کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی ڕێژیم لە دەست خەڵک و ئۆپۆزیسیۆن‌دا

22:26 - 15 بەفرانبار 2721

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سۆنگەی کەڵەکەبوونی ئەو قەیرانگەلەی کە ڕەنگبێ هەرکام لەوان بەتەنیا و بەجیا بۆ ڕووخانی هەر ڕێژیمێکی دێموکرات بەس بن، لەمێژساڵە باسی نەمان و داڕمانی دەکرێ. ئەوەش کە لە دانوستانەکانی ئەم دواییانەی ڤییەن بۆ بووژانەوەی بەرجامدا و بەهۆی پشت‌بەردانی مۆسکۆ و پێکەن و لەژێر گوشاری هاوتەریبی ئەم دوو وڵاتەدا ئامادە بووە نەوی بنوێنێ و پاشەکەشە -"نەرمشی پاڵەوانانە"- گەورەکە بکا، دیسان ئەم گریمانەیەی بەهێز کردۆتەوە کە ئاخۆ لە کاتی هەرەسهێنانی ڕێژیم نیزیک بووینەتەوە؟ پرسیارەکان ڕوونن: تۆ بڵێی بە نەوی‌کێشانی کۆماری ئیسلامی و دەست‌بەردانی ڕێژیم لە بەرزەفڕییە ئەتومییەکەی کێشەی لێک‌ترازانی کۆمەڵایەتی، گەندەڵیی ئەخلاقی و حکوومەتی، قەیرانی ئابووریی تێک‌تەپیوی وڵات، هەژاری و بێکاری و تەمابراوی و دەیان قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵک چارەسەر بن و پارێزبەندییک بۆ ڕێژیم دەستەبەر بێ؟ تۆ بڵێی لە بنەڕەت‌ڕا ڕێژیم بەمجۆرە دەست بەر دەداتەوە؟ ئاخۆ خامنەیی بوێریی خومەینیی بۆ هەڵدانی جامە ژارەکە هەیە و ڕێبەری ئێستای ڕێژیم لەو ئێعتبار و حەیسییەتە مێژووییە و باوەڕمەندییەی لە شەڕفرۆشی و دژایەتی‌کردنی ئەمریکا بۆ خۆی دەستەبەری کردووە، دەست هەڵدەگرێ؟ ئەدی چی لەگەڵ بیروڕای گشتیی وڵات دەکا کە بەردەوام بەرجام و سازان لەگەڵ دنیای دەرەوە لەسەر "بایەخە شۆڕشگێڕی"ـیەکانی نیزامیان بە خەیانەتێکی گەورە دانابوو؟ پاشان ڕێژیمێک کە لە سیاسەتی دەرەکیی خۆیدا واز لە بۆمبی ئەتوم و مووشەکی بالستیک بێنێ، ڕێژیمێک کە قووت و بژیوی میلیشیا و گرووپە تێرۆریستییە گوێ‌لەمستەکانی خۆی لە ناوچەدا ببڕێ، ڕێژیمێک کە خەونی هیلالی شیعەکەی وەلا بنێ و بیەوێ بەشێک لە ئەمنییەت و سەقامگیریی دنیا بێ، دەتوانێ ئەم کۆماری ئیسلامییەی ئێستا بێت؟ دواجار ئاخۆ ئەم ڕێژیمە پاشەکشە و نەرمی‌نواندنەکانی بەنیسبەت جووڵانەوە ئیعترازییەکانی نێوخۆی وڵات چەندە و چۆن دەبێ؟ ئەوە ڕاستە کە گوشاری دۆخەکە و قورسایی سزاکانی سەر ئێران خامنەیی و ڕێبەرانی دیکەی ڕێژیمی ناچار بۆ ملدان و گەڕانەوە بۆ بەرجام کردووە، بەڵام ڕوونە کە پێچەوانەی پێش‌مەرجەکانی کۆماری ئیسلامی نە گەرەنتیی لابردنی هەموو سزاکانی سەر ڕێژیمیان دەدرێتێ و نە بایدەن دەتوانێ گەرەنتیی مانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکەیان لە داهاتوودا بکا. تەنانەت ئەگەر بەشێک لەو سزاگەلەش لەسەر ئێران سووک ببێ، لە ئەگەری سەرکەوتنی کۆماریخوازەکان لە هەڵبژاردنەکانی نۆڤەمبری ٢٠٢٢ و دەسخستنی زۆرایەتیی کۆنگرە بیانەوێ هەمان سزاکان بە پەسندکردنی یاسا بخەنەوە سەر ئێران. دیارە سروشتییە کە قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە هەر وڵاتێکی نادێموکراتکدا ئەگەرچی ڕەواییەتی ڕێژیمی سیاسیی ئەو وڵاتە دەبەنە ژێر پرسیار و هەم خەڵک و هەم دەسەڵات بەرەوڕووی یەکتر دەکەنەوە، بەڵام مەرج نییە ببنە هۆکاری ڕووخانی حکوومەت، چونکی دەسەڵاتی سیاسی ئامراز و میکانیزمی زۆری بۆ پاراستنی هێزی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا شک دەبا کە توندوتیژی و سەرکوتی خوێناوی لە پێش هەموویانەوە دێ. لە ئەمریکای لاتین، ئەفریقا، ئاسیا و ئورووپای ڕۆژهەڵاتیش زۆر وڵات هەبوون بە هێڵی لێک‌ترازانی کۆمەڵایەتی و هەڵوەشانی ئابووریدا تێ‌پەڕیون، بەڵام حکوومەتەکانیان بەهۆی لەدەستدابوونی توانای پڕوپاگەندە و هێزی سەرکوت خۆیان لەبەردەم ئەو لافاوانەدا ڕاگرتووە. بەڵام لێرەشدا پرسیارێکی جەوهەری هەیە کە ئەویش فاکتەری "کات"ە، بەو مانایە هەتا کەی؟ کۆماری ئیسلامی نە لە ڕووی سیاسی و شەرعییەتی دەسەڵاتەوە سەرچاوەی هێزە لە نێوخۆ و نە لە دەرەوەی وڵات. لە ئیستا سەرچاوەکانی هێزی ڕێژیم لە عێڕاق، لوبنان، سووریە و ئەفغانستانیش لە کەمییان داوە. لە ڕووی ئابوورییشەوە حکوومەت توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی نییە و بۆیە دەیەوێ بە لابردنی دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنی لە بودجەی ساڵی داهاتوودا کەمێک لەو بارگرانییە لەسەر شانی خۆی سووک بکا، بەڵام جێبەجێ‌کردنی ئەو بڕیارەش هیندە ئاسان نییە و لەوانەیە سەرهەڵدانی جەماوەری و ناڕەزایەتیی گشتییەوە –کە ئەگەرچی بەتوندی سەرکوت دەکرێ- تێچووی زۆر و قورسی دیکەی بۆ ڕێژیم هەبێ. کۆماری ئیسلامی بۆ گەرەنتیی دەسەڵاتەکەی پێویستیی بە ئاشتەوایی نیشتمانی و پڕکردنەوەی کەلێنی خەڵک و حکوومەتە، ئەوەش بە سەرنجدان بە نێوەرۆکی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی و جیابوونی بەرژوەندییەکانی خەڵک و حکوومەت مەحاڵە. جا ئێستا لە کاتێکدا کە ڕێبەری ڕێژیم بازنەی دەسەڵاتی پتر لە هەموو کاتێک تەنگتر و تەنگەبەرتر کردۆتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادە بووە پێچەوانەی چوار دەیەی ڕابردوو -کە قەت ناوکی