کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی ژمارەیەک لە ڕێکخراو و سەندیکاکانی ئێران بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران

12:34 - 12 بانەمەڕ 2724

هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی کرێکاران ژمارەیەک ڕێکخراو و سەندیکا لە ناڕەزایەتی بە دۆخی خراپی خەڵک و سیاسەتی دژە کرێکارانەی کۆماری ئیسلامی چەند بەیاننامەیەکیان دەرکرد و خوازیاری یەکگرتوویی زیاتر و ڕێکخستنی ئەنجومەنەکانی کرێکاران بوون تاکوو بە هاوکاریی یەکتر لەم دۆخە خراپەی ئێستادا، ئالوگۆڕ پێک بێنن.

سەندیکای ئازادی کرێکارانی ئێران بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکارانەوە لە بەیاننامەیەکدا و بە ئاماژەدان بە تێپەڕکردنی نزیک بە ٢ ساڵ لە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و سەرکوتی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕایگەیاندووە: "ژنان و کۆمەڵانی زوڵملێکراوی ئێران بە تێکشکاندنی شێوازە هزرییەکانی حکوومەت، دوو جەمسەرییەکی سیاسییان لە وڵات لە نێوان حکوومەت و خەڵک داڕشتووە و بنیات ناوە کە ناتوانێت لەگەڵ میناکە هزرییەکانی حکوومەت ڕێک بکەوێت".

بەیاننامەکە زیادی کردووە کە لەلایەکی ئەم جەمسەرە کۆماری ئیسلامی بە هەموو دامودەزگا سەرکوتکەرانەکەی و شوناسە نامرۆڤانەکەی وەستاوە و لەلایەکی دیکەوە ژنان و زۆرینەی خەڵکی ئازادیخواز و یەکسان یخواز ڕاوەستاون کە بنەما ئیدۆلۆژیکەکان و نێوەڕۆکی دەسەڵات ڕەت دەکاتەوە.

سەندیکای ئازادی کرێکارانی ئێران باسی لەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی لە هەوڵدایە تا بە سەرکێشییە سەربازییەکانی لە ناوچەکە و تۆقاندنی خەڵک بە حوکمە نادادپەروەرانەکەی و توندوتیژییە دڕندانەکانی بەرامبەر بە ژنان لە نێوخۆ، دۆخی لاوازی خۆی لە هەمبەر خەڵکی ئازادیخواز ڕابگرێت.

هەروەها سەندیکای کرێکارانی "شیرکەتی ئوتووبووسڕانیی تاران و دەورووبەر" لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە کێشەی کرێکاران هێناویەتی "تێچووە خەیاڵییەکانی خانوو، هەڵاوسان و گرانیی لە ڕادەبەدەر دۆخێکی بەرگەنەگری بۆ سەر بەشێکی زۆری کۆمەڵگای کرێکاران دروست کردووە".

ئەم سەندیکا لە بەیاننامەکەیدا زیادی کردووە کە "کەڵکوەرگرتنی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی وەک ئامرازێک لەم ڕۆژە لە شوێنێکی کۆنترۆڵكراو و میوانداریکردن لە کەسانی سەر بە خۆیان و پێشکەشکردنی سپاسنامە و بە میدیایکردنی، تەنیا شانۆیەکی بێبایەخ و پێکەنینی بوو و ئەوەش ناتوانێت هیچ کرێکارێک فریو بدات".

جێی ئاماژەیە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا و بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکارانەوە میدیاکانی ڕێژیم چەند کۆڕ و کۆبوونەوە لە عەلی خامنەیی و ئیبراهیم ڕەئیسی و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای ڕێژیمیان لەگەڵ کرێکاران و بە ناوی پشتیوانیکردن لە کرێکاران، بڵاو کردبووەوە.

هەروەها چوار ڕێکخراوی کرێکاری و خانەنشینکراوان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بە ئاماژەدان بە زاڵبوونی سیستەمی سەرمایەداریی ئیسلامی ڕایانگەیاندووە کە ئاکامی وەها سیستەمێک بەردوامبوونی هەژاری و چارەڕەشیی کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەروەها هەڵاوسان و نەمانی هێزی کڕینی بنەماڵەکان و سەرکوتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و دێموکراتیکی ژنان، مامۆستایان، خانەنشینکراوان، هونەرمەندان و لاوان و خوێندکارانە.

چوار سەندیکای "کرێکارانی نەیشەکەری حەفت تەپە"، گرووپی سەندیکای خانەنشینکراوان، کۆمیتەی هاواهەنگی بۆ دروستبوونی ڕێکخراوە کرێکارییەکان و کرێکارانی خانەنشینکراوی خووزستان لە بەیاننامە هاوبەشەکەیاندا لەسەر بەردەوامبوونی خەباتی چینی کرێکاران لە هەر بارودۆخێکدا بۆ گەیشتن بە داواکارییە سیاسی و ئابوورییەکانیان جەختیان کردووەتەوە و هەروەها زیادیان کردووە کە تەنیا خەباتکردن بۆ گەیشتن بەم مافانە بەس نییە و دەبێت لایەنگریی سیاسی، ئابووریی کرێکارانی بەدواوە بێت.