە تەنیشت دینی ئیسلام شانازی بە وەها زمانێکەوە دەکەین." (نیساری، ٢٠١٤) پێوەری فێرکاریی فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی، زمانی پێوەر(معیار)ە. دیارە زمانی دیکەش هەن کە جێگەیان ڕوونە، بەڵام ئەوەی دەبێ پێی بخوێندرێ، زمانی فارسییە... نەکا لە کیسەی سامانە نەتەوەییەکانی وەک زمانی فارسی بۆ سەرکەوتنە کاتی و بێ‌ئاکامەکانی ئەم باڵ ئەو باڵ، خەرج بکەین." (حەدداد عادل، ٢٠١٤)   ناکامیی سیاسەتی تاک‌زمانی لە پێکانی ئامانجەکانیدا: سیاسەتی تاک‌زمانی هەر لە سەردەمی ڕەزاشاوە تا ئێستا لە خزمەت ئایدۆلۆژیای بنیاتنانی "یەک وڵات-یەک نەتەوە"دا بووە. وەدیهێنانی ئەو ئامانجەش، سڕینەوەی ناسنامەی جۆراوجۆریی نەتەوەیی و زمانی و، وەک‌یەک‌لێکردنی دانیشتووانی ئێرانی پێویست بووە. بۆ ئەوەی دانیشتوانی ئێران لە"نەتەوەی ئێران" دا قاڵ ببنەوە و، ئەو نەتەوەیەش خاوەنی یەک زمان- زمانی فارسی - بێت، تواندنەوەی زمانەکانی دیکە لە زمانی فارسیدا یا سەرکوت و لاوازکردن و پشتگوێ‌خستنیان لەپێناوی باڵادست هێشتنەوەی زمانی فارسیدا، هەر وەها بەسەرداسەپاندنی ناسنامەی نەتەوەی بە زۆر دروست‌کراوی ئێرانی بە سەریاندا، بە ئاسایی و سروشتی زانراوە. ١٠٠ ساڵی تەواوە زمانە نافارسییەکانی ئێران لە سۆنگەی ئەو ئایدۆلۆژیایە و مەزنیخوازیی نەتەوە و زمانی فارسیدا، سەرکوت دەکرێن و پشتگوێ و پەراوێز دەخرێن.  ئێران، نیشتمانێکی خاوەن زۆر جۆراوجۆریی نەتەوەیی، قەومی و زمانییە. جۆراوجۆرییەک کە زیانێکی زۆری لە ئەزموونی سەد ساڵ سیاسەتی یەکسان‌کردن دیتووە. ئێستا و بە بەراورد لەگەڵ سەد ساڵ لەوە پێش، ژمارەیەک زمان و دیالێکتی باوی ئێران بە هۆکاری جیاواز لەنێو چوون یا لەگەڵ مەترسیی لەنێوچوون بەرەوڕوون." (عەلەوی، ٢٠١٤ ) ١٠٠ ساڵە ئەوەندەی زمانی فارسی پشت‌ئەستوور بە یاسای وڵات، سیاسەتی زمانی و سەرچاوەی دارایی و ئیمکاناتی بێ‌دریغی دەسەڵات، خزمەتی دەکرێ و بواری گەشەکردن و پەرەگرتنی بۆ دەرەخسێندرێ، لەو ١٠٠ساڵەدا هەر بەو ڕادەیەش دژایەتیی زمانەکانی دیکە کراوە. خەسارناسی و بەراوردی ئەو زیانە زۆرانەی زمانە نافارسییەکان، لەسۆنگەی ئەو سەرکوتە زمانییە تووشیان هاتوە، بەدواداچوون و توێژینەوەی تایبەت و تێر و تەسەل، دەخوازێ. زمانی فارسی، وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن و وەزارەتی خوێندنی باڵا و فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبیاتی فارسی و سەدان زانکۆ و دەیان دامەزراوەی تایبەتیی دیکەی هەن کە بە شێوەیەکی بەردەوام خزمەتی دەکەن، قامووسی وشەکانی دەوڵەمەند دەکەن،  توێژەران و زمانەوانان بۆ توێژینەوەی زانست لە پێوەندی لەگەڵ بوار و ئاستە جیاوازەکانی ڕادەسپێرن، زمانەوان و کادیر و شارەزای تایبەت بۆ خزمەت‌کردن ونوێ‌کردنەوە و، مەیدانداریی زمانەکە لە ئاستی جیهانیدا پێ دەگەیەنن. بەڵام زمانە سەرکوتکراوەکان، بێجگە لە  هۆگریی ئاخێوەران بە زمانەکەیان و خزمەتی دڵسۆزانە و خۆبەخشانەی ژمارەیەکی سنووردار زمانەوان، توێژەر، فەرهەنگ‌نووس، نووسەر، وەرگێر، شاعیر و هتد، ئیمکانێکی وایان  نییە. بەو حاڵەش ئەو جۆرە کەسانە بەردەوام لەگەڵ هەڕەشەی گرتن و لێپێچینەوەی کاربەدەستان بەرەوڕوون. گرتن و ڕاوەدوونانی