سەرەکیی دەسەڵات بەرپرسایەتیی سەرەکیی وڵاتی وەئەستۆ نەگرتووە و هەموو کاتێک دەوڵەت و سەرۆک‌کۆمارەکانی کردووەتە قەڵغان- مهەندیسیی هێنانەسەرکاری دەوڵەتێکی تەواو یەک‌دەست لەگەڵ خۆی بکا؛ لە کاتێکدا کە ناتوانی بە سەر گەندەڵیی سیستماتیکی حکوومەت و کاربەدەستانی لە هەموو جومگەکانی بانکی، دەوڵەتی، سەربازی و بەڕێوەبەرایەتیدا زاڵ ببێ؛ و لەکاتێکدا گۆڕانکارییە ناوچەییەکان نەک لە بەرژەوەندیی ڕێژیم بەڵکوو لەدژی ئەوان شکاونەتەوە و لە سنوورە جوغرافیاییەکانیدا پتر لە هەموو کاتێکدا هەست بە نائەمنی دەکا؛ و لەکاتێدا کە مانگرتن و بزووتنەوە ئێعترازییەکان دوای سەرکوتی خوێناویی ٩٨یش دانەمرکاون و هەر ڕۆژە لە شوێنێکی وڵات سەر وەدەر دەنێن؛ سروشتییە لەو بارودۆخەدا بیر و زەینەکان پتر بۆ لای ڕووخان و هەرەسهێنانی ڕێژیم بچێ. ئەوەی تا ئێستا ئەو دۆخەی وەپاش داوە، نەبوونی ئامادەیی بەکردەوەی ئۆپۆزیسیۆن بۆ گرتنەئەستۆی بەرپرسایەتیی ئەو تێپەڕینە لە کۆماری ئیسلامی بووە. بۆیە ئەوەی بۆ ڕێژیم دەمێنێتەوە کەمکردنەوەی گرژییەکانە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەو تەمایەی ئاهێکیان بێتەوە بەر و تەمای هەستانەوەیەکی دییان لێی هەبێ، بەڵام ئەمەش دادیان نادا. ئێران لە دۆخێکی بۆنبەست و داخراوی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری‌دایە. نە هیچ هێزێکی سیاسی لە نێوخۆ دەتوانێ ئەو دۆخە بگۆڕێ و نە درێژەدانی ئەو بارودۆخەش ڕێی تی‌دەچێ، ئەوەی ڕێژیم بۆ مانەوەی پشتی پێ بەستووە تەنیا لە یەک‌دەست‌کردنی پتری بازنەی دەسەڵات و لە بەهێزیی سەرکوتدا خۆی دەبینێتەوە. ڕێژیم باش دەزانێ کە قین و گڕکانی پەنگ‌خواردووی خەڵک وەک عەمباری باڕووت چاوەڕێی یەک تریشقەیە و دەزانێ هەرچەشنە نەوی‌کێشان و پاشەکشە لە بەرامبەر خەڵکدا دەتوانێ تەقینەوەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتیی لێ بکەوێتەوە کە تەخت و بەختیان ئاوەژوو بکاتەوە. بۆیەشە پێی‌وایە بە سەرکوتی توندوتیژ و بێ‌بەزییانەی ناڕەزایەتییە بچووک و پەرش‌وبڵاوەکان دەتوانێ ڕێ لە هەڵبوونی خەڵک بگرێ. بەڵام بەدڵنیاییەوە لەهەمبەر سەرهەڵدانی میلیۆنی و سەرانسەریدا دەستەوەستان دەبێ، هەڵبەت ئەوەش بەندە بەوەی کە چەندە ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم دەتوانێ بە زاڵبوون بە سەر نەخۆشی و کەمایسییەکانیدا خۆی لە بەرگی جێگرەوەیەکدا دەر بخا و ڕێبەریی ناڕەزایەتییە گشتییەکانی وڵات و تێپەڕین لە قۆناغی کۆماری ئیسلامی بگرێتە دەست.