ڕۆشنبیران، نووسەران، زمانەوانان و چالاکانی کولتووریی نەتەوە نافارسەکان، بەتایبەتی کوردەکان و، کەند و کۆسپ دروست‌کردن بۆ مامۆستایان و فێرکارانی زمانی دایک و، ڕێگری لە تێکۆشان و خزمەتیان بە زمانەکەی خۆیان، لایەنێکی دیکەی ئەو سەرکوتە زمانییەیە کە کاربەدەستان هیچ کات لێی غافڵ  نەبوون. هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنە کولتوورییەکان لە شارەکانی کوردستان، داخستنی گۆڤار و بڵاوکراوە کوردییەکان، ڕێگری و کۆسپ سازکردن بۆ خوێندنگەکانی فێربوونی خوێندنەوە و نووسینی زمانی کوردی، بانگ‌کردنی چالاکانی بواری خزمەتی زمانی کوردی بۆ ناوەندە ئەمنیەتییەکان و دروست‌کردنی پەروەندە بۆیان بووە بە شتێکی ئاسایی. "ئەم ڕەوتە بۆ دوو پارێزگەی کرماشان و ئیلامیش پەلی هاویشتوە. بە تایبەتی دوای گەشانەوەی هەستی نەتەوەیی و ناسنامەخوازانەی خەڵک لەو دوو پارێزگایە و ناکامیی کۆماری ئیسلامی لە دنەدانی هەستی ئایینیی ئەو خەڵکە کە زۆرایەتییەکەیان شیعە مەزهەبن، ئەو گرتن و ڕاوەدوونانەی چالاکانی بواری زمان و ڕۆشنبیری زیادی کردوە. "(قورەیشی، ٢٠١٩) ئەم گوشارهێنان و بەربەست دروست‌کردنە تەنانەت گەیشتووتە شار و ناوچە کوردنشینەکانی خوراسانی باکووریش. داوای خوێندن بە زمانی دایک و بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتی بەرامبەر ستەم و سەرکوتی زمانی، لە نێو هەموو نەتەوە نافارسەکاندا لە زیادبوون‌دایە. لە گۆڤار و بڵاوکراوە و ماڵپەرەکانی چالاکانی کولتووریی سەر بەو نەتەوانەدا، هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زۆر نووسین، داواکاری، توێژینەوە، و بابەت لەبارەی سەرکوت و هەڵاواردنی زمانی بڵاو دەبنەوە. هەموو ساڵێ لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، چالاکیی جۆراوجۆر بە تایبەتی لە زانکۆکانی وڵاتدا، لە لایەن مامۆستایان، خوێندکاران، نووسەران و تێکۆشەرانی دیکەی بواری کولتووریی ئەو نەتەوانە وەڕێ دەخرێن کە نێوەرۆک و پەیامی سەرجەمیان ناڕەزایەتی‌دەربڕین لە سیاسەتی زمانیی کۆماری ئیسلامی و پێداگرتنەوە لەسەر مافە زمانییەکانی خۆیانە. بزووتنەوەی داوای بە فەرمی ناسینی زمانە نافارسییەکان و مافی خوێندن بەو زمانانە، بە ڕادەیەک پەرەی گرتوە کە بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی سەرکۆماری و مەجلیسی ئێران، بۆ کۆکردنەوەی دەنگ لە نێو نەتەوە نافارسەکان، ئاوڕ لەو داواکارییانە دەدەنەوە و بەڵێن دەدەن ئەگەر لە هەڵبژاردن سەربکەون، بۆ جێبەجێ‌کردنیان تێ بکۆشن. بەڵام هەتا ئێستاش سیاسەتی زمانیی ئێران هەروا نەگۆڕ ماوەتەوە و کەمترین ئامادەیی بۆ چاوپێداخشاندنەوەی لە دەسەڵاتی ئێراندا بەدی ناکرێ. ئەمەش وای کردوە، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر "هەستی خۆ بە ئێرانی‌زانین"ی نەتەوە نافارسەکان هەبێ و "ئێرانیبوون"ی خۆیان لەگەڵ بێبەشی لە مافە زمانییەکانیان و سەرکوت و سڕانەوەی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بە یەکسان بزانن. *** تێبینی: - ئەم بابەتە، تەوەرێکە لە توێژینەوەیەکی سەربەخۆ کە لە بەر سنوورداربوونی لاپەرەکانی "کوردستان" تەنیا ئەم تەوەرەیمان بڵاو کردەوە. - لیستی سەرچاوەکان لە ئەرشیڤی "کوردستان"دا پارێزراون.